وێستگه‌ی‌ هاوڵاتی‌

‌سیروان غەریب

وێستگه‌ی‌ هاوڵاتی‌؛ گۆشه‌یه‌كی‌ هه‌فتانه‌یه‌، هه‌موو چوارشه‌ممه‌یه‌ك له‌یه‌ك كاتدا هه‌م له‌ ڕۆژنامه‌ی‌ (هاوڵاتی‌) و هه‌م له‌ ماڵپه‌ڕی‌ (وێستگه‌نیوز) بڵاوده‌بێته‌وه‌.

لە گۆشەکەدا هه‌ر جاره ‌و وتارێكی‌ رۆژنامه‌وانیی‌ به‌پێی‌ ستاندا‌رده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بڵاو دەکەمەوە، له‌پێناو گه‌یاندنی‌ وتارەکە به‌ زۆرینه‌ی‌ خوێنەرانیش؛ پێڕەوی لە زمانێكی‌ ڕوون و ئاسایی به‌ڵام جددی‌ و ڕاسته‌خۆ دەکەم.

لە میدیای‌ ئه‌مڕۆماندا به ‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت وتارێكی‌ ڕۆژنامه‌وانیی‌ نابینیت، ئه‌وه‌ی‌ زۆر له‌به‌ر چاوه ‌و بڵاوده‌بێته‌وه، زۆرینەی‌ ده‌چێته‌ خانه‌ی‌ وتاری‌ ئه‌ده‌بیی‌ یان بە گشتیی خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیی ئەو وتارانە  له ‌ڕووی‌ شێواز و زمانی‌ ده‌ربڕینەوە زۆر لە وتاری‌ ڕۆژنامه‌وانیی‌ جیاوازن.

گومانی تێدا نییە سه‌ره‌تاكانی‌ دروستبوونی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ كوردی‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ئه‌دیبان و شاعیران بوو، سه‌رچاوه‌ی‌ ئیلهامی‌ نووسینه‌كانیشیان هه‌ر ‌ئه‌ده‌ب بوو، به‌ڵام ئه‌و قۆناغه‌ له ‌دوای‌ سەرهەڵدانی ڕۆژنامەوانیی تایبەتمەند و ئەکادیمیی؛‌ نه‌ك تێپه‌ڕی‌ به‌ڵكو به‌ هۆی‌ زانست و پێشكه‌وتنه‌كانی‌ ته‌كنه‌لۆژیا‌وە، ڕۆژنامه‌گه‌ریی‌ لە خوێنه‌ری نوخبه‌ و ڕۆشنبیر و پیاوانی‌ ئایینیی‌ سه‌نده‌وه ‌و كردییه‌ موڵكی‌ زۆرینه‌ی‌ ڕه‌های‌ خه‌ڵك، به‌ڵام تائێستا له‌م هه‌رێمه‌ی‌ خۆماندا، دەتوانم بڵێم ژانرێکی مێدیایی گرنگ کە بریتییە لە (وتاری‌ ڕۆژنامه‌وانیی‌)، له‌چاو وتاری‌ زانستیی‌ و فیكریی‌ و ئه‌ده‌بیی،‌ له ‌دۆخی نه‌بووندایه‌.

پاڵپشت به‌و  ئه‌زموونه‌ چه‌ندین ساڵییه‌ی‌ له ‌بواری‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ و مێدیای‌ كوردییدا هه‌مه و بە كه‌ڵكوه‌رگرتن له‌و وانه‌ تایبه‌تانه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنم به ‌كاری‌ رۆژنامه‌وانی‌ وه‌رمگرتوون؛ جا له‌ ناوخۆ بووبێت یان ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات، بە شێوەیەکی شاییستە و کارا لەسەر نووسینی گۆشه‌ی‌ "وێستگه‌ی‌ هاوڵاتی‌" بەردەوام دەبم .

له‌م وێستگه‌ نوێیه‌مدا، له ‌ڕێگه‌ی‌ وتاری‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌وه‌ پاڵپشتی‌ له‌ خه‌مه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیی‌ و ئابووریی‌ و سیاسییه‌كانی‌ هاوڵاتییانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ‌ ده‌كه‌م، چاویش له‌ دیارده‌ ناشایسته‌كانی‌ مێدیای‌ كوردی‌ نانووقێنم و ڕه‌خنه‌یان‌ لێ‌ ده‌گرم به (‌وێستگه‌نیوز) و (هاوڵاتی)یشه‌وه‌.

لە نووسینی ئەو وتارانەی گۆشەکەدا؛ هه‌میشه‌ ئه‌و پرنسیپانه‌ی‌ له ‌ژیانمدا باوه‌ڕم پێیان‌ بووه‌ پێڕەو ده‌كه‌م و خۆم به ‌دوور ده‌گرم له ‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ گوتاری‌ رڕق و كینە، هاوكات ڕۆڵی‌ چاكه‌كاران و خراپه‌كاران بە جیا دەبینم و ته‌ڕ و وشك به ‌یه‌كه‌وه‌ ناسووتێنم .

به‌ڵێنیش ده‌ده‌م هه‌ر له‌م گۆشه‌یه‌وه‌ ئه‌گه‌ر به ‌هه‌ڵه ‌و بێ‌ به‌دواداچوون و زانیاریی‌ ورد غه‌در یان ناوی‌ كه‌سێك یان ده‌زگایه‌كم زڕاند؛ له‌ ژماره‌ی‌ ئایندەی گۆشەکەدا‌ داوای‌ لێبوردنی‌ لێ‌ بكه‌م و كوردوته‌نی‌ خه‌جاڵه‌تی‌ بۆ ده‌رببڕم.

دەبێت سوپاسی‌ تاریق فاتیح؛ خاوه‌نی‌ ڕۆژنامه‌ی‌ هاوڵاتی‌ بكه‌م كه‌ ده‌رگای‌ رۆژنامه‌كه‌ی‌ بۆ خستمه‌ سه‌ر پشت، هەروەها سوپاسی‌ هاوڕێ‌ و برام ڕه‌حمان غه‌ریب ده‌كه‌م كه‌  گۆشه‌كه‌ی‌ ناونا.


AM:12:04:13/09/2023

ئه‌م بابه‌ته 984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی