یارییه‌ك له‌پێناو سلێمانییدا

‌سیروان غەریب

سبه‌ی،‌ پێنجشه‌ممه‌ كاتژمێر ٢:٣٠، به‌ هه‌موو ده‌نگ و ڕه‌نگه‌ جیاوازه‌كانی‌ نێو میدیای‌ كوردیی و نووسه‌ره‌كانی‌، له‌مسه‌ری‌ ڕاست بۆ ئه‌وسه‌ری‌ چه‌پ، له‌مسه‌ری‌  ئیسلامیی‌ بۆ ئه‌وپه‌ڕی‌ عه‌لمانی‌، له‌ لیبڕاڵه‌وه‌ بۆ میانڕه‌و و سه‌ربه‌خۆ، به‌ وێنه‌یه‌كی‌ گه‌وره ‌كه‌ له‌سه‌ری‌  نووسراوه‌ "ماڵئاوا هێمن گیان" ده‌چینه‌ نێو یاریگای‌ كه‌مال سه‌لیم تا لەگەڵ هونەرمەندان یارییەکی دۆستانە ئەنجام بدەین کە کەناڵی ئاسمانی کوردسات ڕێکیخستووە.

دەسپێکی یارییەکە، وەکو بیرهێنانەوەیەک وێنەیەکی گەورەی کاک هێمن قەرەداغی، ڕۆشنبیر و نووسەر و شاعیر نماییش دەکەین، ئەو کوڕە هێمن و سەنگینەی کە هەفتەی ڕابردوو بە کارەساتێکی دڵتەزێن ئەم دونیایەمانی جێهێشت، ڕۆشنبیرێکی جیددی و خۆشەویستیی هەمووان، کەسێک کە تازە پێی نابووە کایەی هونەرەوە و پێشتریش هاوکارێکی شێلگیر و ڕاستەقینەی ڕۆژنامەگەریی ئەهلیی و ئازاد بوو، هەربۆیە کاک هێمنی جوانەمەرگ بۆ هەردوو تیمەکە (هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیرانیش) سەنگ و بەهایەکی بەرچاوی هەیە و ئێمە وەکو بەشدارێکی  ئەو بۆنەیە ئەوەمان وەکو لالێکردنەوەیەکی بچووک بە بەشدارییەکانی ئەم ڕۆشنبیرە سەنگینەمان هەژمار دەکەین.

ئێمه‌ كه‌ نزیکەی ٣٠ كه‌سین، پێکهاتوو لە‌ نووسەر و ڕۆژنامه‌نووس و تیپێكی‌ فتبۆڵێنمان دروست كردووه؛‌ مانای‌ ئه‌وه‌ نییه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ سه‌رجه‌م ڕۆژنامه‌نووسان و نووسه‌رانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ ده‌كه‌ین (بۆیە ئەمە دەڵێم چونکە هه‌ندێك لە ئازیزان بەو جۆرە لێکی دەدەنەوە)، ئێمە لەم یارییەدا ته‌نها ویستوومانه‌ نوێنەری  نەوەیەکی دیاریکراو لە نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسان کۆ بکەینەوە كه‌ له‌ سه‌رده‌می‌ "خه‌ون و ئومێدی گەورەدا"  جۆرێک له ‌میدیایان به‌ڕێوه ‌بردووه‌ یاخود تیایدا به‌شداربوون كه‌ تا ڕاده‌یه‌ك جیاواز بووه‌ له‌ میدیای‌ نوێی‌ ئێستامان، کە ده‌ڵێم جیاواز بووه مەبەستم هیچ خۆبەباشزانییەک نییە و لێره‌دا خۆم له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌و دوو قۆناغه‌ ده‌دزمه‌وه،‌ چونكه‌ باسی‌ تۆپی‌ پێ ده‌كه‌م، تۆپی پێش پێویستی بە پاسدان و هاریکاریکردنی یەکە، بۆیە چاوەڕوانی هاندانی ئێوەین.

ئه‌وه‌ی‌ سبه‌ی‌ پێنجشه‌ممه‌ بێته‌ نێو یاریگای‌ كه‌مال سه‌لیم ته‌نها یارییه‌ك نابینێت، به‌ڵكو لەنێو یاریگا تابلۆیه‌كی‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگی‌ وه‌ك سلێمانی‌ دەبینێت، ئه‌و تابلۆیه‌ی‌ كه‌ نووسه‌رانی‌ ڕه‌خنه‌گر و ڕۆژنامه‌نووسانی‌ ئازا و بوێر نه‌خشاندوویانه‌ و سیاسه‌ت و سیاسییه‌كانیش هه‌میشه‌ ده‌یانه‌وێت تا ئاستی‌ سڕینه‌وه‌ كاڵی بكه‌نه‌وه‌.

پاڵنەری به‌شدارییكردنی‌ به‌شێكی‌ زۆرمان له ‌تیمی‌ نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسان هه‌ر له ‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرت كه‌ دروستبوونی تیمه‌كه‌ به‌ هه‌مه‌ڕه‌نگی‌ ده‌ستی پێكرد و دوور بوو له ‌بیركردنه‌وه‌ی‌ حیزبییانه، دەمانوسیت‌ بۆ چالاكییه‌كی‌ له‌و جۆره‌، هه‌موومان له‌پێناو پاراستنی‌ تابلۆ ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌كه‌ی‌ سلێمانییدا كۆ بینه‌وه؛ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌و سیاسییانه‌ی‌ به‌ بیری‌ ته‌سكی‌ سیاسی‌ خۆیان ته‌حه‌ممولی‌ ئه‌م فرەڕەنگییەی‌ شاره‌كه‌ ناكه‌ن، هه‌ر ڕۆژه‌ به ‌جۆرێك، هه‌ر سیاسییە به‌ بیانوویه‌ك و هه‌ر حیزبێک به‌ فێڵێك سزای‌ ده‌ده‌ن.

 گۆشەی هەفتانەی وێستگەی هاوڵاتی


AM:12:01:22/11/2023

ئه‌م بابه‌ته 1120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی