ته‌نها ئه‌منییه‌ت به‌س نییه‌

‌سیروان غەریب

له‌نێو قه‌ره‌باڵه‌غی‌ و هات و هاواری‌ ئه‌وانه‌ی‌ نۆره‌یان بۆ چونه‌ نێو یاریگای‌ فرانسۆ حه‌ریری‌ شاری‌ هه‌ولێر گرتبوو تاوه‌كو یاری نێوده‌وڵه‌تی‌ یانه‌ی‌ ئیتحادی‌ سعودی‌ و قوه‌جه‌وییه‌ی‌ عێراق ببینن هانده‌رێكی‌ گه‌نج له‌نیۆ كێشمه‌كێش و پاڵه‌په‌ستۆه‌كه‌یا هاواری‌ كرد " دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ گه‌ر وا بڕوات سزا ده‌ده‌رێین و ناهێڵن یارییه‌كانمان له‌ناوخۆی‌ عێراق ئه‌نجام بدرێت".

یانه‌ی‌ قوه‌جه‌وییه‌ی‌ عێراقی‌ دوو یاریگا له‌به‌رده‌می‌ بوو تاوه‌كو قه‌ناعه‌ت به‌ یه‌كێتی‌ تۆپی‌ پێی‌ ئاسیا بكات یارییه‌كانی‌ خولی‌ یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی‌ ئاسیای‌ تیادا ئه‌نجامبدات، "به‌سره‌ و هه‌ولێر" یانه‌كه‌ هه‌ولێری‌ هه‌ڵبژارد، ئه‌مه‌ش به‌هۆكاری‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌غدا هێشتا به‌هۆكاری‌ ئه‌منی‌ یاریگا نێوده‌وڵه‌تی‌ شه‌عب هه‌ر له‌ژێر سزادایه‌.

هاواری‌ ئه‌و گه‌نجه‌ زۆر ڕاسته‌ و گومانی‌ تیادا نیه‌ و له‌دڵسۆزییه‌وه‌یه‌ بۆ یانه‌كه‌ی‌ كه‌ له‌به‌غداوه‌ هاتووه‌ بۆ هاندانی‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نییه‌ ، به‌ڵكو چه‌ندین درزی‌ تر هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر بێت و چاره‌سه‌ری‌ بۆ نه‌دۆزرێته‌وه‌ ڕه‌نگه‌ یاریگای‌ هه‌ولێر میوانداری‌ یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی‌ ئاسیا له‌ده‌ستبدات و خه‌ونی‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش بكوژرێت كه‌ تامه‌زرۆی‌ چێژوه‌رگرتن له‌یارییه‌ به‌هێزه‌كان."خه‌ونه‌كه‌ زۆر گه‌وره‌ نییه‌، مه‌به‌ستم چه‌شنی‌ یارییه‌كه‌ی‌ رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ی‌ ڕابردووه‌".

یه‌كه‌م: له‌یاریگای‌ نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌بێت له‌هه‌موو شوێنێكه‌وه‌ یاریگاكه‌ ببینیت، به‌ڵام له‌یاریگای‌ فرانسۆ حه‌ریری‌ شوێنی‌ vip به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رده‌م بینینی‌ به‌شێك له‌هانده‌ری‌ یارییه‌كان.

دووه‌م: هه‌ندێك هانده‌ر ده‌چنه‌ سه‌ر ئه‌و شوێنه‌ به‌رزانه‌ی‌ كه‌ بۆ دانانی‌ كامیراكانی‌ په‌خشی‌ ڕاسته‌وخۆ دانراون، ئه‌مه‌ له‌دنیادا نه‌ك ڕێگه‌ پێنه‌دراوه‌، به‌ڵكو سزای‌ له‌سه‌ره‌.

سێهه‌م: هاتنه‌ ژوره‌وه‌ی‌ كه‌سانی‌ ده‌ستگێڕی‌  فرۆشتنی‌ جگه‌ره‌ كه‌ ئه‌مه‌ له‌دنیای‌ تۆپی‌ پێدا نه‌ماوه‌. جا وه‌ره‌ بیشفرۆشێت به‌منداڵی‌ 10 ساڵ بۆ 11 ساڵ . ئه‌مه‌ قه‌ده‌غه‌یه‌. له‌وێنه‌یه‌كدا كه‌ له‌لام پارێزراوه‌ چه‌ند منداڵێك له‌یاریگاكه‌ جگه‌ره‌ ده‌كێشن و له‌دیمه‌نێكی‌ تردا كه‌سێكی‌ ده‌ستگێڕ جگه‌ره‌ ده‌فرۆشێت.

چواره‌م: شوێنی‌ دانیشتنی‌ هانده‌ران به‌شێكی‌ زۆری‌ خۆڵ و خاشاك و پاشماوه‌ی‌ جگه‌ره‌ی‌ یارییه‌كانی‌ پێشووی‌ لێبوو، كه‌ ئه‌مه‌یان په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ڕاسته‌خۆی‌ به‌ئیداره‌ی‌ یانه‌ی‌ هه‌ولێره‌وه‌ هه‌یه‌. وێنه‌ هه‌یه‌ دۆكۆمێنت كراوه‌ كه‌ شوێنی‌ دانیشتنه‌كان وا ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ند یارییه‌ك پاكنه‌كرابێتنه‌وه‌.

پێنجه‌م: نابێت ئاوی‌ كۆبووه‌وه‌ی‌ باراناو له‌نێو یاریگادا هه‌بێت، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینرا له‌به‌رده‌م شوێنی‌ دانیشتنی‌ پشت گۆڵچی‌ " لای‌ راست، واته‌ گۆڵی‌ لای‌ كافور" ئاوێك كۆبۆته‌وه‌ كه‌ ده‌كرا پێش یارییه‌كه‌ لاببرێت به‌ڵام لانه‌برابوو فه‌رامۆشكرابوو.

به‌كورتی‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ یاریگایه‌ك سزا نه‌درێت ته‌نها پاراستنی‌ ئه‌منی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یاریگاو ناوه‌وه‌ی‌ یاریگا، كه‌ تاڕادایه‌كی‌ زۆر باش له‌یاریگای‌ فرانسۆ حه‌ریری‌ له‌یاری‌ نێوان قوه‌جه‌وییه‌و ئیتحاد پارێزرابوو، به‌س نییه‌. به‌ڵكو ئه‌و خاڵانه‌ی‌ كه‌ باسمان كرد ده‌بنه‌ مایه‌ی‌ كێشه‌و سزای‌ لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، له‌سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه‌ فرۆشتنی‌ جگه‌ره‌ له‌لایه‌ن ده‌ستگێڕه‌كان و فیشكه‌ی‌ جگه‌ره‌ی‌ منداڵان، ئه‌م دیمه‌نه‌ بكه‌وێته‌ زومی‌ كامیرای‌ په‌خشی‌ ڕاسته‌وخۆی‌ نێو یاریگاكه‌وه‌ بێ‌ گومان یاریگاكه‌ بێ سزا ده‌ربازی‌ نابێت.


AM:09:54:08/11/2023

ئه‌م بابه‌ته 2200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی