بایکۆتی هەڵبژاردن، دۆڕان یان سەرکەوتن

‌ ئاسۆ حاجی

ئەگەر لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بایکۆتی هەڵبژاردن وەک مافێکی دیموکراتی تەماشا بکرێ، ئەوە بۆ قەوارەیەکی وەک هەرێمی کوردستان و بۆ خەڵکی کوردستان هەمان پێناسە نایگرێتەوە، چونکە گەلی کوردستان هێشتان لە قۆناغی رزگاری نیشتیمانیدایە، هێشتان نزیکەی 50% خاکەکەی داگیر کراوە و سیاسەتی تەعریبی لە دژ بەڕێوە دەچێت، بۆیە بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عێڕاق بۆ گەلی کوردستان پێویستە وەک درێژکاوەی خەبات و تێکۆشانی زیاتر لە سەت ساڵ لە پێناو ئازادی و سەربەخۆیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، نەک وەک ئامرازێک بۆ رکابەری سیاسی نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان.

حیزبەکانی کوردستان و ئەو میدیایەی کە بە فەرمی سەر بە حیزبەکانن یان سێبەریانن لەوە سەرکەوتو نەبووینە کە هاوکاری خەڵک بکەن لەوەی باشتر لە ماف و ئەرکەکانیان تێ بگەن، هەروەها جیاوازی بکەن لە نێوان بەشداری کردن لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێڕاق و پەڕلەمانی کوردستان، چونکە لە هەر یەکەیان هاونیشتیمانی کوردستانی دەبێ ئاراستەی مافەکانی دیاری بکات و ئەرکەکانی دەکەوێتە سەر شانیشی بزانێ. بۆ پەڕلەمانی عێڕاق دەنگدان بە بەربژێرانی کورد و کوردستانی ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانیە، کە نوێنەرایەتی زیاتر دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکانمان دەکەن، دەبێ ئەوە دووربخرێتەوە لە ململانێی ناوخۆیەکانی کوردستان. لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستان دەکرێ بایکۆت وەک ئامراز و مافێکی دیموکراتی باس بکرێ کە خەڵک دەتوانێ وەک چەکێک لە حیزبە سیاسیەکان، یان لە ترسی هەبوونی رێژەیەکی زۆری ساختەکاری بەکاری بهێنێت و تۆڵە لە خراپی ئەدای حیزبەکان و بێ بەڵێنی حکومەت بکاتەوە.

ئەو بابەت و باسانەی ئێستا وەک کەرستەی گوتاری هاندانی خەڵک بۆ بایکۆت کردن بەکاردەهێندرێن، رەنگە بۆ رابردوو دروست بێت، بەڵام بۆ ئێستا و بۆ ئەو کابینەیەی حکومەت لە جێی خۆیدا نیە، ئەو کابینەیە بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لەوەتەی دەست بەکاربوونی کاری بۆ وەدیهێنانی داواکارە گشتیەکان کردووە و لە سەرووی هەمووشیانەوە، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە رێگای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی، کە هەنگاوی گرنگ و کرداری بڕیوە و بەو هۆیەشەوە سنوورێک داندراوە بۆ بەهەدەردانی سامانی گشتی و راستەڕێ کردنەوەی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا.
هاندانی خەڵک بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن یان لادانی سەرنجیان لە دەنگدان بەو کەس و لایەنانەی کە بە هەبوونی ئەوان قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان بەهێزتر و پارێزراوتر دەبێت، چوونە بەرەی نەیارانە بۆ ئەوەی ببنە فشارێک تا لەو گەمە دیموکراتیەدا خەڵکی کوردستان بدۆڕێ. بە پێچەوانەکەیەوە هاندانی خەڵک بۆ زیاتر بەشداری کردن و  دەنگدان بە تایبەتی ئەوانەی کە دەتوانن بە باشترین شێوە نوێنەرایەتی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان بکەن ئەوە بەخشینی هێزە بە خەڵکی کوردستان و مسۆگەر کردنی سەرکەوتنە بەسەر نەیارانی کوردستاندا.


PM:01:09:02/10/2021

ئه‌م بابه‌ته 856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی