چۆن لەتەک نەوەی نوێ مامەڵە بکەین؟

‌فارس نەوڕۆڵى

قسەیەکی بەناوبانگی ئیمام عەلی هەیە دەڵێت: (منداڵەکانتان پەروەردە مەکەن بەو پەروەردەیەی خۆتانی پێ پەروەردە کراوە) ئەم وتەیە ڕەهەندی قوڵی دەروونی و پەروەردەی وکۆمەڵایەتی و سیاسی هەیە، ئێستا نەوەی نوێ لە سەردەم و هەلومەرجێکی تەواو جیاوازی سەردەمی ئێمە و پێش نەوەی ئێمەشدایە.

نەوەی ئێستا نەوەی دیجیتاڵە لە بیرکردنەوەدا، لە یاریکردندا، لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا، لە خەون و خولیادا هەر نمونەی یاریکردن وەرگرین ئێمە سەرقاڵی هەلوکێن و کێل و بەرد و هەڵماتێن بووین، نەوەی ئێستا سەرقاڵی یاری پۆبجی و فۆرنایت و ئەو جۆرە یاریانەن. ئاخر زەحمەتە بە بیرکردنەوەی هەلوکێن، پۆبجی پێبخوێنینەوە.

لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیشدا تەواو جیاوازین، لە زانیاریدا تەواو جیاوازین. نەوەی سەردەمی ئێمە تەنها ئاگامان لە هەواڵی شار و گوندەکەی خۆمان بوو، یاخود لە گوندێکدا ڕادیۆیەک هەبوو ئەویش بۆ گوێگرتن لە چیرۆکی حەمەشوان و ڕۆستەم و زۆراب یان تەلەفزیۆنێک تەنها وێنەی بەعس و سەرۆکی فەرماندەی نیشاندەداین ئەوەی بەعس و داگیرکەران دەیانویست دەبوو ئەو دیمەنانەمان ببینیایە. نەوەی ئێستا بە چرکە ئاگای لە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی هەموو جیهانە لەسەر ئاستی هەموو کایەکانی ژیان. بۆیە ئەوەی بە ویستی خۆی ببینێت بە ویستی خۆیی و بۆ ویستی خۆی بیر دەکاتەوە. ئەم نەوە نوێیە بەردەوام لە خۆ نوێکردنەوەدایە، خولیا و خەونەکانیان زۆر جیاوازە لە ئێمە، بەردەوام لە حزبایەتی خۆی بە دوور دەگرێ، چونکە داهێنانی جوانی لێ نەدیووە.

بۆیە بە دوای ژیانێکی خۆشگوزەران و هیواکانی خۆیدا دەگەڕێت هەتا دەیدۆزێتەوە و بە دەستی دەهێنێت ئامادەی هەموو قوربانییەکە، ئەم نەوەیە نەوەیەکی نیگەرانن، چونکە هەست بە نامۆیی دەکەن لە فەزای گشتیدا، دەبێ نیگەرانیەکانیان بە هەند وەرگرین. بەندە بەم پیرییە هاوڕێم لەناو ئەم نەوەیەدا هەیە، باش لێیان تێدەگەم، ئەم نەوەیە نازانین لە کوێدا توڕە دەبن و چی توڕەیان دەکات؟ بۆیە دەبێت نەوەی ئێمە و پێش ئێمە حزبەکان و حکومەت زانکۆ و ناوەندە ئاینییە جیاوازەکان بە دیقەت لە خولیاکانی ئەم نەوەیە تێبگەین، بۆ ئەم مەبەستە پێویستمان بە دەیان توێژینەوە هەیە لەلایەن توێژەری شارەزاو دڵسۆزەوە بۆ ئەوەی نەگەینە خاڵی جیابوونەوە لە یەکتری، ئەوکات کارلەکار دەترازێ و هەردولامان زەرەرمەند دەبین.


PM:02:11:10/11/2022

ئه‌م بابه‌ته 1468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی