ئێرانیش، ھاوشێوەی ئەردۆگان‌و بەعسە

‌سیروان غەریب

کاتژمێرەکانی کۆتایی شەوی دووشەممە ھەمووان بەترس و نیگەرانییەوە تەماشای دیمەنی گڕو دوکەڵی ئەو ڤێلایەمان دەکرد کە لەنێوان پیرمام و ھەولێر بەمووشەکی ئێرانی دەسوتا، ھاوارو ناڵەی کەسوکاری پێشڕەو دزەیی دیمەنێکی تراژیدی دوبارەیان پێنیشانداین کە ١٠٠ ساڵە دوبارەو ١٠٠٠ بارە دەبێتەوە.

بەئامانجگرتنی ماڵی پێشڕەو دزەیی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تاوەکو ئێستا بەتەواوی ھۆکارەکەی ڕوون نییە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، ئەمە دووەمجارە ئێران لەڕێگەی موشەكبارانەوە ماڵی سەرمایەدارانی کورد لەهەولێر دەکاتە ئامانج، دوو ساڵ لەمەوبەر ماڵی شێخ بازی گەورە وەبەرهێنەرو بەڕێوەبەری جێبەجێكاری گروپی كار موشەکباران کرا! ئەمەش کۆمەڵێک پرسیار سەبارەت بەکات‌و ئامانج‌و پەیام‌و دەرئەنجامەکانی ئەم هێرشە دەوروژێنێت لەڕووی سیاسی‌و ئابورییەوە. ئەمە جگە لەوەی ئەم موشەکبارانەی هەولێر لەم ساتەوەختەدا بەشێوەیەکی ئۆرگانیک پەیوەستە بەو شەڕەی لەغەزەو دەریای سوورو باشوری لوبنان‌و سوریا روودەدات‌‌، بۆ ئێران، هەولێر لاوازترین‌و ئاسانترین نیشانەیە كە سوپای پاسداران هێزو توانای خۆی تیا تاقیبكاتەوەو پەیام‌و نامەکانی وەک "سندوقی پۆستە" پیا بنێرێت بۆ ئەمەریکاو ئیسرائیل‌و وڵاتانی کەنداو.

ئەوەی بۆ ئێمە جێی نیگەرانییە، ئێران شەوو رۆژ گوێکانمانی کەڕکردووە بەگوتاری دۆستایەتی ھەرێمی کوردستان‌و خۆی بەدۆستی گەلی کورد دەزانێت بەڵام ئەوەی لەسەر عەرزی واقیع دەبینرێت ھاوشێوەی ڕژێمی بەعسی سەدامی فاشی‌و تورکیاو سوریا بۆ بەدەستھێنانی ئامانجێک یان گەیاندنی پەیامێک باکی نییە لەکوشتنی منداڵ‌و ژن و مرۆڤی کورد.

دیمەنی کوژرانی ئەو پەپولە ١١ مانگە بێ لەدیمەنەکانی خنکان و بۆردومان و جینۆسایدی گەلی کوردستان ھیچ وێنەیەکی تر لەیادەوەریمان ناکێشێت.

سوپای پاسدارانی ئێران بەھێرشەکەی شەوی دووشەممەی ڕابردوو وێنەیەکی تەواوکراویان پێ نیشانداین کەھیچ شوێنێکی ھەرێمی کوردستان سەلامەت نییە ئەگەر بێت‌و بڕیاری بەئامانجگرتنی درابێت ھەروەھا ھیچ بنەماڵەو کەسایەتی‌و ھیچ خێزان‌و منداڵێکیش سەلامەت نییە چی بوێت دەستی کراوەیەو لەھەرێمی کوردستان ئەنجامی ئەدات، پەیامەکەی بارزانیش ڕێک وەڵامی ئەو تێڕوانینەی ئێران بوو کە "دەتوانن بمانکوژن، بەڵام ناتوانن ئیرادەمان لێ بستێنن".

سەرەڕای ئەوەی ئێران ماوەیەکی زۆر پاڵپشتیکەری ھێزە کوردییەکانی ھەرێمی کوردستان بووە وەکچۆن ئەردۆگان لەسەرەتادا باسی ئاشتی دەکرد لەگەڵ کورد، ئیران بۆ خەباتکردن دژی ڕژێمی بەعس و چەندین جار لەساتی کارەساتەکاندا دەرگای وڵاتەکەی بۆ کورد واڵاکردووەو  بە بەردەوامیش کاری لەسەر ئەوە کردووە کە خەڵکی ھەرێمی کوردستان لەوە تێبگەیەنێت ئەو بەرامبەر ھەرێمی کوردستان جیاوازە لەتورکیاو عێراقی ڕژێمی بەعس، بەڵام ئەو گوتارە تا ماوەیەکی کەم بڕی کردو ماوەیەکە دەمامکی خۆی تەواو ھەڵماڵیوەو وێنە ڕاستەقینەکەی لەگۆڕەپانی سیاسیدا دەرکەوت کە بێجگە لەسڕینەوەی ئەم گەلی کوردستانە ھیچ ڕەنگێکی تری تیا بەدی ناکرێت.

ئەو پەیامەی بەدیدەکرێت لەنێو گڕی مووشەکەکان‌و گریان‌و ھاواری خەڵکانێکی مەدەنی کە ڕەنگە بەشێک نەبن لەھیچ ململانێکی سیاسی چ جا نێودەوڵەتی‌و شەڕی زلھێزەکان، ئەوەمان پێدەگەیەنێت کە دەوڵەتانی دراوسێ کە گەلی کوردستانیان ١٠٠ ساڵە بەسەردا دابەشکراوە، تەنھا لەرێگەی زەبرو زەنگەوە ڕووبەروی کورد دەبنەوە. دواھەمینیان ئێرانە کە دەیەوێت ڕەگ‌و ڕیشەی ھەرێمی کوردستان لەبنەوە ھەڵکێشێت‌. ئەمەلەکاتێکدایە تورکیاش بۆ رۆژئاوا ھەمان شت دەکات، بەھەمان ئەو بیانووانەی کە پێشتر بەعس دەیھێنایەوە بۆ قڕکردنی گەلی کورد، ئیتر بۆ دوو دڵبم لەوەی بڵێم دۆستایەتی ئێران بۆ کورد درۆیەکی گەورەیە و  ئێرانیش بەرامبەر بە کورد ھاوشێوەی بەعس‌و ئەردۆگانە .

ئەم ووتارە لەیەک کاتدا لەڕۆژنامەی هاوڵاتی و سایتی وێستگە نیوز لە گۆشەی وێستگەی هاوڵاتی بڵاودەبێتەوە


PM:11:41:16/01/2024

ئه‌م بابه‌ته 736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی