هەڵبژاردن لەنێوان ئەنجامدان و دواخستندا

‌فارس نەوڕۆڵى

هەڵبژاردن یەکێکە لە پایەکانی دیموکراتی و فەراهەمکردنی بەشداری سیاسی هاوڵاتی بۆ دەنگدان و بۆدیاری کردنی نوێنەری خۆیان یاخود بۆ گۆڕین یان مانەوەی حکومەت بێ کێشەو ئاشوب، هەرێمی کوردستان لە ١٩٩٢ یەکەم هەڵبژاردنی ئەنجامدا، سەرەڕای سەختی قۆناغەکە بەهاو کوالێتی و هێزی پەرلەمانی ئەوکات لە ئێستا باشترە، بەهەرحاڵ هەڵبژاردن مافی بەشداری هاوڵاتیانە کە لە لەکاتی خۆیدا بێ دەستێوەردان ئەنجامبدرێت، کەچی خەریکە دواخستنی کاتی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دەبێتە نەریتێکی ناشیرین.

ئێستا گفتوگۆیەکی جدی هەیە لەناو هێزە سیاسییەکاندا بۆ ئەنجامدان یاخود دواخستنی هەڵبژاردن، ئەمەش پێمان دەڵێ سیاسەت لێرە نەخۆشکەوتووە و پێویستی بە چارەسەر هەیە، هیچ دەرمانێکیش بۆ چارەسەری نەخۆشی سیاسی نیە جگە لە ئەقڵ و بیرکردنەوە، ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتی و شەقامی کوردیدا ویست و فشار هەیە کە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لێکەوتەی نەرێنی لێ دەکەوێتەوە.

بۆیە پێویستە دامەزراوەکانی هەرێم و حزبەکان ئەو هۆشدارییانە بەهەند وەرگرن و دژی شەپۆل مەلە نەکەن. دەبێ بزانن جیهان وناوچەکە بەشێوەیەکی خێراو بەرچاو لە هەموو ئاستەکاندا دەگۆڕێت. ناکرێ کورد هەر لەم حاڵەتەدا (دۆخەدا) بمێنێتەوە، چونکە مانەوە لەم دۆخەدا باجی گەورەی بەدوادا دێت و لە دەرەوەی ئێمە ئەم دۆخە دەگۆڕن بۆ قۆناغێکی دیکە و دۆخێکی دیکە دێنە ئاراوە کە بە ویست و بەرژەوەندی ئێمە نەبێت.

بۆیە واباشە هەڵبژاردنێکی بێ گزی و فزی ئەنجامبدرێت لە کاتێکی نزیکی دیاریکراودا بۆ ئەوەی سومعەی سیاسی هەرێم نەکەوێتە ژێر پرسیاری سیاسی و قانونی یەوە


AM:09:54:22/05/2023

ئه‌م بابه‌ته 1172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی