عێراق‌ و ھەرێم لەچاوەڕوانی شەڕێکی نوێدا

‌سیروان غەریب

پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێی ھێزە توندڕەوە عێراقییەکانی مەیلداری سوپای پاسدارانی ئێران، ناردنی چەند درۆنێکی خۆکوژ بوو بۆ سەر فڕۆکەخانەی ھەولێر و ھەریر.

‎ ئەوەی پێیوایە ئەو ھێرشانە تەنھا لەتۆڵەی ئەو گورزانەیە کە ھاوپەیمانان ئەنجامی ئەدەن رۆنەچۆتە نێو خوێندنەوەی ململانێ گەورەکەوە کە ئامانج لێی کشانەوەی ھێزە ھاوپەیمانەکانە لەعێراق و ھەرێمی کوردستان.

‎درۆنەکان نامەیەکی توندی تریان هەڵگرتبوو لەڕێگەی مووشەکێکەوە ناردیان بۆ ھێزێکی پێشمەرگە کە بەپێی شیکارێکی لۆژیکی دەبێت لەسەری نوسرابێت "عەین ئەسەدو ھەریر" یەک پاکێجن. ھەر کاتێکیش باسی دەرکردنی ھاوپەیمانان لەعێراق کرا، ئەوا تەنھا لەئەنبار نییە بەڵکو لەھەولێریشە.

‎ ئەگەرچی کوشتنی ئەبو تەقوا ئاگرەکەی ماوەیەکە خامۆش کردووە، بەڵام ھەموو لێدوان‌و پێداگیرییەکان بەرەو ئەوە دەچن کە ھاکا جارێکی تر بەنزینی ئێرانی گڕ لەپشکۆی خامۆشی شەڕ بەربداتەوەو قۆناغێکی گەورەی شەڕی ئاسمانی لەعێراق‌و ھەرێمی کوردستان ڕووبدەن.

‎ئەو داوایەی سودانی لەیادی دامەزراندنی سوپای عێراقیدا کە "کاتی ئەوە ھاتووە ھێزەکانی ھاوپەیمانان بکشێنەوە"، داوایەکی تەواو ئێرانییە، ھەر بۆیە بێجگە لەھێزەکانی سەر بەئێران‌و کۆکردنەوەی چەند واژوویەکی کەم لەپەرلەمانی عێراق کەسی تری دڵخۆش نەکرد، چونکە ھێشتا زامی داعش بەسەر جەستەی شەکەت و ماندووی وڵاتەکەوەیە. ھەر زووش ئەمەریکا وەک زلھێزترینی ناو ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەرێگەی وتەبێژی وەزارەتی بەرگرییەوە وتی "ھیچ پلانێکمان بۆ کشانەوە نییەو لەسەر ئەرکەکانمان بەردەوام دەبین بۆ لەناوبردنی داعش".

‎ئەوەی پێشبینی دەکرێت ھێزە توندڕەوەکانی مەیلداری ئێران پێش گەڕێکی دیکەی ھەڵگیرسانی شەڕ، مەیلێکی زۆریان ھەیە بەوەی داواکەی سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی وەکو چەکێکی سیاسی بەکاربھێنن‌و وردە وردە شەقامی عێراقی پێ جۆش بدەن‌و وەک داوایەکی خەڵکی عێراق بیدەن بەگوێی جیھاندا، بەڵام ھێزی ئەم جۆشدانە بەھۆی دابەشبوونی شەقامی عێراقیەوە سنوردارەو ئەمەش جارێکی تر دەیانگەڕێنێتەوە بۆ بازنەی شەڕو توندوتیژی.

‎ھەموو ئەگەرەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن کە گەڕێکی تری ئاگری شەڕی چەکدارە مەیلدارەکانی ئێران و ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لەئاسمانەکانی ھەولێرو بەغداو ئەنبار دەستپێبکاتەوە. ئێران بەھۆی ھێزە مەیلدارییەکانییەوە لەفراوانکردنی بەرەکانی جەنگ ماندوو نابێت‌و مقاشەکانی ڕاھێنراوو بەھێزن.

ئێران‌و ئامڕازەکانی، ئەمڕۆ وەک عەنکەبوتێک وان، کە چاوەکەی لەتارانەو پێکانی لەبەغداو دیمەشق‌و بەیروت‌و غەزەو سەنعا، ‎ئێران لەھەموو بەرەکان جەنگاوەری ھەیەو شەڕی بەوەکالەتی بۆ دەکەن، لەلوبنان و فەڵەستین‌و سوریاو یەمەن لەنێو ئاگری شەڕدان، چ باکێتی لەم بەرە نزیکەی عێراقیشەوە ھێزە هەوادارەکەی نەخاتە دۆخێکی شەڕی سەختەوە؟ چ باکێتی عێراق و ھەرێمیش بۆماوەیەک بەگڕی ئەو شەڕە نەسوتێنێت؟ ئیتر چۆن  ھەرێم و عێراق بەردەوام لەچاوەڕوانی شەڕدا نەبن؟ لەکاتێکدا ئاڕاستەی هەرێم بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق پێچەوانەیە، وەک دوێنێ بارزانی لەمیانی کۆبونەوەی لەگەڵ فەرماندەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان  لەعێراق و سوریا بەپێچەوانەی لایەنە توندڕەوە مەیالەکانی ئێرانەوە رایگەیاند کە "لەگەڵ مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانیدایە".


PM:11:40:09/01/2024

ئه‌م بابه‌ته 904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی