ئەزیزم کاکە سیروان غەریب

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

تیپێکی یاری پێ، لە یازدە کەس پێک دێت. بۆ بردنەوە پێویستت بە تۆمارکردنی گۆڵە. بەڵام دواجار تۆپ بە هیممەتی یەک تاکە یاریچیەوە ئەچێتە ناو گۆڵی تیپی بەرامبەرەوە.

تیپی نوسەران و ڕۆژنامەنوسان بەرامبەر بە تیپی هونەرمەندان بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانی یاریەکی دۆستانە ساز ئەکەن. لەناو ئەم هەمو گێرمەو کێشە سیاسیەدا، لە ناوجەرگەی ئەو خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەی کە کێشمەکێشە سیاسی، ئابوری و سەربازیەکان وەک بورکان ئاگر بەسەر ناوچەکەدا ئەبارێنن، ئەم یاریەدەسپێشخەریەکی جوان و داهێنانێکی نمونەییە.

سبەی بیست و دوکەس بەرەو ڕوی یەکتر یاری ئەکەن. تیمەکان هۆمۆجین نین. سیاسەتی دەزگا ڕاگەیاندنەکان چون یەک نین. بیروڕای نوسەران نوسخەی یەکتر نین. ستایڵی هونەرمەندان زادەی یەک مەدرەسە و ستایڵی هونەری چونیەک نین. لە هەر تیپە یازدە کەس بەشدارن. بەڵام مەحاڵە هەر یازدەیان گۆڵ بکەن و، گۆڵچی لێ دەرچێت یەک یاریچی نابێت تۆپ بەدەست بگرێتەوە. دواجار، ئەو تیپەی کە لەو ڕاستیە تێ نەگەیشتبێت کە یاری فتبۆڵ چالاکیەکی هەرەوەزی (جەماعیە)، ئەوا مەحکومە بە فەشەل.

خۆشترین تەزوی ئارەزو لە یاریدا بردنەوەیەتی. بەڵام لە بردنەوە خۆشتر، چێژ بردنە لە چرکە بە چرکەی یاریەکە و دۆزینەوەی هەمو تیپەکە لە یەک جەستەدا، کە ئەویش جەستەی تیمە. خۆزگە ئێمەی کورد بە تموحی تیمەوە بەرەو ئامانجەکانمان هەنگاومان ئە نا. خۆزگە لەو یازدە یاریچیە نە ئەچوین کە هەمویان ملی خۆیان ئەشکێنن بۆ ئەوەی پێش ئەوانیتر شوت لە تۆپەکە بە ئاڕاستەی گۆ`لەکەی خۆیان لێ بدە ن.

سیروان گیان…

خۆزگە لە سلێمانی بومایە و چەپڵەم بۆ ئەو تیپە لێ بدایە کە گوێ لە حیکمەتی فتبۆڵێن ئەگرێت و، هیچ یاریچیەک مەرجی پێشوەختەی نیە کە هەر ئەبێت خۆی گۆڵ بکات، بەڵکو هەموان لایان مەبەستە کە تیپ براوە بێت. سڵاوم بە ڕەفیقان بگەیەنە.


PM:07:08:22/11/2023

ئه‌م بابه‌ته 1528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی