عێراق لە نێوان دوو تشریندا

‌هونەر تۆفیق

خۆپیشاندانەکانی تشرینی ٢٠١٩ ، لە پارێزگاکانی باشووری عێراق ، نزیکەی ٨٠٠ کوژراو و ١٧ هەزار برینداری لێکەوتەوە . سەرۆکی حکومەت ( عادل عەبدولمەهدی ) لە دەستەڵات دوورخستەوە و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەڵوەشاندەوە و یاسای هەڵبژاردنی گۆڕی . بزوتنەوەی جەماوەری تشرین بەهۆی تیرۆرکردنی قاسمی سلێمانی و بڵاوبوونەوەی پەتای کرۆناوە لەشەقام کشانەوە ، بەڵام وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی بەردەوامیان بەخۆیانداوە ، هەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی ٢٠٢١ بەیەکێک لەدەرئەنجامەکانی ئەو بزوتنەوەیە دادەنرێت .

لەنێوان هەردوو تشرینەکەدا ، تشرینی خۆپیشاندانەکان و تشرینی هەڵبژاردنەکاندا ، گۆڕانکاری بەرچاو بەسەر کوتلە و هاوپەیمانیەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا هاتووە . لەوانە :

 - ڕەوتی سەدر : سەدریەکان ، هاوپەیمانی سائیرون ، بە ٥٤ کورسی پارلەمانەوە ، بوونە پشتیوانی بزوتنەوەی تشرینیەکان . لەگەڵ کەرتبوونی تشرینیەکاندا بەسەر بەرەی بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکاندا و بەرەی بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا ، پێگەی سەدریەکان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا کەمدەبێتەوە . چونکە بەرەی ناڕازی لە پرۆسەی سیاسی عێراقی لەناو تشرینیەکاندا بەشێکن لەدەنگدەرانی سەدر کە پێدەچێت بەهۆی بایکۆتی هەڵبژاردنەوە ، لە دەنگی سەدریەکان کەمبکاتەوە .

.- ڕەوتی حیکمە : لە هاوپەیمانی هێزی نیشتمانی نێوان عەمار حەکیم ١٩ کورسی پارلەمان و حەیدەر عەبادی ٤٢ کورسی پارلەمانی دا بەرەیەکی هاوبەشیان پێکهێناوە بە بەشداریکردنی ئەو باڵەی تشرینیەکان کە بڕوایان بە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا هەیە ، پێکەوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی تشرین دەکەن . لەهەمان کاتدا مستەفا کازمیش وەک بەربژێری تایبەتی عەمار حەکیم بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران لە پاش عادل عەبدولمەهدی . ئەمجارەشیان هەمان کوتلە ، کازمی وەک یەکەم کاندیدی خۆیان خستۆتەوە ناو لیستە پێشنیارکراوەکەیانەوە بۆ حکومەتی داهاتوو ..

- هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا : زەرەرمەندی یەکەمی هەڵبژاردنی پێشووی عێراق ، لیستەکەی نوری مالیکی ( دەوڵەتی یاسا) بوو . زیاتر لە ٦٠ کورسی لەدەستدا و تەنیا ٢٥ کورسی پارلەمانی بۆ مایەوە . بەڵێنەکانی سەدریەکان بە پێدانی پۆستەکانیان بە کەسانی تەکنۆکرات و بێلایەن ، هەروەها جیابوونەوەی حەیدەر عەبادی لە حیزبی دەعوا و دروستکردنی لیستی نەصر ، کورسیەکانی مالیکیان پەرتکرد . بەڵام لەنێوان هەردوو تشرینەکەدا ، دەنگدەری عێراقی بینیان نەبە تەکنۆکراتەکانی سەدر و نەبە نوێبوونەوەکەی عەبادی هیچ لە دۆخە سیاسیەکەی عێراق نەگۆڕدرا . بۆیە ئەمجارەیان مالیکی بە متمانە بوخۆبوونەوە هاتۆتەوە پێشەوە . بەتایبەتی پاش لێکنزیکبوونەوەیان لە پارتی دیموکراتی کوردستان .

- فەتح و حەشدیەکان : هاوپەیمانی فەتح بە ٤٧ کورسی پارلەمانەوە . خۆی بە محوەری بەرگری ( مقاومە) دەناسێنێت و چەتری سیاسی زۆرینەی هێزەکانی حەشدی شەعبی یە . لەنێوان هەردوو تشرینەکەدا بە دوو ئاڕاستەدا پشتی بە دەنگدەرە بەرگریکارەکانی بەستووە . یەکەمیان شەهید دۆستەکانی قاسمی سلێمانی و مەهدی موهەندیس ، دووەمیان بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە کۆتایی ساڵدا . فەتحیەکان بە دەستکەوتی خۆیانی دەزانن . بۆیە بۆ دەنگدەری بەرگیرکار ، ئەمجارەیان فەتحیەکان ئەگەر کورسیەکانیان زیاد نەکات ، بەهەمان ڕێژەی خۆیانەوە دەمێننەوە .

-  کوردەکان : بەپێ ی دابەشی کورسی پارێزگاکان ، ١٨ سلێمانی ، ١١ هۆک ، 15 هەولێر ، ٦ کەرکوک ، ٢ موسڵ ، ٢ دیالە ، ١ سەڵاحەدین  بە کۆی هەموویان ٥٦ کورسی مسەوگەری هەیە . بەڵام بەپێ ی دابەشی پۆستە سیادیەکانی عێراق ( سەرۆک کۆمار ، سەرۆک وەزیران ، سەرۆکی پارلەمان ) بەهەمان شێوەی شیعەکان ، چەندە ژمارەی کورسیەکانیان زۆربێت ، لە کێبڕکێ ی پۆستەکاندا پەرت دەبنەوە . ژمارەی ٥٦ کورسیەکەی کورد ، ٢٦ پارتی ، ١٨ یەکێتی ، ٥ بزوتنەوەی گۆڕان ، ٤ نەوەی نوێ ، ٢ ی یەکگرتووی ئیسلامی ، ٢ ی کۆمەڵی دادگەری ، ١ هاوپەیمانی کوردستانی ، لە نێوان هەردوو تشرینەکەدا گۆڕانکاری بەسەردادێت . ئەم تشرینەیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان گۆڕانکاریەکە چاوەڕوانکراوە کە ڕەنگە کورسیەکانی بۆ زیاتر لە ٣٠ کورسی زیاد بکات . جگە لەوەی لە پارلەمانی عێراقدا بە مسەوگەری لەگەڵ کورسیەکانی یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕاندا ( هاوپەیمانی کوردستانی . کە پێکەوە ئەگەری بردنەوەی ١٠ کورسیان هەیە . بە دابەزینی ١٦ کورسی بەبەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو ) گەورەترین کوتلەی کوردی پێک دەهێنن . جگە لەوەی بەشێک لە کورسیەکانی دیکەی کورد لەبەغدا ئەمجارەیان پارتی ڕابەرایەتیان دەکات بۆ دیاریکردنی سەرۆکایەتیەکانی عێراق و چۆنیەتی هاوپەیمانی کردنیان لەگەڵ بەرەی شیعەکاندا .

- سونەکان : وەک لە سەرەتاوە بە پەرتەوازەیی بەشداری پرۆسەی سیاسی عێراق بوون ، لەنێوان هەردوو تشرینەکەدا تەنیا دەبنە تەواوکاری ئەو هاوپەیمانیەی لەنێوان کورد و شیعەدا دەبەسترێت . ئەو تەواوکاریەش تەنیا بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پارلەمان دەبێت .

لەکۆتایدا عێراقی تازە بەو شێوەیە دادەمەزرێت کە ئەو کوتلە بەهێزانە لە هاوپەیمانی کردنیاندا لە پارلەمانی ئاییندەدا حکومەت پێکدەهێنن . زۆربەی حیزب و هاوپەیمانیەکانی دیکەیان تیادا دەتوێتەوە و کۆتایی پێدێت . عێراقی چوارساڵی داهاتوو دەبێتە عێراقی سێ کوتلەی سەرەکی و چەسپاو کەتا ئاییندەیەکی دوور خۆیان دەوڵەت و دامودەزگاکانی بەڕێوەدەبەن . کۆتایی بە هێزە بچوکەکان دێنن و سەردەمی هێزی گەورە لە گۆرەپانی سیاسی عێراقدا دەست پێدەکاتەوە .



PM:02:33:10/09/2021

ئه‌م بابه‌ته 916 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی