هەڤاڵ نێچیرڤان بارزانی لە سلێمانی

‌ ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین


ڕوو لە خەڵکی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڤاڵ نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ لە سلێمانی گوتی: `` پارتی لە ڕوانگەی ژمارەی دەنگەکانیەوە لەم دە ڤەرە سەیری ئێوە ناکات``. ئەم گوتەیەی هەڤاڵ نێچیرڤان دوو مانای سەرەکی لە خۆ دەگرێت: ١) بوونی دەنگی کەمی پارتی لەم دەڤەرە بە هیچ جۆرێک نابێت بە مانای لاوازی پارتی لە دەڤەرەکە لێکبدرێتەوە. ٢) ئەوانەشی لە ڕابوردو دەنگیان بە پارتی نەداوە لەم دە ڤەرە، پارتی نە ک هەر لێیان توڕە نیە، بەڵکو لەخزمەتیان دایە. 

پارتی وەک حیزبێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی هەست بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە هەموو هاوڵاتیانی کوردستان دەکات، بەوانەشەوە کە دەنگیان پێ نەداوین. جەوهەری گوتارەکەی هەڤاڵ نێچیرڤان ئەوە بوو کە بانگەشەی هەڵبژاردن پڕۆسەیەکی هەتا هەتایی نیە و لە مانگێک کەمترە، ئەی دوای ئەوە؟… خۆ ئیتر سەعاتەکەی مێژوو لەکار ناوەستێت…! سیاسەت بە دوژمنایەتی و کۆنە قینی ناکرێت. ئێمە لە ئێستادا حیزبی یەکەمین و خزمەتکاری خەڵکی کوردستانین. ڕاستە لەم دەڤەرە و لە هەڵبژاردنەکانی ڕابوردودا ئێمە یەکەمی دەڤەرەکە نەبوین، بەڵام هەر خزمەتکاری دەڤەرەکەو کوردستانین.

ئێمە مافی دەنگدان بە کۆڵەکەیەکی سەرەتایی و سەرەکی ئینسان دەزانین، بۆیە ئەو حەقە نادەین بەخۆمان کە چ بە ڕێگای تەزویر و چ بە هەڕەشەو گوڕەشەو چ بە بەخشینەوەی ئیمتیازاتی بێ مانا ئەو مافە لە ئینسانی کوردستانی زەوت کەین یان بیکڕین، ئەوەش چونکە مافی سروشتی و خواکردی ئینسان ناکڕدرێت، گەر کەسانێکیش هەبن و فرۆشیار بن، ئێمە کڕیار نین. ئێمە تەنیا دەتوانین بە شێوەیەکی مەدەنیانە داوا لە دەنگدەری کوردستان بکەین کە متمانەمان پێبکەن و دەنگ بە کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن. یان بەواتای هەڤاڵ نێچیرڤان: `` تاقیمان بکەنەوە، با لەخزماتتانا بین``. 

هەرچەندە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بە ئێستاشەوە کە قۆڵی بەرەو چاکسازیەکی ڕیشەیی لێ هەڵ کردوە لە ڕابوردوش بەدەست ئێمەوە بوە، کەچی هەڤاڵ نێچیرڤان (کە خۆی سەرۆکایەتی ئەو کابینانەی کردوە) بە وشەیەکیش هیچ خزمەتکرد و خزمەتگوزاریەکی بە خەڵک نەفرۆشتەوە و، توانجیشی لە هیچ کەس نەدا. خەونەکانی پارتی بۆ کوردستان بە گشتی و بە تایبەتی بۆ سلێمانی  زۆر گەورەو ستراتیژین، بەڵام بۆ هێنانەدی ئەو خەونانە پێویستمان بە متمانەی خەڵکی ئەم دەڤەرەیە. کلیلی کردنەوەی دەرگا داخراوەکانی دیپلۆماسی و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی لای پارتیە نەک هیچ کەسێکیتر.  بۆ چرکە ساتێک بگەرێینەوە بۆ یادەوەری سەرو بەندی موئامەرەکەی ١٦ ەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کە هەمو لایەنەکان لە مەوقیفی بێ دەسەڵاتیا دەستەوە سان وەستا بوون و کڕ کەوتبون. ئەوە سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی بوو کە ژمارە١٠ ی یاریزانی دیپلۆماسی ناردە مەیدانەوە و بە جادوی هونەری (گفتوگۆ)، هەموو دەرگاکان کرانەوەو هەناسەیەکی ئارام بە کوردستانا هاتەوە. 

پەیامێکی تری زۆر گرنگی هەڤاڵ نێچیرڤان بۆ لایەنە سیاسیەکان ئەوە بوو کە ڕاستە لە بانگەشەدا مونافیسی یەکترین و ئەمەش لە هەموو پڕۆسەیەکی هەڵبژاردندا لە نێوان لایەنە سیاسیەکان ئاساییە. بەڵام دوای بانگەشەو پڕۆسەکە ئەبێت لە بەغدا مشتێکی کۆکراوە بین. پەرتەوازەیی نەک لە قازانجی هیچ کامێکمان نیە، بەڵکو دژی بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستانە. یەکگرتوویی ئێمە لە بەغدا بە مەبەستی دژایەتیکردنی عەرەب  یان هیچ لایەنێک نیە، بەڵکو مەبەست لێی کۆکردنەوە و ڕێکخستنی ئەو خاڵانەیە کە مافی دەستوری خەڵکی کوردستانە و پێویستە لەسەر مێزی سیاسەت گفتوگۆیان لەسەر بکرێت.

زۆربەی خەڵکی خاوەن ڕە ئی لە سلێمانی، کە باس دێتە سەر هەڤاڵ نێچیرڤان بارزانی دەڵێن: کەسێکی نەرمە. ئەمە ڕاستە، بەڵام نەرم و نیانی بە هیچ جۆرێک بە مانای لاوازی، ترس یان تەسلیم بوون نیە. هەر بۆیەش ئەمڕۆ جێگری سەرۆکی پارتی زۆر بە ڕاشکاوانە گوتی: `` سەردەمی ئەوە بەسەرچو کە هەندێک  خەڵک لەسەر حسابی ناشرین کردنی پارتی دەنگ بۆ خۆیان کۆ بکەنەوە``. ئەم قسەیەش دوو مانای هەیە: ١) مانای ئەوەیە  ئەگەر لایەنێکی سیاسی بەڕاستی خاوەن بەرنامە و خەونی ستراتیژی بێت بۆ کوردستان، ئەوا سەری ناپەرژێتە سەر ئەوەی هەوڵی ناشرین کردنی پارتی بدات. ئەوەی وا ئەکات، دیارە هەگبەی بەتاڵە و ئەیەوێت لەسەر حسابی ئێمە پڕی بکاتەوە. وەک چۆن کەسانی جنێوفرۆش کێشەی گەورەیان ئەوەیە کە لە گوتن و دۆزینەوەی ووشەی جوانا هەژارن، بۆیە ئەو ووشانە بەکار ئەهێنن کە باشی لێ ئەزانن و تاکە سەروەتی مەعنەویانە. ٢) نەک هەر لە سیاسەتا، بەڵکو لە ژیانی شەخسی و ئاساییشا نەرم و نیانی و سەبر بۆ ئینسان زۆر بەکەڵکە و شتێکی باشە. بەڵام ئەم سەبرەش سنوری خۆی هەیە. بۆیە چی دی قۆرخکردنی کەش و هەوای ڕۆشنبیری و داهێنان و شۆڕشگێڕی سلێمانی بە هیچ جۆرێک قابیلی قوبوڵ نیە. گەر سیاسەتمەداریت و حیزبی سیاسیت؟… وەرە بە زمانی سیاسی و وەک تەبیعەتی خەڵکی سلێمانی بە شێوازی عەقڵانی قسەم لەگەڵ بکە. عەقڵ و گوێی سلێمانی و گەنجەکانی بە گوتاری گۆبڵز ئاسا ژە هراوی مەکە.

دواجار وەک هەڤاڵ نێچیرڤان گوتی: خەڵکی سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین ڕاستە دڵیان فراوان و باشە، بەڵام هۆشیارن و بە ئاگان و ڕەش و سپی لێک جیا ئە کەنەوە… ئێمەی پارتی گرەو لەسەر ئەو هۆشیاری و ئاگاییە ئەکەین.


PM:09:22:06/10/2021

ئه‌م بابه‌ته 452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی