ئه‌مساڵیش وه‌ك پاره‌

‌سیروان غەریب


له‌میژووی دورستبوونی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌ هه‌رگیز نه‌بووه‌ كورد ئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌كانی‌ له‌یه‌ك بچێت.  ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه‌ پێش ساڵی‌ 2014 هه‌رێمی‌ كوردستان ساڵه‌كانی‌ هه‌میشه‌ پڕ رووداوی‌ جیاواز بووه‌ كه‌ ده‌ڵێم رووداو به‌ باشی‌ و خراپییه‌وه‌، هه‌ر له‌ دروستكردنی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆوه‌ بیگره‌ هه‌تاوه‌كو به‌ده‌ستهێنانی‌ نوسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستوری‌ عێراق و به‌ڕه‌سمی‌ ناساندنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی‌ عێراقه‌وه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ ساڵه‌كانی‌ پڕبوون له‌ڕووداوگه‌لی‌ جیاواز و به‌زه‌حمه‌ت نه‌بێت نایدۆزیته‌وه‌ ژیان و گوزه‌رانی‌ وه‌ك ساڵی‌ پێشووتری‌ بێت. به‌ڵام له‌دوای‌ 2014 وه‌ هه‌تاوه‌كو ئه‌مرۆ كه‌ 239 ساڵ به‌سه‌ر بنایدنانی‌ شاری‌ سلێمانی‌ تێده‌په‌ڕێت ڕووداوه‌كان و كێشه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌تایبه‌ت سلێمانی‌ قه‌تیسیانخواردووه‌و هه‌روه‌ك ساڵی‌ پاره‌.

به‌چاو خشاندێك به‌ئه‌رشیفی‌ به‌رواری‌ ئه‌مرۆی‌ ساڵی‌ رابردوو بۆت ده‌رده‌كه‌وێت ساڵی‌ ئه‌مساڵی ئه‌م هه‌رێمه‌ وه‌ك ساڵی‌ پاره‌، مووچه‌، كێشه‌ی‌ خوێندكاران، ناڕه‌زایه‌تی‌ مامۆستایان هه‌تاوه‌كو په‌یامه‌ دوباره‌كانی‌ به‌رپرسان بۆ یادی‌ شاری‌ سلێمانی‌ .

واباشتره‌ چه‌ند مانشێتێكی‌ رۆژی‌ 14ی‌ 11 /2022 ریز بكه‌ین تاوه‌كو راستییه‌كان بسلمێنین و لێكچوونی‌ كێشه‌كان و ڕووداوه‌كان بدۆزینه‌وه‌.

 **خوێندکارانی بەشەناوخۆیی ئیسکان، لە کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی دەستیان بە خۆپیشاندان کرده‌وه‌.
**  ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی بڕیاریدا له‌ سبه‌ینێوه‌ ده‌وامی خوێندن رابگرێت.
** بافڵ تاڵه‌بانی‌:  هیچ رەشەبایەکی لەرزۆک ئەم شاری‌ سلێمانی‌ زیندووەی نەبەزاندووە. 
**سه‌رۆككۆماری عێراق: چارەسەری‌ خێرا بۆ کێشەکانی‌ نێوان هەولێر و بەغدا دەدۆزینەوە
** نەوەی نوێ: پشتگیریی تەواوی داواکاریی خوێندکاران دەکەین.
**مەسرور بارزانی: شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی شایستەی باشترین خزمەتە.
** ئەندامێکی مەکتەب سیاسی پارتی: پارتی سەردانی هەموو لایەنەکان دەکات.

ئه‌م مانشێتانه‌ ده‌رخه‌ری‌ ئه‌و ڕاستییانه‌ن كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌نێو كێشه‌و گیرو گرفته‌كانیدا به‌ به‌رده‌وامی‌ خول ده‌خوات و له‌دوای‌ 2014 وه‌ هیچ چاره‌سه‌رێكی‌ ڕیشه‌یی‌ و بۆ كێشه‌كانی‌ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌ركی‌ هه‌موو حكومه‌تێكه‌، به‌ڵام ئه‌م كابینه‌یه‌ ده‌یخاته‌ پاڵ ئه‌و كابینه‌یه‌و هه‌مووی‌ ده‌یه‌وێت خۆی‌ له‌ به‌رپرسیارێتی‌ ئه‌م نه‌هامه‌تییانه‌ ڕزگار بكات كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌هۆكاری‌ خراپ به‌كارهێنانی‌ ده‌سه‌ڵاتداران به‌رۆكی‌ كوردستانی‌ گرتووه‌و باجه‌كه‌شی‌ هاوڵاتیان ده‌یده‌ن.

پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، تا كه‌ی‌ ئه‌م دۆخه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت؟ تا كه‌ی‌ هاوڵاتیان سه‌ریان گێژ ده‌خوات به‌دیار كێشه‌ دوباره‌بووه‌كانه‌وه‌؟ ئایا ئه‌م دۆخه‌ به‌مشێوه‌یه‌ ده‌چێته‌ سه‌ر؟  دیاره‌ ئه‌مانه‌ پرسیاری‌ هاوڵاتیانیشن، كه‌ پێموایه‌ هیچ وه‌ڵامێكیان لای‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ستناكه‌وێت چونكه‌ ئه‌وانیش خۆیان پرسیاری‌ ئه‌وه‌یان لا دروستبووه‌ كه‌ ئایا ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌مێنێت؟ لەڕاستیدا هەرێمی كوردستان تاكە شوێنە كەحكومەت و دەسەڵاتەكەی وەڵامیان لانەبێت بۆ داواكاری هاوڵاتیان و خەڵك نەزانن سبەی چی ڕوو دەدات.


PM:01:20:15/11/2023

ئه‌م بابه‌ته 1012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی