ئەم قسانە لەخزمەتی کێدایە؟

‌سیروان غەریب

گۆشەی وێستگەی هاوڵاتی . لەیەککاتدا چوارشممان لەڕۆژنامەی هاوڵاتی و سایتی وێستگەنیوز بڵاودەبێتەوە.

لەنێو رووداوە گەرم‌و کاردانەوەکانی کارەساتی مووشەکبارانی ماڵی پێشڕەو دزەیی لەشاری ھەولێر، چەند زانیارییەک سەرنجی ڕاکێشاوم، نەک ئەوەی پێموابێت زانیارییەکان راست‌و دروستن، بەڵکو ڕاماوم لەوەی چۆن چۆنی زانیاری لەو جۆرە بەبێ ھیچ بەڵگەو پشتڕاستکردنەوەیەک دێتە نێو کایەی میدیاوەو زۆر بەئاسانیش تێدەپەڕن.

زانیاری یەکەم:

پەرلەمانتارێکی کوردی پێشووی پەرلەمانی عێراق بۆ کەناڵێکی عەرەبی دەڵێت: ئەو فڕۆکە ئیسرائیلیانەی بۆردومانی غەززە دەکەن بەنزینەکەیان لەنەوتەکەی کوردستان دابین دەکرێت!

ئەم پەرلەمانتارە ئەم زانیارییەی لەچاوپێکەوتنێکدا بەکەناڵێکی شیعەی سەر بەئێران راگەیاند! کە بێ گومان پێدانی زانیاری لەوجۆرە لەساتێکی وادا بەخواستی خۆی بێت یان نا، بەھۆشیارانە بێت یان پێچەوانەکەی بەئاگایی بێت یان نا ئاگایی، بەشداریکردنە لەفشارو پرۆسەیەکی گەورەی سەربازی‌و ئەمنی‌و میدیایی دژ بەھەرێمی کوردستان‌و بەناڕاستەوخۆ هاوکاریکردنی دوژمنی دەرەکییە.

ئەو پەرلەمانتارە ئازادە دژایەتی حکومەتی ھەرێم‌و ئەم ئەزمونە بکات، ئازادە بیشیڕوخێنێ، بەڵام چەواشکردن‌و فریودانی خەڵکی ئەم ھەرێمە لەبەرژەوەندی بەغداو ئێران‌و وێناکردنیان وەک فریادڕەس‌و پێدانی زانیاری گوماناوی بە رای گشتی، نەک هەر پێیناوترێت ئازاد‌ی‌‌، بەڵکو دەچێتە خانەی بێنرخ کردنی ئازادی‌و تیرۆرکردنی سەربەخۆیی‌و سەروەری نیشتیمانییەوە.

زانیاری دووەم:
میدیایەکی سەر بەپارتی دیموکراتی کورستان ھەواڵێکی بڵاوکردەوە کە سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، تۆمەتبار دەکات بەوەی دەستی ھەبێت لەو ھێرشەی بووە ھۆی کارەساتی شەھیدبوونی پێشڕەو دزەیی، گەورە بازرگان‌و منداڵەکەی. ئەمە جگە لەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ھێشتا گڕی مووشەکەکان خامۆش نەکرابوون لەڕێگەی دزە پێکردنی ھەواڵێکەوە کە گوایە یەکێک لەمووشەکان ئاڕاستەی بارەگایەکی ئەژی ئەمین کراوە، ویستی ئەو وێنەیە لەلای خەڵکی ھەرێم دروستبکات کە یەکێتی لەپشت ئەم ھێرشەیەوە، ئەمە لەکاتێکدا یەک وێنە یەک ڤیدیۆمان نەبینی بۆردومانی بارەگا یان ماڵی ئەژی ئەمین کرابێت، ناوبراویش ھیچ لێدوان‌و ڕاگەیاندکراوێکی لەسەر بۆمبارانکردنی ماڵ یان بارەگاکەی نییە .

قسەکە ئەمەیە ئەم سیاسەتە، ئەم لێدوان‌و زانیارییە گوماناوییە نالۆژیکیانە کە  لەکاتی کارەساتەکاندا دزەیان پێدەکرێت یان بەڕاستەوخۆ بەلێدوان دەدرێت بەمیدیاکان ، خزمەت بەکێ دەکات؟ ئایا خزمەت بەخاکی کوردستان دەکات؟ ئایا خزمەت بەخەڵکی ماندوووی ئەم دەڤەرە دەکات؟ بێگومان نەخێر، هەر جۆرە لێدوانێکی نابەرپرسانەو تۆمەت بەخشینەوەیەکی چەواشەکارانە تەنهاو تەنها پاکانەو پاساوهێنانەوەیە بۆ تاوانەکانی دوژمنانی کوردو بێ گومان خزمەت بەئەجنداکانی ئەوان دەکات.

میللەتانی زیندوو کاتێک مەترسی‌و دوژمنکاریی روویان تێدەکات، لەمپەڕی راستەوە تا ئەوپەڕی چەپیان، دەست لەناکۆکی ناوخۆییان هەڵدەگرن‌و هەموو وزەو توانایان دەخەنە گەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی دوژمنی دەرەکییان‌، نەک ئەوەی وەک کورد گرێی دەرونیان تیا دروست بێ‌‌و بەلێدوان‌و تۆمەتی چەواشکارانە ئاگری دوبەرەکی‌ ناوخۆو لێکترازان بگەشێننەوەو ئاو بکەن بەئاشی ئەوانەی موشەک‌و درۆنە کوشندەکانیان ئاڕاستەی کوردستان دەکەن.

ھیچ رۆژێک بەئەندازەی ئێستا، کە ھەرێمی کوردستان بەئاگرو دوژمن دەورە دراوە، پێویستیمان بەگوتارێکی ھاوبەش‌و ماڵێکی یەکگرتوو نەبووە، کەچی پارتی‌و یەکێتی‌و ھێزە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بێجگە لەتۆمەبارکردنی یەک ھیچ شتێکی ھاوبەشیان لەگەڵ یەکدا نییە، ھەر ئەمەشە رۆژ بەرۆژ ھاوڵاتی ئەم دەڤەرە بەگڕی ئەو سیاسەتە دەسووتێنێت، لەکاتێکدا کە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە قورسە بەر لەهەر شتێک هەڵوێستێکی ویژدانی‌و نیشتیمانی لەهەموو کوردێکی دڵسۆز دەخوازێ، بۆ ئەوەی چیتر هەرێمی کوردستان لەبازاڕی سیاسەتی هەرزەکارانەی بەشێک لەمیدیا‌کان‌و سیاسەتمەدارو حزبەکاندا بەرەو هەڵدێر نەبرێت.

 هیوادارم هەموو ئەوانەی هەڵوێستێکی نیشتیمانییان هەیە، بەتایبەتی ئەوانەی بەویژدانەوه ڕخنەیان لەسیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوڕدستان هەیە وەک  منەوەران و روناکبیرانی کورد هەربەو داخەوە سەر نەنێنەوە کە دیارترینیان ئەحمەدی خانیە کە دەڵێ: 

ئەز روزی ئەزەل خودا وەسا کر
ئەڤ روم و عەجەم ل سەر مە راکر


PM:11:43:23/01/2024

ئه‌م بابه‌ته 924 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی