کێ موسوڵمانی ڕاستەقینەیە؟

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین

خوای گەورە ئینسانەکانی چونیەک و، وەک یەک لە نێر ومێ و، میللەتی جیاواز دروست کردوە بە بێ جیاوازی. ئەگەر بڕوات بەم قسەیە نیە بگەڕێرەوە سەر قورئان (سورەی حوجورات، ئایەتی ١٣).

ئینسانی ئافرەتی موسوڵمان، لە و وڵاتانەی بەخۆیان ئەڵێن ئیسلامی، چ سەرچاوەیەکیان هەیە بۆ ئەوەی داوای مافەکانی خۆیان بکەن جگە لە قورئان. ئەی ئەگەر تەرجومەی قورئان تەنیا لەدەسەڵاتی پیاو بو؟… ئەوکات کۆتایی ڕێگایە. چونکە پیاو چۆنی بوێت، بەو جۆرە تەعریفی ئایەتی ژمارە ١٣ ی سورەی حوجورات ئەکات. ئیتر عەدالەتی خواو حەقانیەتی قورئان لەلایەن پیاوەوە و لەپێناو مەسڵەحەتی خۆیا پێشێل ئەکرێت. خوا ئەو پیاوانە بگرێت کە سەخیف و مەسڵەحچین و لە پێناو جێبەجێکردنی پاوانخوازی پیاوانەیانا حوقوقی ئافرە ت (بەندەی خودا) ئەخەنە ژێر پێڵاوەکانیانەوە، دەک هەزار جار عەمری ئەو پیاوانە نەمێنێت.

وەزعی ئینسانی کورد لە کۆمەڵگەی بەشەریدا لە ئافرەت باشتر نیە. خوا نەی فەرموە عەرەب حەقی تواندنەوەو نابودتکردنی میللەتی کوردی هەیە. خوا فەرمویەتی میللەتان ئەبێت ڕێز لەیەکتر بگرن و هاموشۆی یەکتر بکەن. ئەمەی عەرەبی عێراق بەسەر کوردی ئەهێنێت موخالەفەی قورئانە. عەجەبا چ جیاوازیەک لە نێوان عەرەبی ئێستا (بەشیعە و سوننەوە) و عوروبەی سەددام و بەعسدا هەیە؟… هەزار جار عەمری عەرەبی شۆڤێنیست نەمێنێت کە حوقوقی میللەتی کورد ئەخاتە ژێر پێڵاوەکانیەوە.

ئافرەت دایکی مرۆڤایەتیە. تەنانەت ئەو ئافرەتانەشی کە مناڵیان نابێت، یان نەبوە، لە قوڵایی دەرونیانا دایکن و، نیشتیمانیش وایە. میللەتی بێ دەوڵەت و نیشتیمانی داگیرکراو لە لای خوا قوبوڵ نەکراوە. مەعقول نیە خوا نەوەی زۆڵ بخاتەوە. چونکە میللەتی بێ دەوڵەت و بێ نیشتیمان وەک زۆڵ  بێت وایە. بۆیە ئەگەر عەرەب بڕوایان بە خوا و قورئان هەیە، ئەبێت واز لە داگیرکاری نیشتیمانی میللەتی کورد بهێنن و لەبری ڕەگەزپەرستی، بە قسەی خوا بکەن. ئافرەت و میللەتان ئەبێت سەربەخۆ و ئازاد بن، ئەمە ئەمری خودایە.

با کەس بەناوی خواوە درۆ نەکات. خوا ی گەورە زوڵمی سەر ئافرەت و داگیرکردنی کوردستانی قوبوڵ نیە و، بەداخیشەوە هەردوک لەم ئەتوارانە ئیشی عەرەبن. ئایا عەرە ب موسوڵمانی ڕاستەقینەن؟…!


PM:01:00:21/11/2023

ئه‌م بابه‌ته 620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی