سەرۆکی هەرێم لە ئەنجوومەنی ئاسایش بوو

‌د.ئاراس عەبدولکەریم

یەکێک لە کێشە سەرەکیەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و زلهێزەکان -بە تایبەت وڵاتانی ڕۆژئاوا- لە عیراقدا بە گشتی، نەبوونی دەستەبژێرێکی سیاسیی نیشتمانییە کە جێگەی ئومێدبوون بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاشتی و دیموکراسی لە عیراقی دوای سەددامدا، لانیکەم دەستەبژێرێک کە بتوانن یان نیەتی جدییان هەبێت بۆ چارەسەری کێشە نێوخۆییەکانی عیراق لە دەرەوەی ئەجێندا و ئامانجی هەرێمی و نێودەوڵەتی. بۆیە بژارەی دووەمیان هەر دەبێ ئومێدهەڵچنینیان بێت لەسەر هەر سەرکردەیەک -وەک تاک- کە خاوەن نەهج و گوتارێکی ڕاشکاو بێت بەو ئاڕاستەیە؛ تا ئێستا و بە پێی ڕاپۆرت و لێدوانەکانی٠(جێنین هێنیس بلاسخارت)ی نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان ئومێدێک کە هەبێت بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەت، سەرۆکی هەرێمە. ئەمە بە ڕوونی لە ڕاپۆرتەکەی ڕۆژی ١٨ی ئەم مانگەدا ئاماژەی پێدابوو کە پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانی کرد.

ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، وێڕای ئەوەی ناوەندێکی گرنگی بڕیاردانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ناوەندی گوتاری سیاسی و هەڵوێستی ڕاشکاوانەی وڵاتان و نەتەوەیەکگرتووەکان خۆشیەتی. بلاسخارت بەوە ناسراوە کە لە دەربڕین و لێدوانەکانیدا تەواو ڕاشکاوە و بەدەر لە موجامەلەکردنە، ئیدی بۆ بەرامبەرەکانی ئەو لێدوانەی ئەرێنی بێت یان نا.

بۆیە کاتێک بلاسخارت لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت "هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکی هەرێم بۆ گێڕانەوەی لایەنەکان بۆ مێزی گفتوگۆ و کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، هەواڵی خۆشی بەدوای خۆیدا هێنا..". بایەخێکی جدیتری هەیە لەوەی هەر سایسەتوانێکی دیکە ئەو قسەیە بکات.

ڕاستە ئەگەر بلاسخارتیش لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەو ڕۆڵەی سەرۆکی هەرێم نەکردایە، هیچی لە ڕۆڵی کاریگەری سەرۆک نەدەگۆڕی بۆ چارەسەری ئەو کێشە ناوخۆییەی هەرێم، لەبەر ئەوەی زۆر بە سانایی ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و نکووڵی لێ ناکرێت؛ بەڵام ئاماژەدانی بلاسخارت بە ڕۆڵ و کاریگەریی سەرۆکی هەرێم لەو لایەنە هەستیارەوە کە بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانانیش گرنگە، بە مانای تەفسیرکردنی گوتار و نەهجی سیاسیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە وەک نوێنەری شەرعیی گەلی کوردستان. ئامادەبوونی ئەم گوتار و نەهجە خوازراوەی سەرۆکی هەرێم بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش ونەتەوەیەکگرتووەکانیش جێگەی بایەخە و بۆ ئەوان یەکێکە لەو دەروازە گرنگانەی بۆ چارەسەری کێشە زۆر و ئاڵۆزەکانی عیراق پێویستیان پێیەتی، ئەمەش بە مانای بایەخی گوتار و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان دێت لای نەتەوەیەکگرتووەکان و گەمەکەرە سەرەکیە نێودەوڵەتیەکان و دەرئەنجامەکەشی.

بۆیە بە ڕاستی نەهجی سەرۆکی هەرێم و گوتار و کاری بەردەوامی کە لە ئاستی هەرێم و عیراقیشدا وەک ئومێدێک بۆ چارەسەر و ئاشتەوایی لێی دەڕوانرێت، بە دیوی دەرەوە و لە ائستی نێودەوڵەتیدا دەستەبەری ئەو ئامانجە گرنگەی هەرێمی کوردستان دەکات، کە بوونی ئەم هەرێمە و بەهێزبوونی لە سایەی نەهجێکی لەم چەشنەدا مەبەست و ئامانجێکی گرنگی نێودەوڵەتیش بێت؛ ئەمەش بۆ خۆی نهێنیی ئەو تەڵەسمەی نێو (هێزی نەرم)ی دیبلۆماسی و نەهجی کردنەوەی گرێکانە کە هەرگیز بە گوتاری ڕەق و توند و هەڵوێستی شکاندن و بەئەهریمەنکردنی ئەوی دی و جیهانبینیی یان ڕەش یان سپی بەدی نایەت.

ئەم نەهجەی سەرۆکی هەرێم شایانی پشتیوانیی بەهێزی لایەنەکان و دەستەبژێرەکانی کوردستانە بەر لە هەر لایەن و گرووپێکی دی، چونکە بە ڕاستی یەکێکە لەو ئامرازە گرنگ و کەمانەی کە هێزمان دەداتێ و پێگەی هەرێمەکەمان بەهێز دەکات و مانەوەمان دەکاتە پێویستییەکی گەورەی ئەوانی دی نەک بە تەنها خۆمان.

بە تایبەت کە لە دۆخێکداین دەرفەتەکان و ئاڵنگارییەکان لە شەڕی دەستەویەخەدان، لەو نێوەندەدا لە دەستدانی بچووکترین دەرفەت، کردنەوەی دەرگایە بە ڕووی هەڕەشەی جدییەوە، هەڕەشە لەم لایەن و ئەو گرووپ نا، بەڵکو هەڕەشە لە هەموومان بە خۆمان و خاک و ئاییندەمانەوە.


PM:08:26:19/05/2023

ئه‌م بابه‌ته 1220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی