ئەو چەکەی پەکەکە بەکاریهێنا

‌ ئاسۆ حاجی


لە رووداوی ئامێدی پەکەکە بەو رۆکێتانەی هێزی هاوپەیمانان بە هیزەکانی حەشدی شەعبی و سوریای دیموکرات و پێشمەرگەی داوە پێشمەرگەکانی شەهید کردووە، کە لە ناو باجەرێکی زریپۆش(درع) بوونە، ئەوەش هێزی هاوپەیمانان دەخاتە بەردەم بەرپرسیارەتێکی ئەخلاقی و پیشەیی، بەدواداچوون بکەن بۆ زانین و ئاشکراکردنی چۆنیەتی گەیشتنی ئەو رۆکێتانەی هاوپەیمانان بۆ شەڕی تیرۆرستانی داعش بەو هێزانەیان داوە بگاتە دەست پەکەکە و لە دژی پێشمەرگە بەکاربهێندرێتەوە.

زیاتر ئەگەرەکان بۆ ئەوە دەچن کە هێزەکانی سوریا دیموکرات ئەو جۆرە رۆکێت و چەکی دیکەی پێشکەوتووی گەیاندبێتە پەکەکە، بەڵام ئەوەش بە دوور نازاندرێ کە سەرچاوەی ئەو چەکانە میلیشیا شیعیەکانی سەر بە ئێران بن، چونکە ئەوان ئێستا نزیکترین هەڤالبەندی پەکەکەن و لە شنگال موچە بە چەکدارانی پەکەکە دەدەن و لە باشوری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی دیکە ئاسانکاری بۆ پەکەکە دەکەن بۆ تەجنید کردنی گەنجانی کورد و رەوانەکردنیان بۆ قەندیل و کەمپەکانی دیکەی پەکەکە لە ناو سنووری ئێران. ئەگەرێلکی دیکەش هەیە کە پەکەکە ئەو رۆکێتانەی لە هەندێک بەرپرسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە بە دەست گەیشتبێ کە پەیوەندیان لەگەڵ ئێران و پەکەکە خۆشە و لە سنووری نیوان باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان بازرگانی نا یاسایی پێکەوە دەکەن.

ئەوەی ئەمڕۆ پەکەکە کردنی هەوڵدان بوو بۆ رێگری کردن لە هێزەکانی پێشمەرگە بگەڕێنەوە ئەو سەنگەر و خاڵانەی لە هەردوو چیای مەتین و گارا بەر لە شەڕی داعش تێیدا جێگیربوون، بەڵام بەهۆی شەڕی تیرۆر ئەو خالانە چۆل کران، مەبەستی چوونی هێزی پێشمەرگە رێگری کردن بووە لە وەی سوپای تورکیا وەک چۆن زناری کێستەی لەلایەن پەکەکەوە بۆ بەجێهێڵدرا و ئیستا داگیری کردووە و خاڵی سەربازی جیگیری لێ دادەمەزرێنی، بەهەمان شێوە پەکەکە دەستی تورکیا بۆهەردوو چیای مەتین و گارا رابکێشێ و خۆشی بەرەو ناو شارەکان دابکشێ. 

ئەوەی پەکەکە دەیکا راکێشانی زیاتری دەستی تورکیایە بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، پەکەکە چیاکان بۆ سوپای تورکیا بەجێدێڵێ، سەربازانی تورکیش دارستانەکان دەبڕنەوە و خاڵی جێگیر دادەمەزرێنن و دوای تەواوبوونی ئەرکیان ناکشێنەوە. پەکەکە بزاڤ و هەبوونی خۆی گواستۆتەوە ناو گوند و ئاوەدانیەکان و خۆی لە شارەکان نزیک دەکاتەوە، ئەوە ئەو قۆناغەیە کە پەکەکە و سوپای تورکیا پێ بە پێ خاکی هەرێمی کوردستان سوتماک و داگیر دەکەن. قۆناغی دووەم کە پەکەکە کاری بۆ دەکات گواستنەوەی شەڕە بۆ ناو شارەکان و راکێشانی دەستی تورکیایە بۆ داگیرکردنی تەواوی هەرێمی کوردستان.


PM:11:33:05/06/2021

ئه‌م بابه‌ته 1752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی