خه‌ره‌نده‌كه‌ی‌ نێوان حیزب و میلله‌ت

‌سیروان غەریب

شێركۆ بێكه‌س شاعیری‌ گه‌وره‌ی‌ كورد مانگێك پێش هه‌ڵبژاردنی‌ 2009/7/25 كه‌ تیایدا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بۆ یه‌كه‌مینجار به‌شداری‌ كرد و 25 كورسی‌ تیادا به‌ده‌ستهێنا، له‌په‌یامێكیدا ده‌ڵێت: خه‌ره‌ندێكی‌ گه‌وره‌ كه‌وتۆته‌ نێوان حیزب و میلله‌ته‌وه‌.

دوای‌ 15 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و په‌یامه‌ و بێ‌ ئومێدبوونی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن كه‌ له‌دواهه‌مین هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق رێژه‌ی‌ به‌شداریكردن له‌ لوتكه‌ی‌ نائومێدیدا بوو، ده‌بێت ئه‌و خه‌ره‌نده‌ی‌ شێركۆی‌ شاعیر باسی‌ ده‌كات چه‌نده‌ گه‌وره‌تر بووبێت.

هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان هه‌نگاو ده‌نێت. سیمای‌ ته‌قلیدی‌ حزبه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌نگی‌ هه‌ڵبژاردن له‌مسه‌ری‌ ڕاسته‌وه‌ بۆ ئه‌وسه‌ری‌ چه‌پ و له‌ "ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بۆ ئۆپۆزسیۆن" ده‌ركه‌وتووه‌، میدیاكانیان به‌هه‌مان ڕه‌نگ و ده‌نگی‌ ڕابردووه‌وه‌ به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ "ماست به‌لێویانه‌وه‌" دیاربێت هه‌وڵی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌نگ ده‌ده‌ن، به‌حه‌ماسێكی‌ زۆره‌وه‌ باسی‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌كه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ بیری‌ خه‌ڵكی‌ به‌رنه‌وه‌ كه‌ هه‌ر یه‌كه‌ و به‌شێوه‌ی‌ خۆی،‌ هه‌ریه‌كه‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆی‌، په‌رله‌مان و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان خسته‌ سه‌ر سینییه‌ك و پێشكه‌شی‌ به‌غدایان كرد.
 
*مانگه‌شه‌و سه‌ر له‌ئێواره‌ دیاره‌، پارتی‌ و یه‌كێتی‌ به‌هه‌مان ریتمی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ پێشوو كه‌وتنه‌ سه‌روگوێلاكی‌ یه‌كتر. شه‌ڕ له‌ مه‌ڵبه‌ند و لقه‌كانه‌، وه‌ك چۆن هه‌میشه‌ له‌وێوه‌ ده‌ستی‌ پێكردووه‌.

 *به‌شێكی‌ كاریگه‌ری‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سیاسی‌ به‌هه‌مان ریتمی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ رابردووه‌وه‌ كه‌وته‌وه‌ گه‌ڕ و شه‌ڕی‌ ده‌نگی‌ ئه‌وانه‌ ده‌كات كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌موو دروشمه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێكخستووه‌ كه‌ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ هه‌بێت كه‌ ده‌نگده‌ری‌ بێ‌ ئومێد كردووه‌، زۆرتریش به‌ڵێنی‌ ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن به‌خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ پارتی‌ و یه‌كێتی‌ ده‌گۆڕن، گه‌ر بێت و ئه‌وان ده‌نگیان پێ‌ بده‌ن.

ئێمه‌ له‌ئێستادا له‌به‌رده‌م هه‌ڵمه‌تێكی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ تاقیكراوه‌ی ته‌قلیدین كه‌ ده‌نگده‌ری‌ كوردی‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنێكی‌ تر نائومێدتر كردووه‌، ئه‌وه‌ی‌ له‌دیمه‌نه‌كه‌دا هه‌یه‌ خه‌ڵكی‌ ماندووی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نین، به‌ڵكو ئه‌و كادرو ئه‌ندام و ڕاگه‌یاندنكارانه‌ی‌ حزبن جۆش و خرۆش ده‌ده‌ن به‌ هه‌ڵمه‌ته‌كانی‌ پێش هه‌ڵبژاردن كه‌ گرێبه‌ستی حزبییان هه‌یه‌.

بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێژه‌ی‌ زۆرینه‌ی‌ به‌شداری‌ له‌پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌خه‌ڵك بێت و نائومێدییه‌كان بڕه‌وێته‌وه‌ و كه‌شێكی‌ له‌بار هه‌بێت بۆ به‌شداریكردن و ده‌نگدان به‌كاندیدانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان واباشتره‌ ئه‌م شێوازه‌ ته‌قلیدییه‌ بگۆڕن كه‌ نه‌ك خه‌ڵكی‌ له‌ده‌نگدان دوورخستۆته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ره‌و نائومێدییه‌كی‌ كوشنده‌ی‌ بردووه‌.

باشترین كار ده‌بێت پارتی‌ و یه‌كێتی‌ به‌نمره‌ی‌ یه‌ك و ئۆپۆزسیۆنی‌ تاقیكراوه‌"ئه‌وانه‌ی‌ به‌شدارییان له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا كرد" به‌پله‌ی‌ دووه‌م بیكه‌ن ئه‌وه‌یه‌ سه‌ره‌تای‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان به‌ داوای‌ لێبوردن له‌ میلله‌ت ده‌ستپێبكه‌ن، گرێبه‌ستێكی‌ نوێی‌ سیاسی‌ بڕواهێنه‌ر له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی‌ كوردستان ببه‌ستن و ئۆباڵی‌ ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌نه‌هامه‌تییه‌ بگرنه‌ ئه‌ستۆ، به‌مه‌ش به‌شێكی‌ زۆری‌ خه‌ڵكی‌ لێبوورده‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن ئاشتده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ده‌ر له‌وه‌ خه‌ره‌ندی‌ نێوان حزب و میلله‌ت ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر گه‌وره‌تر ده‌بێت.

*گۆشەی وێستگەی هاوڵاتی. لەیەککاتدا چوارشه‌ممان لەڕۆژنامەی هاوڵاتی و سایتی وێستگەنیوز بڵاودەبێتەوە.


PM:11:36:12/03/2024

ئه‌م بابه‌ته 956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی