گوتاری ھێرشکردنە سەر ڕاپەڕین

‌سیروان غەریب

"ھەر کە ئەمنە سورەکە کەوتە دەست خەڵکی ڕاپەریوی سلێمانی، بە باشمان زانی بۆ سۆراغی دایک و باوکم کە ماوەیەکی زۆر زیندانیی بوون؛ ڕووبکەینە ئەوێ، دەمانبینی خەڵکێکی زۆر کۆبونەتەوە، ئەوانیش بۆ سۆراغی کەسوکاریان ھاتبوون، دوایی لەبری بینینی دایک و باوکم مەلەفی لێکۆڵینەوەکەیانمان دەستکەوت کە تیایدا نوسرابوو، کۆتایی بە ژیانیان ھێنراوە، تائێستاش نازانین تەرمەکانیان لەکوێن"، ئەمە قسەی قوربانییەکە.

 پرسیارەکە ئەوەیە ئایا گوتاری ھێرشکردنە سەر ڕاپەڕین، ھاوکات ھێرشیش نییە بۆ سەر خودی قوربانییەکان؟ لەکاتێکدا خراپیی گوزەرانی ھاوڵاتییان و خراپیی بەڕێوەبردنی وڵات‌ و ناسەقەمگیریی دۆخی سیاسیی و ئابووریی پەیوەندیی بەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە خراپبەکارھێنانی دەسەڵات لەلایەن نوخبەیەکی سیاسیییەوە ھەیە کە لە ئاستی ڕووداوەکاندا نەبوون‌ و نەیانتوانیوە بە پلان‌ و دووربینییەوە ڕووبەروی پێشھات و دۆخەکانی دوای ڕاپەڕین بببنەوە، ئەمەش دۆخێکی خراپی لەم ھەرێمەدا درووست کردووە.

لە دوای ساڵی ١٩٩٢ لە ھەرێمی کوردستان ساڵ بە ساڵ گوتارێکی زەقی پڕ نائومێدیی بەرامبەر ڕاپەرینی گەلی کورد لە باشووری ھەرێمی کوردستان  برەوی پێ دەدەرێت.

سەرەتا «بزووتنەوەی شوورایی لە کوردستانی عێراق» لەژێر درووشمی "نان، کار، ئازادی، حکومەتی شورایی"دا ڕۆڵیان ھەبوو لە دنەدانی ئەو جۆرە گوتارە، ڕەخنە و گلەیی و گازندەکانیان دژی دەسەڵاتی سیاسیی بەرەی کوردستانی ھەر زوو لای جەماوەری کرێکار و کاسبکاری ناو بازاڕ ڕەنگی دایەوە، تا کار گەیشتە ئەوەی خۆپیشاندانێکی کاسبکاران لە شاری سلێمانی لە کۆتایییەکانی ساڵی ١٩٩٢ بە درووشمی "ماست و پەنیر و کەرە بەعس باشترە لەبەرە" ‌بەرێوە بچێت.

 ڕاستییەکەی گوتاری شوراکان بەدەر لە داواکارییە ڕەواکانیان، ڕاستەوخۆ گرێ درا بە خودی "ڕاپەڕینەکەوە" و هەموو هەوڵێکی بۆ نابووتکردنی بوو، کە ھەمووان لەسەری کۆکین دەسکەوتێکی جەماوەربی گەورە بوو. بۆیە تۆمەتبارکردنی ئەو ناڕەزاییانە بە دەستی بەعس زۆر ئاسان بوو.

ئەو دەمە، میدیای بەرگریی، واتە "میدیای شاخ" ھەڵگرانی ئەم گوتارەیان ناو نابوو تابووری پێنج، بەڵام دواتر بە ھۆکاری فراوانبوونی مەودای ئازادییەکان لە ھەرێمی کوردستان میدیای نوێ و ئەھلیی زیاتر بواری بۆ دەربڕینی ئەم جۆرە گوتارە کردەوە و دواتریش لەگەڵ پەیدابوونی سۆسیال میدیا ئەم گوتارە بە ڕوونیی باڵای کرد و بووە شاگوتاری بەشێک له بەرپرس و کەسایەتییە ناڕازییەکانی ھەرێمی کوردستان و زۆرێک لە نووسەر و چالاکوانان.

 بۆیە وەک چۆن لە ڕابردوودا ئاسان بوو ھەڵگرانی ئەو گوتارە تۆمەتبار بکرێن بەوەی دەستی بەعسیان لە پشتە، ئێستاش ئاسانە ھەڵگرانی ئەو گوتارە تۆمەتبار بکرێن بەوەی لەژێر چەتری بەرژەوەندییەکانی حکومەتی ناوەندیی بەغدادا خەریکن دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین لەناو ببەن. ڕوونیشە چ بەعسی ئەوساو چ حکومەتی بەغدای ئێستا شاگەشکەن بە "نائومێدبوونی گەلی کوردستان لە ڕاپەڕینە شکۆدارەکەیان".

لەماوەی ٣٢ ساڵی ڕابردوودا ئەم گوتارە بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست لە شەقامی جەماوەریی ھەرێمی کوردستان نائومێدییەکی کوشندەی بەرامبەر خودی کردەی ڕاپەڕین دروست کردووە، وا باشترە ھێز و کەسایەتییە ناڕازییەکان  لەبری بەشدارییکردن لە برەودان بەو گوتارە و ھێنانەوەی بۆ سەر سفرەی گوتاری حزبییان، تەنھا لە پێناوی شکۆی ئەو ڕاپەرینەدا جیاوازییەکانیان فڕێ بدەن و گوتاری نەفرەتکردن لەو ڕۆژە مێژووییە بسڕنەوە و وەک گەلانی زیندووی دنیا بەشدار بن لە بەرزکردنەوەی ھۆشیاریی کۆمەڵگا بەو دەستکەوتانەی کە بە خوێن و قوربانییەکان بەرھەم ھاتوون.

ڕاپەڕین ڕووداوێکی مێژوویی گەورە و هەژێنەر و خاڵی وەرچەرخان بوو بۆ کورد، کە پێویستە سەرسەختانە داکۆکیی لێ بکرێ، ناکرێت ناشیرینییەکانی دوای راپەڕین کە نوخبەی سیاسی لێی بەرپرسن یەکسان بکرێتەوە بە جوانییەکانی ئەو ڕاپەڕینە مەزنەی کە کوردی لە قۆناغێکی ڕەش‌ و پڕ نەهامەتی دەسەڵاتی تۆقێنەری بەعس ڕزگار کرد.

 لێرەوە وا چاکە دەسەڵاتدارانی کوردستان باش درک بەو ڕاستییە بکەن کە ئەم جۆرە گوتاری ڕق‌ و تووڕەییە لە بۆشایی‌ و ناهوشیارییەوە نەهاتووە، بەڵکو زادەی نائومێدییەکی گەورەیە کە خەڵکی کوردستان هیوا و ئاواتێکی گەورەیان لەسەر درووشمەکانی ڕاپەڕین‌ و بەڵێنی حیزب‌ و سەرکردەکانی کورد هەڵچنی بوو سەبارەت بە ئازادیی و دادپەروەریی‌ و ئاوەدانیی، بەڵام هیچیان وەک خۆیان نەهاتنە دی!

 ئێستاشی لەگەڵ بێت راپەڕین شاییستەی ستاییش‌ و ئەزموونی دوای راپەڕینیش پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی ڕیشەییە، بە تایبەتی کە گەنجانی ئەمڕۆ ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٣٧ ساڵییدایە و قۆناغی پێش ڕاپەڕین‌ و ساتەوەختی ڕاپەڕین‌ و سەرەتای ڕاپەڕینیان نەبینیوە، گێڕانەوەی حیکایەتەکانی شۆڕش‌ و ئەزموونی پێشمەرگایەتیی و یادی شاخ‌ و درووشمی «نەسرەوتن تا سەرکەوتن» دادیان نادات و زۆرجار وەک "تاوانبار" لە شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ دەڕوانن!

*گۆشەی وێستگەی هاوڵاتی . لەیەککاتدا چوارشه‌ممان لەڕۆژنامەی هاوڵاتی و سایتی وێستگەنیوز بڵاودەبێتەوە.


PM:11:12:05/03/2024

ئه‌م بابه‌ته 596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی