رونكردنەوەیەكی ناچاری لەبارەی تاپۆكردنی گردی زەرگەتەوە

‌سەڵاح ڕەشید

چەند دێرێکی ناچاری

سڵاو هاورێیان..
دوای رونکردنەوە رابوردو هەندێ هاورێ و دۆست پەیوەندیان کرد، کە بەندە ناهەقیەکم کردوە دەربارەی کاتی تاپۆ کردنی گردی زەرگەتە لەسەر کورانی کاک نەوشیروان، ئەو تاپۆ کردنە دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان رویداوە، بۆ زیاتر رونکردنەوە و کۆتایی بەم بابەتە، بە پێویستم زانی ئەم چەند دێرە بنوسین:

1. وەک لە کتێبەکەدا نوسیومە و بروای تەواوم پێی هەیە، کە کاک نەوشیروان کەسایەتیەکی گەورەی گەلەکەمان بوە، لە زۆر بواردا شۆرە سوار بوە. گەورەیی ئەو و شوێنی دیاری ئەو لەناو بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستاندا، رێگا لەوە ناگرێت وەک زۆر لە سەرکردە و کەسانی دیاری ناو بزوتنەوەکە هەڵەی کردبێت، ئەو راستیە هەیە کە کاک نەوشیروان هیچ کاتێ لە هێڵە سەرەکیەکانی خەباتی رەوای کورد بە هیچ شێوەیەک لای نەداوە.

2. لە ١٤/١٢/٢٠٠٦ زەوی گردی زەرگەتە بە دوو بڕیار لەسەر کومپانیای وشە تاپۆ کراوە، لە بڕیارەکەدا هاتوە ( کومپانیای وشە، کار دەکات لە پێناوی بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری و بەرجەستەکردنی مافەکانی مرۆڤ، وە هۆشیارکردنەوە و پێشخستنی کۆمەڵگا لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و فەرهەنگی لە رێگای کەناڵە جیاجیاکانی راگەیاندن).

3.  کاتێ کاک نەوشیروان لە ژیاند بو ١٥٪  کارگەی چیمەنتۆی گاسن خرایە سەر چیا کوری ( زۆر کەس دەپرسن کاتێ پشکەکانی 
کومپانیای گاسن کە خراوەتە سەر کوری کاک نەوشیروان، ئەوە تاکە چارەسەر بوە؟ یان میکانیزم و رێگەی تر هەبو).

4.  دوای نەخوشکەوتنی کاک نەوشیروان، ویست و هەوڵێک هەبو لە مانگی دووی ٢٠١٧ گردەکە بخرێتە سەر نمای کوری ( مودیر مفەوز) ی ئەو کاتەی کومپانیای وشە کە لەو کاتەدا لە دەرەوەی کوردستان بو، ئەو کارەی جێبەجێ نەکرد، کاتێ کاک نەوشیروان گەرایەوە بۆ کوردستان و تەندروستی بەرەو خراپتر رۆشت، کارەکە ئەنجام نەدراو و دوای ئەوە دەسەڵات درا بە (مودیر مفەوز)ێکی نوێ. 

5. کاتی نەخۆشکەوتنی توندی کاک نەوشیروان لە لەندن و گەرانەوەی هەمیشەیی بۆ سلێمانی، زۆر کەم کەسی نزیکی تونیوێتی بیبینێ، دیوارێک بەدەوریدا دروستکرابو، بۆیە دیار نیە کە بڕیاری چارەنوسی  تاپۆکردنی گرد و مەسەلەی کومپانیای وشە و بزوتنەوەی گۆڕان، چۆن دراوە، کێ کاریگەری لەسەر ئەو بڕیارانە هەبوە؟ کەسانێک نیە تا ئێستا زانیاریان درکاندبێت، ئایە کاک نەوشیروان وەسێتی کردوە؟ ئەگەر کردویەتی هەقە بڵاوبکرێتەوە، لەبەر ئەوەی چەند کاک نەوشیروان باوکی منداڵەکانێتی، ئەوەندە موڵکی هاوڵاتیان و هاورێ و دۆستەکانێتی، لەبەر ئەوە ئەوانیش مافی ئەوەیان هەیە هەندێ زانیاریان دەستبکەوێت. 

6. دوای کۆچی کاک نەوشیروان و دەرهێنانی قەسامی شەرعی، هیچ رێگریەک نەما و مانگ ئەیلولی ٢٠١٧ گردەکە خرایە سەر کورەکانی. 

7. لەبەر هەر هۆیەک بوە، کاک نەوشیروان ویستویەتی تا لە ژیاندا ماوە موڵک و ماڵی لەروی یاساییەوە یەکاڵا بکرێتەوە یاخود بخرێتە سەر کورەکانی.

8. چەند خزمی نزیک و هاورێی کاک نەوشیروان باس لەوە دەکەن        ( نامەی دەنگی ئەو بەرێزانە کە دەڵێن دەنگی کاک نەوشیرانمان لایە، لای بەندە پارێزراوە) کە ( بە دەنگ و رەنگ) لایان هەیە کە کاک نەوشیروان وتویەتی " هەرچی هەیە و نیە هی بزوتنەوەی گۆڕانە".. 

ئەمە بەڵگەیەکی زۆر گرنگ و نوێیە! پرسیار ئەوەیە، بۆچی ئەم خزم و هاوڕێیانە ئەم زانیاریانەیان زوتر بڵاو نەکردۆتەوە تا کێشەی تاپۆکردنی گردەکە شێوەیەکی تر وەربگیرێت؟ ئەگەر ئەم راستیە لای بزوتنەوەی گۆڕان هەبوایە ئەوا ئاسانتر ئەتوانرا لەگەڵ کورانی کاک نەوشیروان چارەسەرێک بۆ کێشەی موڵکداری گردەکە بدۆزرێتەوە! نازانرێت ئەم برادەرانە ئەم بەڵگەیەیان بۆ کەی هەڵگرتوە؟.

9. ئەمەی ئێستا هەیە، کێشەیەکی گەورە نیە، کورانی کاک نەوشیروان، بزوتنەوەی گۆڕان و خزمە نزیکەکانی ئەتوانن چارەسەرێکی گونجاوی یاسایی عادیلانە بۆ کێشەکە بدۆزنەوە، پێویستە چیا و نما لە هەموان پەرۆشتر بن بۆ ئەوەی ئەو تەم و مژەی لەسەر گرد و تاپۆ و کۆتایی رۆژانی کاک نەوشیروان هەیە، برەوێتەوە.

10. کاتی ئەوە هاتوە، ئەم کێشەیە روناکی تەواو ببینێت، بۆ ئەوەش گرنگە هەمو ئەوانەی خۆیان بە دڵسۆزانی کاک نەوشیروان دەزانن، بەیەکەوە بەشداربن لەم کارەدا، ئەمە کێشەیەکی یاساییە، پێش ئەوەی کێشەیەکی سیاسی یان شەخسی بێت، زۆر باش دەبێت هەمو بە رۆحیەتێکی کراوەی دڵسۆزانەی بێ (تەشەنج) چارەسەری بکەن. کە بە دڵنییایەوە بە سود دەگەرێتەوە بۆ رۆحی کاک نەوشیروان و مێژوی خانەوادەکەی


PM:12:36:14/03/2023

ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی