كاك عەلی حەمە ساڵەح راست دەكات، بەلام !!!!

‌عەلی مەحمود محەمەد

موچەكەی  كاك عەلیش 17 جاری مووچەی مامە ریشەو ئەبو ڤیانە!!!
عەلی مەحمود محەمەد


لەبەر ئەوەی  12 ساڵە وەك دەستپێشخەرییەك  خۆم و هاوڕێیانم لە هەڵمەتی دادپەروەری  كارمان لەسەر ئەو دۆسیەیە كردووە، ئاراستەی رای گشتی و بڕیارەكانمان گۆڕیوە لە كوردستان، بیرۆكەكەمان  هێناوەتە كوردستانەوە، وە ئەم لیستەشمان زۆر زووتر بڵاو كردۆتەوە، بۆیە ئەم چەند  دێرە دەنووسم.

رۆژی 10  سەپتەمبەر،  وەك  هەموو رۆژەكانی دی، كاك  عەلی حەمە ساڵەح بابەتێكی بلاو كردەوە بەناوی "  لەم نادادیە تاڵە-چوار عەرەب بەوەزیرو بریكاری وەزیر خانەنشینن لە هەرێم"، لە سەردێری بابەتەكەوە دەردەكەوێت  ناوبراو بێدادیەكە تەنها لەوەوە دەبینێت ئەم كەسانە عەرەبن، ئەگەر كورد  بونایە وەك 66 كەسەكەی دی  لە وەزیرو وەكیل وەزیری خانەنشینكراو بێ ئەوەی پیشەكە ببینن بەلایەوە ئاسایی  بوو" 33 وەزیر و 37 وەكیل وەزیر"، خۆ لە پێش ئێمەش دەنگی سەربەخۆ زیاتر لە 15 ساڵ لەمەوپێش هەموو ناوەكانی بلاو كردۆتەوە، بابەتەكە كۆنە،  زۆریشی لەو 66 كەسە هاوڕێی گیانی بە گیانیی ناوبراون هەر باسیان ناكات، دەنا خۆ 4  شیوعی دیكەی كوردیش لە لیستی وەزیرو وەكیل وەزیری ناوبراو هەن، كۆی گشتی حیزبی شیوعی 20 خانەنشینی پلە بالای هەیە، تەنها ئەگەر 5  لە كوردەكان پێشمەرگە نەبوبێتن، ئەوانی دی هەندێكیان بە چاكسازییەكە موچەكەیان لەوانەیە زیادیش بكات،  بەلام  دەپرسین  بۆ خانەنشینی پلە بالا ئەگەر شیوعین؟، ئەی یەكسانی و سۆسیالزمەكەمان چی لێبكەین؟.

دەبوایە وەك سەردەمی جیهادییەكەیان رەتیان كردایەتەوە، هەموو عێراق بەدەستیانەوە بۆ لە خانوی كرێدا بارەگایان دانا، زەوی خۆیان دابەشە كرد، موچە خۆرێكیان نەبوو، موچەی باڵای ئێستایان لە پای چی؟؟،  نەك ئیخوانی داعش  و بەعسیش  بێت مافی ئەوەی هەیە  بڵێت  نابێت  لەمن  زیاتر وەربگریت، هەرچەندە كاك عەلی لەوانیش  زیاتر وەردەگرێت تەنها  بە موچەی فەرمییەكەی، رەخنەكەی ئێمە لەوەیە ئەو چوار كەسە وەك عەرەب هەڵبژێردراون، دەنا كەس  لە بلاو كردنەوەی ئەو 12  ناوە، وشەیەك وەلامیشت  بۆ نانوسێت، كە 15  ساڵە لە ماڵپەڕو پەیجەكان خۆمان لایكی دەكەین، هەرچەندە یەكێك  لەو ناوانە"12 كەسەكە" بە نموونە ئەبو شاخەوانی كریستانە كە لە دوو شۆرش و دوو پارچەی كوردستان لە 63 ەوە بۆ راپەڕین خەباتی كردووە، رێكخەری مفاوەزاتی دوای شەڕی هەندرێن  و دانەری سستەمی بێ تەلی دیموكراتی ئێران بووە، لێ  با لە هاوڕێ  پێشمەرگەكانیان دانەبڕێن  لەگەڵ  ئەوان ریز بۆ موچەكانیان بگرن.  

ئەم چوار تێكۆشەرە دەبوایە عەرەب بوونەكەیان، كریستانی بوونەكەی هەنا ئیمتیاز بووایە بۆیان، نەك نەنگی و پلە دویی، ئەو ئیمتیازە لە ئەنجامی پیاوو ژن باشی و چالاكوانی مەدەنی بوونەوە نەبووە وەریانەگرتووە، بەڵكە ئیمتیازێكە لە ئەنجامی بوون لە شاخەوە وەك كەسانی دی بەدەستیان هێناوە، كە هەندێك بەو هۆیەوە بوونە خاوەند  گرد و چاڵە نەت و شاخ و شار و كارگا، بە ناویش كەس ناوێرێت ناویان بهێنێت زمانی دەبڕنەوە، ئەمانیش  وەك  چەند  هاوحزبیەكی كاك عەلی  لەشاخ پێشمەرگە بوونە ناویان لە تەنیشت ناوی ئەوان لە لیستەكاندا ریز كراوە، و ئێستا لە پای تێكۆشانیان هەڵگری پۆست و موچەیەكی نا دادپەروەرین، كە زۆر زیاترە لە موچەی شەهیدان، موچەی كرێكاران كە بڕیار بوو پێشەنگیان بین. ساڵانی رابردوو بە نامەی  فەرمی داومان لە پەرلەمانەكەی  كاك عەلی و وەزارەتی شەهیدان و داواكاری گشتی  كرد كە موچەی  شەهیدان ببێتە ستانداری موچە لە كوردستان، هەموو موچەیەك بە موچەی  شەهیدان بپَورێت، گاڵتەیان بەو داواكارییە دەهات، بە تەوسەوە  نامەكەیان فڕێ  دەدا.

لەمەدا لە گەڵ كاك عەلیم چۆن  دەبێت  تێكۆشەرێك چەندە قوربانی دابێت لە موچەی  شەهیدان زیاتر وەربگرێت، بە تەواوی پشتیوانم، هەرچەندە موچەكەی  خودی كاك  عەلیش 17  جاری موچەی  ئەبو ڤیان و  مامە ریشەو مەلا ئاراس  و بەكر تەلانییە؟، بۆیە  موچەی  تۆو خانەنشینی  ئەبو كاروان و ئەو 4  تێكۆشەرە عەرەبەو ئەو 1450  موچە بالایەو ئەو 715  موچە بالا نا یاسییە، ئەو 33 وەزیرە خانەنشینەی  كە پیشەكانیان نەبینیووە، زۆریان تێكۆشەرن شایستەی  ناوو پێگەی زیاترن نەك موچەی بانتر وە ئەو 37 وەكیل وەزیرە بە هەنا ئیدواردی كریستانیشەوە  هەمووی نا دادپەروەرییە، نابێت كەسیش داكۆكی لە نادادپەروەری بكات نەخوازەلا شیوعی و كۆمۆنیست و چەپیش بێت، زمانی خوارە بێت بە قەولی پیرێژنان وتەنی،  ئێمە رەخنە لە ناوی پۆستەكە ناگرین كە ناوی وەزیرە، رەخنە دەبێت  لەوەندەی وەریدەگرن  بگرین، لە بڕی موچەكانیان، كە جیاوازی زۆری خولقاندووەو نا دادپەروەرییە، دەنا زۆری ئەوانە كە پۆستەكانیان نەبینیوەو بیان ویستایە دەبونە وەزیر، كە وەزیر دانەر بوون،  بۆ كاك قادری حاجی عەلی بیویستایە نابوو بە وەزیر؟، ئایا شایستەی  زیاتر نییە؟؟، دەوێریت رەخنە  لەو بگریت بۆ ناوی لەو لیستەیە؟؟ خۆ دەنا ئەو 4  تیكۆشەرە كە سیانیان  لە ژیان نەماون، یەكیان پێش  خانەنشنییەكەی بە زیاتر لە دەیەیەك كۆچی  كردووەو ئاگای لەم بەزمە هەر نییە، بەوانەی  ناو حیزبەكەی  تۆشەوە، دەیان و هەزاران جاری  تۆو  پەرلەمانتاران و وەزیرو  جێگیری وەزیرو بەڕێوەبەری گشتییە یاساییەكان ماندوو نەبوونە؟؟، دەقەی پێشمەرگایەتی بەراورد ناكرێت بە ماندوو بوونی ئەو موچە باڵایانەی وەك ئێوەن،  لێ  مەگەر ئەوان بۆ دادپەروەری نەچوونەتە شاخ؟؟، ئیتر ئەم موچەیە  لە پای  چی؟؟؟؟، بەتایبەتیش  شیوعی  بێت، فەهد و سەلام  عادیل  ساسۆن دەلال و ........  دینارێك موچەیان هەبوو؟؟؟، ئارام و ئازاد هەورامی گرد و كارگاو كارخانەیان هەبوو؟؟؟، ئەگەر بۆ خەڵكانێك نا دادپەروەریی بێت بۆ شیوعی و چەپ عەیبەشە، نەنگی و شەرمییە.

كاتێك  شیوعیەك، چەپێك  دەدەن بە تەكما بە ئۆتۆمۆبیلە گران بەهاكانیانەوە، هێندە رقم لێیان دەبێتەوە مەگەر خوا بزانێت، بە من بێت ملیان لە رەگا هەڵقەنم، كە بۆمیش  رادەگرن  سوار نابم لە گەڵیان، بەلام هەموو عەسرانێك  تۆو حیمایەو سایەق و ئۆتۆمۆبیلەكەتم دەبینی ئاسایی بوو چونكە ئیدعای یەكسانیت نەكردووە، حیزبی بۆرژوازین  شەڕ  لەسەر بەشە كەن نەك دابەشكردن.

قسور بە شیوعی و چەپەكان مەكە، هەر بیروباوەڕو ئینتمایەكت هەبێت مافی دەرخستنی راستیەكانت هەیەو بەلام لە روانگەی عەرەب بوون و ژن بوونەوە نا، بزانە ئەوە رەگەز پەرستی و فاشستییە، كە جاری دووەم كەوتویتەتە ناو هەڵەی گەورەترەوە لە جاری پێشوو، بەوەی دەڵێیت "ڕەوایە ئەوەی تەقەی لە ئاسۆی قومری كرد موچەكەی چارەكێكی هەنا ادور  نەبێت!"، بۆ تەنها هەنا، لەكاتێكدا تەنانەت لەناو ئەو 4 عەرەبە بە قەولی فاشیستانەی خۆت موچەی لە هەموویان كەمترە، دەزانی سەگیش  بە ژن نا حەپێت  لە كۆمەڵگای محافیزەكاردا وەك خۆت  ئیدعات كردووە لەوێوە هاتویت.

دەزانی 1470  خانەنشینی  پلە بالا لە كوردستاندا هەیە، 715یان نا یاسایین، 1166  كەسیان كەم و كوڕی لە دۆسیەكانیان  هەیە، زۆرێك لەو 715 ەكەسە پێشمەرگایەتیشیان نەكردووە، بەشێكیشی دیكەشی لە حیزبی شیوعی و ئیدعا كەرانی چەپی دەرەوەی  پەكەكەو كۆمۆنیستی كرێكارین كە ئەوان خۆشبەختانە  نەكەوتوونەتە ناو ئەو نا عەدالەتییەوە ، لە ناویانیشدا هەیە  تەنها چەند  مانگێك لە بەردەم سپلیت  كارەكەی  ئەنجامداوە، تیایاندا هەیە چەندین ساڵ خزمەتی پێشمەرگایەتی و رۆژنامەنووسی و ئاوارەیی بۆ نووسراوە بە ساختە؟؟؟؟، هەشە پۆستەكەی بینیوە بەلام لە سەردەمی بەعسدا؟؟، خۆ دەبوایە وەزیرەكانی سەردەمی بەعست  ئەفزەڵیەت نەدایە بەسەر ئەمانا، دەزانی چەند  پێشمەرگە خانەنشینە هێندەش  خزمەتی بردۆتەوە بۆ سەر پیشەكەی، دەزنی چەند  هاوڕێی پەرلەمانت  لە لیستەكەی خۆت بە پلەی پێشمەرگایەتی  پێشتر خانەنشین  بوونو رۆژێكیش  بۆ گەشتیش لە جادەی قیر لایان نەدابوو؟؟.

لە پەراوێزی  ئەم نووسینەدا دەمەوێت  چیرۆكی خانەنشینی كازم حەبیب بگێڕمەوە، دەیزانی خەریكی ئەو هەڵمەتەم و دەستخۆشی لێمە كرد وتی" من مامۆستای زانكۆی فەسڵ كراو، بەڕێوەبەری گشتی لە وزارەتی كشتوكاڵ  بوومە لە عێراق، زیندانی سیاسی لە گەڵ  تاڵەبانی لە یەك ژور، دوای روخانی رژێم هاتمەوە بچم لە عێراق مامەڵەی خانەنشینی بكەم، تاڵەبانی ناردی بە دواما وتی بۆ كوێ، دیارە من نەماوم، دەبێت لە كوردستان خانەنشین بیت، مافت بەسەرمانەوە هەیە، ئەوە منی تووشی ئەم بەزمە كردو نازانم چی بكەم، دەنا لەوێ  هەم ئیمتیازاتم زیاتر بوو، هەمیش هەموو رۆژێك  نایدەنەوە بە چاوماو دەنا من پێم خۆش نەبوو بە پێشمەرگایەتیش  لە كوردستان خانەنشین بم، وەڵا كاكە عەلی جەلال وەرەتنی، كاك  نیهاد قازی شایەدی  ئەم چیرۆكەمە.


PM:11:20:12/09/2021

ئه‌م بابه‌ته 4020 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی