بارزانی دامەزرێنەری قوتابخانەی نوێی كوردایەتی

‌ ئاسۆ حاجی


 كە باسی لێڤەگەڕ (مەرجەعیەت)ی مەسعود بارزانی دەكرێ ناكرێ مێژووی ئەو كەسایەتیە لە ساڵەكانی تەمەنیەوە كورت بكرێتەوە، بەڵكو دەبێت وەك درێژكراوەی زیاتر لە دوو سەت ساڵی فكر و فەلسەفە و رێبازی كوردایەتی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، كە عەقیدەی بارزان پێكدەهێنێت، لەسەر دەستی شێخ عەبدولسەلامی گەورە دامەزراوە، ستوونەكانی عەقیدەكە لەسەر سێ چەمكی (خواپەرستی، مرۆڤدۆستی، خاكویستی) دامەزراوە، دواتر لە لایەن نەوەكەی شێخ عەبدولسەلامی دووەم ئەو فكر و فەلسەفەیە گۆڕدرا بۆ بزاڤێكی سیاسی و رێكخراو كە بە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان (بزووتنەوەی كوردایەتی) ناسراوە و شێخ عەبدولسەلامی دووەمیش وەك دامەزرێنەر و باوكی ئەو بزاڤە ناسرا.

شێخ ئەحمەد بارزانی لە رابەرایەتی كردنی هەردوو شۆڕشی (دووەم و سێیەم)ی بارزان درێژەی بەو مێژووە دا و یاسا و رێساكانی عەقیدەی بارزانی كردە بەشێك لە ژیانی رۆژانەی تاكەكان و هەموو تێفكرینی بارزانیەكان (بارزانی بوون عەقیدەیە، نەك عەشیرەت و ناوچەیەكی جوگرافی دیاریكراو) هەر بەو بیروباوەڕەوە بەشداریان لە دامەزراندن و بەرگریكردن كرد لە كۆماری دیموكراتی كوردستان لە مهاباد، بەو باوەڕەش مستەفا بارزانی شۆڕشی ئەیلولی هەڵگیرساند كە جگە لەوەی شۆڕشێكی هاوچەرخ و رێكخستوو و بەهێز بوو، توانی بۆ یەكەمین جاریش لە مێژووی نوێی گەلی كوردستان بیردانك (زاكیرە)ی هاوبەشی لە نێوان كورد وەك نەتەوە و كوردستانیان وەك گەل دروست بكات، كوردانی هەرچوار پارچەی كوردستان شۆڕشیان بە هی خۆیان دەزانی و خۆشیان بە هی شۆڕش دەزانی، بە هەمان شێوە هەموو پێكهاتە ئاینی و نەتەوەیەكان هەمان هەستیان بۆ شۆڕش و رابەرەكەی هەبوو،بۆیە شۆڕشی ئەیلول بە قوتابخانەی كوردایەتی و مستەفا بارزانیش وەك باوكی روحی گەلی كوردستان ناسرا.

لە قۆناغی دوای كۆچی دوایی مستەفا بارزانی كە دوژمنان گرەویان لەسەر لەناوچوونی بزاڤی كوردایەتی دەكرد، مەسعود بارزانی نەك هەر درێژەی بەو مێژووە و رێبازە دا، بەڵكو توانی مێژوو و مرۆڤی كوردستانی لە رابەرایەتی كردن و سەرخستنی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان بگەینێتە خاڵێكی وەرچەرخانی دیرۆكی و لەو خاڵەدا مێژووی ژێردەستەیی و داگیركاری بپچڕێنێ و بۆ یەكەمین جار ئیرادەی خەڵكی كوردستان بەسەر ئیرادەی داگیركەران سەربكەوێ، لەوێوە دەرگای بەسەر قوتابخانەیەكی نوێی ناو رێبازی كوردایەتی كردەوە كە قوتابخانەی (خۆنەچەماندنە) ئەو قوتابخانەیەی لە دوای راپەڕینەوە مەسعود بارزانی بناغەكەی داناوە و هەموو هەوڵ و كار و بزاڤێكی بۆ ئەوە بووە كە مرۆڤی كوردستانی ئامادە بكرێ بۆ ئەوەی قۆناغی ئیرادەی داگیركراو و لەرزۆك تێبپەڕێنێ و ئامادە بكرێ بۆ ئەوەی بە ئیرادەیەكی ئازاد و سەربەخۆوە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، بەوەش مەسعود بارزانی توانی تەجاوازی هەموو سەركردەكانی پێشی خۆی بكات و ئەو قۆناغە بە ناوی خۆیەوە گرێ بدات.

بۆیە كاتێك باسی مەرجەعیەتی سەرۆك بارزانی دەكرێ پێویستە لەسەرەوەی مێژووی ململانێی حیزبایەتی و دوور لە حیساباتی سیاسی وشك و لە گۆشەنیگای كەسی و گروپەوە تەماشا بكرێ و مامەڵەی لەگەڵ بكرێ. مەرجەعیەتی بارزانی لە سەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی تا رادەیەكی زۆر یەكلابۆتەوە و لە ناوخۆی كوردستانیش ئەگەر بەرچاوتەنگی و عینادی سیاسی و گیانی تۆڵەكردنەوەی حیزبایەتی نەبێت ئەوە دەبێ كوردستانیان وەك ‌لێڤەگەڕ و ژێدەری هێز و رابەری بزاڤی رزگاریخوازی دەست بە بارزانیەوە بگرن.


PM:11:34:27/04/2021

ئه‌م بابه‌ته 1528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی