با جیاوازیی، حەقیقەت نەشارێتەوە

‌سیروان غەریب

لەکاتی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا، دوو ڕووماڵی میدیایی دژبەیەکی زەق بەدی دەکرێت، ڕووماڵێکیان میدیا فەرمیی و نزیکەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان پەرەیان پێ دەدا، کە بریتیی بوو لەپیاھەڵدان بەسەردانەکەدا، ڕووماڵەکەی دیکەشیان لەلایەن میدیا نزیکەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە پەخش دەکرا، ئەویش بریتی بوو لە بچووککردنەوەی سەردانەکە. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە، ئەو سەردانە نەئەوەندە شایەنی پیاھەڵدانە کە ببێتە مایەی سفرکردنەوەی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان، نەئەوەندەش بچوک‌ و بێبایەخە کە لەمیدیاکانی نزیک لە یەکێتیدا برەوی پێ دەدرا، گوایە سەرۆکی حکومەت لەبری دیدارو بینینی لێپرسراوەکانی کۆشکی سپی، سەرقاڵی پرسی ئەو سکاڵایەیە کە لەوێ لەدژی تۆمار کراوە.

ئەگەر بێت و  لەمیدیاکانی "یار"و "نەیار" ی مەسرور بارزانی دوور بکەویتەوە، ئەم بانگھێشت و میواندارییە بخەیتە سیاقی خۆیەوە، ھەروەھا بە باش و خراپ خوێندنەوەیەکی سەرپێی بۆ نەکرێت، یەکسەر ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت کە ئەم سەردان‌و داوەتکردنەی مەسرور بارزانی پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سودانیە بۆ واشنتۆن‌ و پاش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییە و لەهەلومەرجێکیشدایە کە هیچ کاتێک بەئەندازەی ئەمڕۆ کوردستان رووبەڕووی کێشەو گرفتی گەورە نەبووەتەوە.

 لەئاستی دەرەوەدا فشارەکانی ئێران‌ و هێزە شیعە دەسەڵاتدارەکانی عێراق تا دێ لەسەر هەرێمی کوردستان بەگشتی‌ و لەسەر پارتی بەتایبەتی توندترو گەورەتر دەبێت‌، لەئاستی ناوخۆشدا هەرێمی کوردستان لەڕووی لێکترازانی سیاسی‌ و باری گرانی ئابووری‌ و پەرتەوازەیی هێزی پێشمەرگە و دژەتیرۆر و هەواڵگرییەوە بەدۆخێکی هێندە سەخت‌ و نەخوازراودا تێدەپەڕێت کە خۆزگەی پێ ناخوازرێت!

هەربۆیە بەدەر لەژاوەژاوەی میدیای "یار" یاخود "نەیار"ی مەسرور بارزانی، پرسیاری گرنگ سەبارەت بەم سەردانە ئەوەیە: ئەمەریکا چی لەکورد دەوێت لەم قۆناغەدا و کوردیش دەیەوێت ئەمەریکا چی بۆ بکات؟

بە سەرنجدان لەوەی ئەم سەردانە لەگەرمەی خۆئامادەکردنی کۆماری‌ و دیموکراتەکانی ئەمەریکادایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی‌ و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بۆیە دووبارە پەیامی بۆ کورد ئەوەیە کە خۆمان بە«ھاوبەشی ھەرێمی کوردستان» دەزانین، وەکو ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاندووە.

کاتێک ئەمەریکا چەمکی ھاوبەش، یان شەریک، لەگەڵ کورددا بەکاردەھێنێت، کورد یەکسەر قسە تەقلیدییە کۆنەکەی باووباپیریان دێتەوە یاد کە دەیانوت "لەبەر نەوتەکەیە"! لەکاتێکدا ئەمەریکا خەونەکەی گەورەتر و فراوانترە و تایبەتە بەخۆرھەڵاتی ناوەڕاست و خۆی تەنھا لە نەوت و ئابوورییدا نابینێتەوە، بەڵکو ھەڵگری ڕەھەندی ئاساییش و دیموکراسییشە. هەرچەندە زۆرێک پێیانوایە ئەم لێدوانە زارەکیانەی کاربەدەستانی ئەمەریکا دادی کورد نادات!

لەڕووی ئاسایشەوە و بەھۆی پێگەکەیەوە، مەسرور بارزانی، یەکێکە لەو کاراکتەرە ئەمنیانەی کە ساڵانێکی زۆر بەرپرسی دۆسیەی ئەمنی کوردستان بووە و لەبەرەنگاربوونەوەی "تیرۆر"دا، هاوکاریی ئەمەریکییەکان بووە و لەکۆتایی کابینەکەشیدا لەکۆتاییەکانی ٢٠٢٤دا ئاھەنگی کردنەوەی  کونسوڵخانەی نوێی ‌ئەمەریکا کە بڕی ٨٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکراوە لە ھەولێر سازدەکرێت.

ئەمەش وایکردووە زۆرێک ڕەخنە لەوە بگرن کە ئازادیی و دیموکراسییەتی ھەرێمی کوردستانی کەوتۆتە ژێر پرسیارەوە و ئەمەریکا چاوپۆشی لەسەرکوتکردنی ئازادییەکان‌ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ کردووە لەپێناو دابینکردنی ئەمن‌ و ئاسایش، وەک زۆرێک لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان  پڕن لە تیشک خستنە سەر  ھێرشەکانی سەر ئازادی لەھەرێمی کوردستان و  پێیانوایە مەسرور بارزانی لەکابینەکەیدا بەپاساوی ئاساییش، ئازادیی ھەرێمەکەی کردۆتە قوربانی.

ئەگەر سەیری جووڵەی ئەم دواییانەی سیاسەتی ئەمریکی بکەین بەرانبەر ھەرێمی کوردستان، تێبینیی دەکەین کە جۆرێک لە ھەماھەنگی لەنێوان گوتاری سیاسیی ھەرێم  و سیاسەتی ئەمریکییەکاندا ھەیە، بەتایبەت لەکەیسی  بۆردومانکردنی ماڵی  پێشڕەو دزەیی و ، ھاوبەشێتی ھەرێم و ئەمریکا لەڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گروپە توندڕەوانە و  بنکەکانی ئەمەریکا دەکەنە ئامانج، کە لەزۆربەی گوتار و بەیاننامە ڕەسمییەکاندا جەختی لێدەکرایەوە.

سەرباری ئەمە لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵدا، لیستی ھاوکاریی و کەرەستەی سەربازیی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان لەلایەن کۆنگرێسەوە تێپەڕێنرا و تەنھا واژۆی جۆ بایدنی سەرۆکی ماوە، لە ناو ئەم لیستەی ھاوکارییە سەربازییەکەدا، سیستمی ئاسمانی دژە موشەک و ڕۆکێت بۆ عێراق و ھەرێم جەختێکی زۆری لێکراوەتەوە.

ھاوبەشییکردنی ئەمریکا لەگەڵ کوردستان سەرباری پەیوەندییەکی دوورودرێژ لەھاوکاریی و پەیوەندییە سەربازییەکان، ھەڵگری سرووشتێکە کە پەیوەندی بەدۆخی سیاسی بەغداد و تەنانەت دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکەشەوە هەیە پاش هەڵگیرسانی جەنگی غەززە، ئەمریکا لە مامەڵەکردنی لەگەڵ چوارچێوەی شیعە، ھێزە سووننیەکان و کورد بەھاوپەیمانی خۆی دەزانێت بۆ ھاوسەنگکردنەوەی باڵانسی ھێز لە عێراق، بۆ ئەم مەبەستەش پەیتا پەیتا جەخت لەسەر یەکخستنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە دەکات لەپێناوی درووستکردنی ھێزێکی سەربازی مۆدرێن‌ و خاوەن تەکنەلۆژیی سەردەم و پیشەیی‌ و نیشتیمانی، بۆ ئەوەی توانای بەرەنگاربوونەوەی میلیشیا و ھێزە تاکڕەوەکانی ژینگەی سیاسیی عێراقی هەبێت.

ئەم پەیوەندی و سەردانانەی کورد بۆ ئەمەریکا لەبەر چاوی کاڵی فڵان سیاسیی و فیسار سەرکردە نییە، وا باشترە وەک پێگەی سیاسیی و جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە بخوێنرێتەوە، ھەر لەبەر ئەوەشە سەردانەکەی مەسرور بارزانی  ھەم بۆ ھەرێمی کوردستان و ھەم بۆ ئەمەریکاش بەقەدەر خۆی جێگەی بایەخە.

نابێت ئەوەمان بیر بچێت کە میدیای "یار" و  "نەیار"ی بارزانی بەشدارن لە لێڵکردنی سەردانەکە،  ھەم هاوکارن لە شێواندنی ڕاستییەکان و ھەم لە میکیاجکردن و شاردنەوەیاندا.

بۆ سیاسیەکانی کورد گرنگە ئەم بارودۆخەی پێش ھەڵبژاردنی ئەمریکا وەک دەرفەتێک ببینن بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا، چونکە کوردستان بە گوێرەی ئەو پێگە جیۆپۆلەتیکە ھەستیارەی کە ھەیەتی دەتوانێت ڕۆڵ و کاریگەریی خۆی لەهاوکێشە سیاسی‌ و سەربازییەکانی دوای قۆناغی جەنگی غەززەدا بنوێنیت.

 لەیادیشمان نەچێت، نیازی ئەمریکا بۆ مانەوەی ھەژموون و دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکەدا ھەر وا بە ئاسانی لە خەیاڵی ئەمریکییەکان ناسڕێتەوە، لەگەڵ ئەوەی کە کۆمەڵێک ھێزی ئابووریی دەوڵەتانی تریش چاویان لەم ناوچەیەیە، کە دیارترینیان چینە.

*گۆشەی وێستگەی هاوڵاتی . لەیەککاتدا چوارشه‌ممان لەڕۆژنامەی هاوڵاتی و سایتی وێستگەنیوز بڵاودەبێتەوە.


PM:11:16:27/02/2024

ئه‌م بابه‌ته 1560 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی