چوار سه‌رنج دەربارەی پێنجەمین كۆنگره‌ی یه‌كێتی
سیروان غەریب
ئەم گۆشەیە لەیەک کاتدا لەڕۆژنامەی هاوڵاتی و سایتی وێستگەنیوز چوارشەممان بڵاو دەبێتەوە
له چرکەساتی ڕووداوه‌كانی هه‌شتی ته‌مموزه‌وه هەتا به‌ستنی پێنجه‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی، ماكینه‌یه‌كی به‌هێزی سه‌ربازیی و ئابووریی له‌گه‌ڕدا بوو بۆ درووستكردنی جه‌سته‌یه‌كی دیکە بۆ یه‌كێتی، سه‌ره‌نجام دوای كۆنگره جه‌سته‌كه سه‌رێكی پێوە لکێنراو بە سەرجەم نه‌یار و دۆست و لایه‌نگر و خه‌ڵكی كوردستانیان ڕاگه‌یاند ئه‌مه یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه.
له هه‌رێمی كوردستان، بە نزیکەیی حیزب هەموو شتێکی مۆنۆپۆڵ کردووە، له سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه ده‌ستی بردووه بۆ بینه‌قاقای سه‌رجه‌م داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت، هەر بۆیە کارێکی نەکردەیە پێگە و ڕۆڵی حیزب و بۆنه‌كانی فه‌رامۆش بكرێن، به‌تایبه‌تی بۆنەیەکی وەکو كۆنگره‌ی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان، كه له‌نێو تەپوتۆزی چه‌ندان كێشمه‌كێش و ململانێی ناوخۆیی و له شارێكی فه‌رامۆشكراوی وەکو سلێمانییدا کرا، شارێک كه یه‌كێتی به قه‌ڵای قه‌ڵه‌مڕه‌ویی خۆی داده‌نێت و زۆرینه‌ی كات له نه‌هامه‌تیی و ده‌رده‌سه‌رییه‌كاندا هاوڵاتییان ناڕه‌زایه‌تییه‌كانیان ئاراستەی ئه‌و حزبه دەکەن، سه‌رنجەکانی ناو ئەم وتارەش هەر لە‌و سۆنگه‌یه‌وه نووسراون.
سەرنجی یەکەم: پێدەچێت هەموو ئه‌وانه‌ی لە‌و كۆنگرەیەی یه‌كێتی به چه‌پڵه و به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌ستی سه‌ركه‌وتن هاتنه ده‌ره‌وه؛ ده‌سه‌ڵاته زۆروزەوەندەکانی سه‌رۆكی یه‌كێتییان پێ قبوڵ بێت و به كارێكی باشی بزانن بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناغه.
ئەوەی ئاگاداری مێژووی ٤٧ ساڵەی یەکێتیی بێت، ڕەنگە هەق بداتە ئەوانە کە بەو دەسەڵاتە بێچەندوچوونەی تاقە سەرۆکی بێ جێگری یەکێتیی، بافڵ تاڵەبانی، نەک هەر ڕازیی بن؛ بگرە دڵخۆش و سەرمەستیش بن، چونكه بە درێژایی نزیکەی نیو سەدە (باڵ) و (هێڵ) و (خەت) و (جەمسەر) و (سەکۆ) و (پلاتفۆڕم)ـەکانی نێو یه‌كێتی، سەرباری هەندێک لایەنی ئەرێنیی، هەمیشە یه‌كێتییان به‌ره‌و كێشمه‌كێش و فه‌وزا بردووە، ڕاستییەکەی ئەوەی لەنێو یەکێتییدا هەبوو جیاوازیی بیروڕا نا بەڵکو فەوزا بوو بە مانای وشەکە و هیچکات ئەو "جیاواز"ییانە سیمایه‌كی دیموكراتییان به حیزبه‌كه نه‌به‌خشییبوو.
دواجار ئەو فەوزایە هەر لە هەناوی یەکێتییدا قەتیس نەبوو، بەڵکو دوای تەقینەوەی تەواوەتیی، ناوچەیەکی گرنگی وەکو سلێمانیی کردە گۆڕەپانی پێکدادان و ململانێی نێوان چەند هێزێک کە هەموویان لە هەناوی یەکێتییەوە هاتبوونە دەرەوە " بێ لەنەوەی نوێ " سەرەنجام ناوچەی سلێمانییان لەبری بردنە پێشەوە، زۆر بەرەو دواوە پەلکێشیان کرد.
سەرباری ئەو ڕاستییەی سەرەوە، دەبێت (به‌ڵام)ـێکی گەورە دابنێین و ئەوانە لە شتێکی دیکەش ئاگادر بکەینەوە: ئه‌وانه‌ی به‌و مه‌ركه‌زییه‌ته دڵخۆشن ده‌بێت چاویان له‌وه بێت کەئەگەرێکی بەهێز هەیە کە حیزبەکە بەرەو خەرەندی تاکڕەویی و سه‌رۆكەکەشی به‌ره‌و دیكتاتۆرێكی وا به‌رێت كه دواتر هه‌مووان په‌نجه‌ی په‌شیمانیی بگه‌زن، چونکە لەنێوان ئاژاوە و پشێویی و نەبوونی مەرکەزییەت و تاکڕەویی و دیکتاتۆرییەتدا مێتۆد و شێوازی دیکەی بەڕێوەبردن هەن، یەکێتییەکان حەقی خۆیانە خاوەنی حیزبێکی تۆکمە و یەکدەست و تاکبڕیار و مەرکەزیی بن، بەڵام تۆکمەیی و یەکدەستیی و تاکبڕیاریی و مەرکەزییبوون دەکرێت بە ڕاوێژ و لەڕێی گوێگرتن لە بۆچوونە جیاوازەکان و دیموکراسیزمیشەوە گەڵاڵە بکرێت.
بۆیە ئاماژە بەمە دەدەم، چونکە ئێستاشی لەگەڵ بێت؛ حیزبی كوردیی، به‌و پارتە نوێیانەشەوە کە تازە دادەمەزرێن، زه‌مینه‌یەکی له‌باریان هەیە بۆ ئەوەی ببنە کۆپیی حیزبی بەلشه‌فی، ئەو جۆرە لە حیزب كه كۆنگره و داموده‌زگاكانی حیزب هیچ به‌هایه‌كیان نییه و پابه‌ندبوونی كادێر و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی به زه‌بری تۆقاندن و پاره ڕاگیراوه، تەواو جیاواز له حیزبە لیبراڵەکان، کە ئه‌ندامێتیی ئاره‌زومه‌ندانه‌یه و ڕه‌خنەگرتن و خۆڕه‌خنەکردن مافێکی دەستەبەرکراو و پرنسیپێکی باڵایە بۆ گەڵاڵەکردنی جیهانبینیی و سیاسەتی گشتی حیزبەکە.
سەرنجی دووەم؛ زۆرینه‌ی به‌رپرسانی یه‌كێتیی بەشدار لە‌و کۆنگرەیەدا، کاتێک ده‌هاتنه به‌رده‌م مایكی په‌یامنێران، ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه دە‌كرد كه دوای كۆنگره‌كه یه‌كێتیی له‌سه‌ر ڕێباز و سیاسه‌ته‌كانی مام جه‌لال به‌رده‌وام ده‌بێت، ئەو بەڕێزانە دەشیانوت كۆنگره‌ی پێنجه‌م پڕ له گفتوگۆ بووه و زۆر دیموكراسییانە بەڕێوە چووە، به‌ڵام ئایا ئه‌م قسە و بانگەشانه له‌گه‌ڵ ئه‌و وێنه و دیمه‌نانه یه‌ك ده‌گرنه‌وه كه له كۆنگره‌كه ده‌هاتنه ده‌ره‌وه، بێگومان نه‌خێر، چونكه له نێو هه‌موو ئه‌و وێنانه‌ی بڵاوكرانه‌وه تاقە ئه‌ندامێكی كۆنگره‌مان نه‌بینی تابلۆی نه‌خێر به‌رزبكاته‌وه، ئه‌گه‌رچی باس له‌وه ده‌كرێت كۆنگره خاڵیی نه‌بووه لە دەنگی نەخێر، به‌ڵام خه‌ڵك سه‌یری میدیا ده‌كات و لەوێشدا بۆ دەرمان دەنگێکی بەرزکراوەی نەخێرمان نەبینی.
سەرنجی سێیەم؛ زۆرینەی ڕەهای ئەوانەی چاودێریی پێنجەمین كۆنگره‌ی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستانیان کرد لە‌و میدیایانه‌وه ته‌ماشای ڕووداوەکانی ئەو بۆنەیەیان دە‌كرد كه حیزبی نیین یان هەر بە تەواوەتیی سه‌ربه‌خۆن، یاخود ئه‌و میدیایانه‌ی تاڕاده‌یه‌كی زۆر مه‌رجه‌كانی حیزب بۆ ڕووماڵكردن دەست و پێی نەبەستوون، کەچی سەرباری ئەو بایەخەی میدیاکان بە کۆنگرەیان بەخشی؛ سه‌رپه‌رشتیارانی كۆنگره نه‌یاتوانیبوو وەک کۆنگرە یان هەر لەبیریشیاندا نەبوو وەک کۆنگرە ڕاقییەکانی دنیا جێگه‌یه‌كی باش بۆ میدیاكان ته‌رخان بكه‌ن، ئه‌مه‌ش جۆرێک لە پشێویی و فەوزای درووست كردبوو، بە هۆی ئەمەشەوە لێدوانی ئەندامانی کۆنگرە کە له په‌یج و سایته‌كانه‌وه بڵاو کرانەوە وەکو لێدوان و قسەی پەرش و بڵاو و ڕەئی شەخسی دەبینران نه‌ك لێدوانی ڕۆژنامه‌وانیی.
سەرنجی چوارەم؛ ئەمە گوزارشتێکی شەخسیی و خوێندنەوەیەکی دەروونییانەی ئەو لێدوان و قسانەیە کە من لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەی کۆنگرەکەدا لەلام گەڵاڵە بوون، من وای دەبینم زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی كۆنگره بۆ خۆنمایشكردن ده‌هاتنه به‌رده‌م كامێرا‌كان، دەڵێم بۆ لێدوان نا بەڵکو بۆ خۆنمایشكردن، بۆچیی وا دەڵێم؟ چونكه زۆرینەی ئەوانە پێیان خۆش بوو ئه‌و هه‌موو كامێرایه ڕوویان تێبكه‌ن و مایكه‌كانیش بخرێنه به‌رده‌میان لەکاتێکدا هیچ قسه و لێدوانێکیشیان نەبوو، ئاخر ئەزیزم كه مۆڵەتی لێدوانت نییە و بۆت نییه قسه بكه‌یت، ئەوا ته‌لاری هونه‌ر هه‌مووی ده‌رگایە، له‌و ده‌رگایه‌وه مل بنێ بۆ دەرەوە كه كامێرای لێ نییه.
PM:10:14:03/10/2023
ئه‌م بابه‌ته 4972
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی