سێ‌ سه‌رنج

‌عه‌لی باپیر

لەڕۆژانی ڕابردوودا چەند مەسەلەیەك هەبوون، بەپێویستم زانی بەكورتیی سەروقسەیان لەبارەوە بكەم، بۆ بەرچاوڕوونیی هەموولایەك بەگشتیی‌و بەرپرس‌و كاربەدەستان بەتایبەت:


یەك: پڕۆژە یاسای توندوتیژیی خێزانیی:

بێگومان هەڵەو پەڵەولادان‌و تاوان، لەبواری خێزانییدا لەسۆنگەی نەشارەزایی لە ئیسلام‌و لادان لەحوكم‌و ڕێنماییەكانیەوە، زۆرن‌و ڕوو لەتەشەنە كردنیشن، دایك‌و باب‌و ڕۆڵە (كوڕو كچ‌)، ژن‌و مێرد، خزم‌و خزم...
بەڵام بە دڵنیایی چارەسەری كێشەو گرفتەكانی خێزان، بەوە ناكرێ (وەك لە پڕۆژە یاسایەكەدا بووە) كە ژن لە مێردی هان بدرێ‌و، منداڵ (كوڕو كچ) بە گژ باب‌و دایكیاندا بكرێن‌و، دراوسێ لەسەر دراوسێ بكرێتە سیخوڕو هەواڵدەری نهێنیی (مخبر سرِّی)! بەڵكو ئەوانە زیاتر شیرازەی خێزان دەپچڕێنن‌و دەردەكە گرانتر دەكەن‌و، خەڵكی وڵاتانی دیكەش، بەرهەمی باشیان لەو بیرۆكەو هەنگاوانە نەچنیوەتەوە!
بەڵكو چارەسەری ڕیشەیی ئەو دۆخە ناهەموارەی خێزان، ‌گەڕانەوەیە بۆ قوڕئان‌و سوننەت‌و، كردنەوەیانە بەپێوەرو تەرازوو و، پەروەردەكردنەوەی تاك تاكی كۆمەڵگایەكەمان بە ژن‌و مێردو منداڵەوە، لەسەر حوكم‌و حیكمەت‌و ئەدەب‌و ڕەوشتە بەرزەكان، نەك لاساییكردنەوەی كوێرانەی بێگانەو، هەڵگەڕانەوە لە شەریعەتی دادگەرانەی خوا، كە لایەنگیریی تەنیا بەلای هەقدایە، دوور لەخوێندنەوەی میزاجییانەی هەڵقوڵاوی سروشت‌و ڕەگەزو غەریزە، خواش ڕەگەزی نیەو، خاوەنی سەرجەم دروستكراو و تێكڕای مرۆڤە نێرو مێیەكانەو، بۆ وی هەموویان یەكسانن‌و، پێوەری بەرزیی‌و نزمییشیان تەقوایە: (...إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِندَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ...) الحجرات -13-.
دەستخۆشییش لە سەرۆكی پەرلەمان‌و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان دەكەم، كە لەسەر ئەوە یەكدەنگ بوون، ڕێ بەهیچ یاسایەكی ناكۆك لەگەڵ شەریعەتدا نەدەن‌و، هیوادارم ئامادەكەران‌و ئیمزاكەرانی پڕۆژە یاسایەكەش، پەندێكی باشیان لەوە وەرگرتبێ.

دوو: كوژرانی كچە كورد ژینا ئەمینیی:

1- بەدڵنیایی كوژرانی ئەو كچە كوردە، بەهەر بیانوو و پاساوێكەوە بووبێ، ستەم‌و تاوانەو لەكەو عەیبەیە بۆ ئەو دەوڵەتە (ئێران)، چونكه هەرچەندە پۆشتەیی ئافرەت‌و سەر دا‌پۆشینی فەڕزەو،‌  سەر دانەپۆشین‌و پرچ‌و قژ بەدەرەوەبوونی حەڕامە، بەڵام لە شەریعەتدا هیچ سزایەكی دیارییكراوی دنیایی وەك ئازاردانیشی نیە، چ جای كوشتن!
2- ئەوەی لەئێران گوزەرا لەخۆپێشاندان‌و...هتد، هۆكارەكەی لەوە قووڵترەو، ئەو مەسەلەیە تەنیا دەستە چیلەو بیانوویەك بوو، ئێمەش وێڕای لەگەڵ مەزڵوومدابوون، پێویستە وردو قووڵ‌و فراوانیش هەموو ڕەهەندو لایەنەكانی ڕووداوەكان ببینین.
3-  وێڕای بە مەزڵووم دانانی ئەو كچە كوردە، دەبێ سەرجەم كچە كوردانی دیكەش بە هەموو جۆرەكانیانەوە‌، بە مەزڵووم بزانین كە بۆكاری خراپ‌و بەدڕەوشتیی بەپارەی حەڕام‌و دزراوی ژمارەیەك بەرپرس‌و دەوڵەمەندی گەندەڵ‌و پۆخەڵ، لەملاولاڕا دەهێنرێن‌و، لەهەرێمدا شیرازەی خێزان‌و ڕەوشتی گەنجەكانیان پێ تێك دەدرێ!
4- ئەوانەش كە بەبیانووی بەرگریی كردن لەو كچە كورده،‌ بەرانبەر بە ئیسلام‌و ئەدەب‌و ڕەوشتی بەرزو، پۆشاك‌و سەرپۆشی شەرعییانەو، حەیاو شەرم، دەڕشێنەوەو، بوغزوكینە دەخەنەڕوو، پێویستە وەك خۆیان بناسرێن‌و، گەنجەكانمان لەوە ژیرتر بن بكەونە ژێر كاریگەرییان‌و، بە دەهۆڵ‌و زوڕنای وان هەڵپەڕن!
سێ: وەزارەتی ئەوقاف‌و ڕێگریی كردنی لەقوڕئان‌ فێركردنی بێ مۆڵەت:

لەحاڵێكدا كە لە هەرێمەكەماندا بەردەوام كار دەكرێ لەلایەن هەندێك كەس‌و نێوەندەوە بەئاشكراو پەنهان، بۆ بنكۆڵكردنی ئیمان‌و عەقیدەو دینداریی‌و ڕەوشت‌و خێزان، لەجیاتی ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف‌و هەندێ لە دام‌و دەزگا فەڕمییەكانی هەرێم، سوپاس‌و دەستخۆشیی‌و پێزانینیان هەبێ، بۆ هەموو ئەوانەی بەشێوەیەكی خۆبەخشانەو دڵسۆزانەو بەهاوكاریی خێرخوازان، كاردەكەن بۆ خزمەتی دین‌و ژینی كۆمەڵگاكەیان‌و، لەقوڕئان‌و سوننەت شارەزاكردنی گەنجان‌و پەروەردەكردنیان، دەیانەوێ كۆسپ‌و پەرچ بخەنە‌ ڕێیان‌و، بیانووی جۆراوجۆری ڕێ لێگرتنیان پێ بگرن!

بێگومانیش ئەم نووسینەم دوای ئاگادارییمە‌ لەنووسراوەكەی (وەزارەتی ئەوقاف) بۆ (وەزارەتی نێوخۆ)و، ڕوونكردنەوەكەی دواییشیان‌، كە جۆرێك لە دژیەكیی (تناقچ)یان لەنێواندا هەیە، هیواداریشم بەرپرس‌و دام‌و دەزگایەكانی هەرێم، واز لەو جۆرە حوكمڕانیی‌و سیاسەتكردنەیان بێنن‌و، دڵنیابن كە بەوجۆرە بەردەوام بوونیان نیشانەی بەرپرسیاری زیاتریان دەكەوێتە سەرو، بۆ دنیاو دواڕۆژیان زیانی گەورە دەكەن‌و، خەڵكیش كاغەزی سپیی دەخوێننەوەو، هەوڵدان بۆ چەواشەكردنیان بێ سوودە.

هەڵبەتە ئەگەر بە بەڵگەش بسەلمێنرێ كە كەسێك‌و لایەك لە ژێر پەردەی ئیسلام‌و قوڕئان‌و خەڵك شارەزاكردندا، كاری بەدو خراپی كردوەو دەكات، پێویستە سزای پر بەپێست بدرێ، بەڵام بەو بیانووە تەشقەڵە بە خەڵكی دیكە نەكرێ‌و، پێشینان گوتەنی: (مەڕ بە پێی خۆی‌و بزن بە پێی خۆی)!


PM:04:48:27/09/2022

ئه‌م بابه‌ته 748 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی