چیرۆکەکانی نیشتمان

‌فارس نەوڕۆڵى

هیچ نەتەوەیەک هێندەی نەتەوەی کورد هێندەی ئەم نیشتیمانەی ئێمە لە دوێنێ و لە ئەمڕۆدا پڕ لە چیرۆکی تراژیدی نییە. چیرۆکێک دەتوانرێ سەدان توێژینەوە و سەدان فیلمی لێ بەرهەم بهێنرێت. ئێستاش ڕۆحی ئەم نەتەوەیە، هەر بستە خاکێکی ئەم نیشتمانە هەر تاکێکی ئەم نەتەوەیە دەیان چیرۆکی غەمگینی هەیە، کە پێویستە ڕامانبگرێت و یارمەتیدەربێت بۆ بیرکردنەوە بۆچارەسەری ئازارە کانی کورد بوون ،بەپێچەوانەوە ئەم چیرۆکە ساختانە بونەتەهۆی لەکورد خستن .

 سەیری چیرۆکەکانی ڕۆژهەڵات، سەیری چیرۆکەکانی باکور، سەیری چیرۆکەکانی ڕۆژئاوا، سەیری چیرۆکەکانی باشور، چ بە سوێن چ پڕ ئازارن! ئێمە لەبری ئەوەی دانیشین قسە لەسەر ئەم چیرۆکانە بکەین خوێندنەوە بۆ ئەم چیرۆکانە بکەین، کەچی دێین و چیرۆکی دیکە دروست دەکەین بۆ ئەوەی چیرۆکە واقیعییەکانمان لە بیر بچێتەوە.

 سەیری لێدوانی هەندێ سیاسی بکە کە وەک پێشرەو خەڵکی هەژار خۆیان نمایش دەکەن، سەیری میدیاکان و سیاسیەکان بە چەپ و ڕاستەوە بکە چۆن خۆیان سەرقاڵکردووە بە نادیار، بە وەهم چۆن بێباکانە نازانین لە خانەقین و کەرکوک و ناوچەکانی دیکە گەمەی تەعریب لە کوێدایە؟ بیر لە گوزەرانی خەڵکی هەژار ناکەینەوە بە هەموو بەرەکانەوە هەر لە بیری شکاندنی یەکدیداین.

بۆیە ئەو چیرۆکانەی، کە دروست دەکرێت بۆ لە بیربردنەوەی چیرۆکە ڕاستەقینەکان و کێشە سەرەکیەکاندایە و هەندێ کەس خۆیانی تێدا دەکەنە پاڵەوانی شاشە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان. دانانی ئەم سیناریۆ و چیرۆکانە جگە لەوەی میللەتی تەواو ماندوو کردووە و سەرقاڵی کردوین بەبێ ماناییەوە، لەهەمان کاتدا سیاسەتی دابەزاندووە بۆ ئاستێکی قێزەون لەکاتێکدا ولەڕاستی دا وەک ئەرستۆدەڵێ (سیاسەت شای زانستە کانە )کەچی ئێمە وامان لێکردوە کەسێک درۆزنبێت پێی دەڵێین سیاسییە، ئەم وتارە تەنهابۆ کەسایەتیەک بۆ هێزێکی سیاسی نیە بەڵک و بۆکۆی گەمەکەرەکانی نێو پرۆسەی سیاسییە لەدوێنێ وئەمڕۆ و سبەینێدا ئەوانەی کە بە دروست کردنی چیرۆکی ساختە خەڵک گرفتار دەکەن.


AM:11:18:08/11/2022

ئه‌م بابه‌ته 1528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی