ماجەرای قایمقامی داقوق

‌شوان داودی

دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و دانانی ئەنجومەنی قەزای داقوق لەو ئەنجومەنە هەڵبژاردنێک بۆ دانانی قایمقامێک بۆ قەزاکە بەڕێوە چوو،  یەکێتی بە 3 کاندید بەشداری کرد کە کەسیان ئامادەی پاشکشە نەبوون ، عارەبەکان کادنیدێکیان هەبوو ،بۆیە ئەو  دەنگانەی لە بەرژەوەندی کورد بوو دابەش بوون بەسەر 3 کاندید و کاندیدەکەی عارەب زۆرترین دەنگی هێنا بوو بە قایمقام.

دوای چەندین ساڵ کاتێک قایمقامە عارەبەکە خانەنشین کرا ، د.نەجمەدین کەریم  پارێزگار بوو ، بە سیناریۆیەک لە ئەنجومەنی قەزا کوردێک کەمامۆستای زانکۆ لە هەمان کاتدا سەرۆکی ئەنجومەنی قەزاکە بوو وەک قایمقام بۆ داقوق جێگیر کرا و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی قەزاکەش درا بە تورکمان.

لەدوای روادوەکانی ریفراندۆم و ئۆکتۆبەری 2017 قایمقامە کوردەکە نەیوێرا بگەڕێتەوە سەر کارەکەی لە کاتێکدا هەموو زەمانەتێکی  مانەوەو بەردەوامی لە پۆستەکەی بۆ دەستەبەرکرا، کلیل و مۆر و بیناکەی ڕادەست کرایەوە بە پارێزگاری لێکردنشیەوە بەڵام خۆی وەک چەندین بەڕێوبەری گشتی تری کورد جورئەتی کارکردنی نەبوو ..لەو کاتە سەختەدا شارەکەی و جەماوەرەکەی بە جێهێشت، بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە ئیداراییەی قایمقامە کوردە  ڕاکردوەەکە دروستی کردبوو ، پاێزگارەکەی دوای 16ی ئۆکتۆبەری کەرکوک قایمقامێکی تری عارەبی  بۆ قەزاکە ڕاسپارد.

چەند مانگێکە قایمقامەکەی دوای 16ی ئۆکتۆبەر خانەشین بووە و پرسی دانانی قایمقامێکی تر بابەتی ڕۆژە..
راکان جبوری پارێزگاری ئەمری واقع تەکلیفی کەسێکی تری لە پێکهاتەی عارەبی کرد بۆ پڕ کردنەوەی پۆستەکە،  سەرەتا کورد و تورکمان ناڕەزاییان دەربڕی کە پرسیان پێ نەکراوەو کەسیان لە دەرەوەی قەزاکە قەبوڵ نیە وەک قایمقام ، 3پەرلەمانتارەکەی یەکێتی لە کەرکوک چونە قەزاکە و مانگرتنیان ڕاگەیاند لە دژی ئەو بڕیارە،  وا بڵاو کرایەوە کە پرسەکەیان ڕاگرتووە ، لە راستیدا پارێزگار ئەو تەکلیفیەی ڕاگرت و دوای چەند ڕۆژێک تەکلیفی کەسێکی تری لە پێکهاتەی عارەب کرد ، باس لەوەش دەکرێ گوایە داوای لە بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەهەنجیر کردبێت کە کوردە لە هەمان کاتدا ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵەبندی داقوقی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لە سنورەکە بەڵام لە لایەن ناوبراووە ڕەتکرابێتەوە، بە هەر حاڵ تورکمانەکان مانگرتنیان ڕاگەیاند و بەتوندی ڕەتیان کردوە و داوایان لە کورد کرد پشتیوانیان بکات ..کورد لەپشتوانیکردنیان دوو دڵ بوو چونکە لێپرسراوی مەڵبەندی داقوق پێی وابوو فەرمانە و دەرچووە هەڵناوەشێتەوە ، دواتر بەفەرمانی سەروتر یەکێتی پشتوانیەکی شەرمنانەی لێکردن.

وەفدێکی مانگرتوان لە هەموو پێکهاتەکان سەردانی پارێزگار دەکەن، ئەویش لای خۆیەوە مۆڵەتی پازدە ڕۆژیان پێ دەدا کە کاندیدێکی هاوبەشی پێ بدەن.

دوای دووسێ ڕۆژ لەو پرسە تورکمانەکان لە نێو خۆیاندا کۆدەبنەوە تاوتوێی بابەتەکە دەکەن کە گەر تورکمان ئەو پۆستە وەربگرێ لە بەرامەبەردا چی بدرێ بە کورد و گەر پۆستەکە بدرێ بە کورد لەبەرامبەردا چی بۆ تورکمان بکرێت  و لە سەر ئەوە کۆک دەبن کە پێیان باشە پۆستەکە بدرێ بە کورد و لە ناوکوردا کەسێکیان پێ باشە و پشتوانی لێ دەکەن کە پێشتر لێپرسراوی کۆمیتەی یەکێتی بووە لە قەزاکە و کاریان پێکەوە کردوە و لێی ڕازین و لە بەرامبەردا یەکێتی پشتوانی تورکمان بکات بۆ وەرگرتنی بەشێک لە بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی کەرکوک بۆ ئەو مەبەستە یەکێتیان ئاگادار کردەوە.

یەکێتی نە دەیتوانی کۆبێتەوە نە بڕیاری پێ دەدرا لەو بابەتە ، هۆکاری سەرەکیش جگە لە ململانێ حزبیەکانی ناو مەڵبەندەکە ، لێپرسراوی مەڵبەندەکەیە کە لە هەمان کاتدا مودیر ناحیەیە واتە کارمەندە لای پارێزگار و ناتوانی لە فەرمانی دەربچێت.

بەندە بەحوکمی ئەوەی خەڵکی سنورەکەم و پەیوەندی باشم لە گەڵ هەموو پێکهاتەکانی سنورەکە هەیە تورکمانەکان ئاگاداریان کردمەوە کە یەکێتی وەڵامیان ناداتەوە و کاتیش لە بەرژەوەندیدا نیە بەڵکو قسەیەکیان لە گەڵ یەکێتی بۆ بکەم، لەو کاتەدا سەرپەرشتیاری کەرکوک سەڵاحەدینی یەکێتی لە دەرەوەی وڵات بوو.

بۆیە لە 2023/2/13  لەڕێی واتساپەوە نامەیەکم بۆ کاک ئاسۆ مامەند نوسی و لەو ئاگادارم کردەوە کە تورکمان چاوەڕێی وەڵامی یەکێتیانە و یە کێتیش نە دەتوانێ کۆ ببێتەوە نە بڕیاری پێ دەدرێ بۆیە وا پێویست دەکات جەنابیان بێنە سەر خەت و بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی لێ بدات، بە سوپاسەوە بە نامەیەکی دەنگی وەڵامی دامەوەو  سوپاسی کردم ، وتی ئاگادارم و لە سەر خەتم.

مۆڵەتەکەی پارێزگار کە 15 ڕۆژ بوو گەیشتە 28 رۆژ لە بەر ئەوەی یەکێتی وەڵامی نەبوو پارێزگار بریاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی عێراقی بۆ جێگیر کردنی قایمقامێکی عارەبی خەڵکی سنورەکە  وەرگرت  تورکمانەکان لە بێ ئومێدیان لە یەکێتی لە گەڵ عارەبەکان کەوتنە گفتوگۆ و دواجار ڕێککەوتن و قایمقامی نوێ دەستبەکار بوو، بەمەش کورد جارێکی تر لەو سنورە دەرفەتێکی زێڕینی لە دەستدا بۆ کاری هاوبەش لە گەڵ تورکمانەکاندا.

بە خوێندنەوەی ئەم ماجەرایە گرفتی سەرەکی لەم پرسە خودی کوردە بۆیە حەقی گلەیمان نیە لە پێکهاتەکانی تر،  چونکە کاتێک سەرکردەو مەسئولەکەت کارمەندی نەیارەکەت بێت لە وە باشتری لێ چاوەڕوان ناکرێت.


AM:10:04:09/03/2023

ئه‌م بابه‌ته 872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی