حه‌ماسییه‌كان چی‌یان به‌سه‌ر دێت؟
سیروان غەریب
جەنگێکی خوێناویی ده‌ستی پێ كردووه، هه‌موو ئاماژه‌كان پێمان دەڵێن هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر غه‌ززه سەدقاتی هێرشەکانی پێشوو خوێناویی ده‌بن و تائێستاش هەر وا بووە، چاوه‌ڕوانیی مرۆڤایه‌تیی و ئه‌وانه‌ی ئاشتیییخوازن بۆ کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە نه‌ك دڵخۆشكه‌ر نیین؛ به‌ڵكو دیمه‌نه تۆقێنەرەکانی ئەم خوێنپژانە، تابلۆی ژیانێكی نا‌ئومێد لە ئاسۆدا دەنەخشێنن و پێشبینیی ئەوەش دەکرێت ئاگری جەنگەکە تەشەنە بکات و شه‌ڕ و خوێنڕێژیی سه‌رجه‌م خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بگرێته‌وه.
ڕووتكردنه‌وه‌ی خانمانی به بارمته‌گیراو، سه‌ربازی كوژراو، كۆمه‌ڵکوژیی نێو بیناكان و ڕاكێشانی سه‌ربازی ئیسرائیلیی بەسەر شه‌قاماكانی غه‌ززه‌دا، ترس و تۆقینی ئه‌و هاوڵاتییه مه‌ده‌نیانه‌ی مەینەتی جەنگەکەیان بەسەردا باریوە؛ ته‌نها یەک دیمه‌نی سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆی رووداوه‌كانی زاڵ کردووە کە ئه‌ویش "تۆڵه"یه. جا شه‌ڕێك شه‌ڕی "تۆڵه"بێت و سوپایه‌ك بیكات كه خۆی له چه‌ندین پێشێلكاریی گەورەی مافەکانی مرۆڤ تێوه‌گلاوه، ده‌بێت چی لێ بکەوێتەوە؟
شیکاریی لایەنە سه‌ربازییه‌كانی جەنگەکە، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا خراونەتە ڕوو و بەرهەمی تێڕوانین و دیدی كه‌سانی پسپۆڕ و شارەزایانی کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی ئیسرائیل و فەڵەستینە، ئەوەی لێ گەڵاڵە دەکرێت کە ئەمجارە ده‌رپه‌ڕاندنی حه‌ماس له غه‌ززه و ڕاوه‌دونانیان به‌هێزترین سیناریۆی جەنگەکەیە، ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش تاقە سه‌بووریی بێت بۆ قوربانیانی ده‌ستی هێرشه‌كه‌ی حه‌ماس، ته‌نها ڕێگر له به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ئەم سیناریۆیەشدا، به‌كارهێنانی بارمته‌كانه له‌لایه‌ن حه‌ماسه‌وه وه‌ك قەڵغانی مرۆیی، ئەوانەشی ئەو ئەگەرە بە دوور دەزانن بیریان چۆتەوە کە هەمیشە قوربانیی ڕیزی پێشەوەی جەنگەکان کەسانی مەدەنیی و بێوەی بوون و سەرباری دژواریی و لێکەوتە جەماوەریی و یاساییەکانی؛ پێدەچێت حکوومەتەکەی نەتەنیاهۆ ژیانی ئەو چەند کەسە بکاتە قوربانیی ئامانجە هەرەگەورەکە کە ڕیشەکێشکردن و لەبندەرهێنانی بزووتنەوەی حەماسی ئیسلامییە.
له‌ماوه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا، یەکێک لە دیدە هەرە باو و بەربڵاوەکانی بەشێک لە چاودێرانی سیاسیی و شیكه‌ره‌وانی جەنگەکە بریتیی بوو لە سه‌رسامیی به دزه‌كردنی حه‌ماس بۆ دەرەوەی غەززە و بڕینی دیواری دابڕی غەززە لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ئیسرائیلییەکان و لەگەڵیشیدا وێناکردنی هێز و ئاگایی و دەسەڵاتی ده‌زگای مۆساد وەکو شتێکی کارتۆنیی و هەیبەتێکی فشەڵی ناو فیلمە تەمویلکراوەکان لە لایەن دەزگای ناوبراوەوە...
کار گەیشتە ئەوەی بەشێک لە خوێندەوار و نووسەران، دەستیان دایە نووکتە کردن لەسەر مۆساد، کە هه‌میشه به‌وه ناسراوە یەکێکە لە دەزگا هەواڵگرییە هەرە کاراکان لە دونیادا، ئەمانە ئاگاداری ئەوە نیین کە تۆماس فریدمان، نووسه‌ری دیار، چه‌ند كاتژمێرێك دوای دەستپێکردنی هێرشه‌كه‌ی حەماس له ڕۆژنامەی نیویۆرك نووسی "هه‌ركه‌سێك به دیار هه‌واڵه‌كانی ئیسرائیله‌وه دانیشتبێت ده‌یزانی حه‌ماس ڕاسته‌وخۆ و به به‌رچاوی سوپای ئیسرائیله‌وه سه‌رقاڵی شتێك بوو كه له مانۆڕی مه‌شقكردن ده‌چوو بۆ هێرشێكی له‌و جۆره، به درێژایی سنووری كه‌رتی غه‌ززه".
ئه‌گه‌ر به‌دوای ئه‌و ڕاستییه‌دا بگه‌ڕێین و بمانەوێت بیسەلمێنین کە مۆساد و ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل پێویستیان به بیانوویه‌كی گه‌وره‌ی له چه‌شنی ڕووداوه‌كه‌ی شه‌ممه بووه بۆ شه‌ڕێكی خوێناوی گه‌وره دژی فەڵەستینییەکان، ڕه‌نگه له‌سه‌ر ئه‌رز و لە ئاسمانیش نه‌دۆزرێته‌وه، به‌ڵام كه باسی سیاسه‌ت و ئه‌گه‌ره كراوه‌كانی ده‌كه‌ین، ده‌كرێت ئاگاداربوونی مۆساد له ئەگەری هێرشێکی لەو جۆرە وه‌ك ئه‌گه‌رێك وه‌ربگرین، چونكه دوورخستنه‌وه و بەرپاکردنی جەنگێکی خوێناوی بۆ سڕینه‌وه‌ی "دوژمن" بیانوویه‌كی گه‌وره‌ی ده‌وێت تاوه‌كو هه‌موو جومگه‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌بێ جیاوازی بیر‌و ڕا بخرێنە نێو شه‌ڕه‌كه‌وه.
جەنگی "تۆڵه‌ی"ی ئیسرائیلییه‌كان به باجێكی گه‌وره‌ی حه‌ماسییه‌كان كۆتایی دێت، ئه‌وه‌ی پێشبینییكراوه ئەوەیە حه‌ماس له غه‌ززه دەردەپەڕێنرێت دوور نییه له بیابانی سینای نێوان میسڕ و ئیسڕائیلدا پەرتەوازە ببن.
PM:10:19:10/10/2023
ئه‌م بابه‌ته 2796
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی