دژ بە ئاژەڵکردنی مرۆڤ

‌مەریوان وریا قانیع

زۆرینەی ھەرەزۆری ئەوانەی لە چەند ڕۆژی ڕابوردودا بەگژ بۆچوونەکانی دوکتۆر عەبدولواحیدی باگخوازدا چوونەوە، تەنھا لەسەر ئەو بەشەی قسەکانی وەستان کە دەیگوت ”مەکە لە کوردستان پیرۆزترە". تا ئەو شوێنەی من ئاگاداربم کەس لەسەر ئەو بەشەی تری قسەکانی نەوەستا کە ئیھانەکردن و سوکایەتییەکی بەرچاو و گەورەیە نەک تەنھا بە بڕێکی بەرچاوی خەڵکی کوردستان، لە ڕاستیدا بە ھەموو ئەوانەی لە ھەرێمدا لەم پزیشکە ناچن، بەڵکو بە بەشێکی گەورەی دانیشتوانی سەر ئەم ئەستێرەیە. دوکتۆر عەبدولواحید لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا بە ئاشکرا و بە حەماسەتێکی گەورەوە دەڵێت: ”ئێمە یەک شتمان ھەیە کە شانازی پێوەبکەین دینەکەمانە، دینەکەشمان نەما ئەبین بە جۆرێک لەو ئاژەڵ و حەیوانانەی کە ئێستاکە ئەلەوەڕێن. ھیچمان لەو حەیوانانە زیاتر نییە".

بێگومان ئەم گرێدانی نەبوونی دینە بە حەیوانکردنی مرۆڤەوە، ئەم لە ئینسانخستنەی ئینسانی نادینیی، تەنھا ڕا و بۆچوونی ئەو پزیشکە بانگخوازە نییە، بەڵکو ڕای زۆرێک لە ھێز و کەسایەتییە دینییە سیاسییەکانیشە، ڕای ئەو دیندارانەشە کە خۆیان بە نوێنەری خودا و نوێنەری زۆرینەی کۆمەڵگا و نوێنەریی ئەخلاق و نوێنەری دین و نوێنەری دینداران، دەزانن. ڕای نەوەیەکی دینیشە وا فێرکراوە لە دەرەوەی دیندا نە ئەخلاق ھەیە، نە ئینسانیەت، نە فیکر و بیرکردنەوەیەکی مانادار، نە ویژدان و نە ئینسانیەت. کەسانێکی زۆر لە شێوەی ئەم پزیشکە بانگخوازە ھەن، دەرەوەی دین وەک سەرزەمینی بەدڕەوشتیی و حەیوانیەت و تەعەدا و کوشتن و بڕین دەبینن و وێنادەکەن، وەک سەرزەمینی دابڕان لە ئەخلاق و ڕێز و ھاودەردەیی و ھاوسێیەتی، دابڕاویش لە ھەر فۆرمێک لە فۆرمەکانی بەرپرسیاریەت و ھەر ویژدانێک لانی ھەرەکەمی خەمخۆریی و ھاودەمی تێدابێت.  کورتکردنەوەی ئینسانبوون بۆ ئینسانیی دینیی و وێناکردنی ئینسانیی نادینیی وەک ئاژەڵ، دیدێکە لای زۆرێک بەخەستیی ھەیە و ئامادەیە.

بە ئاژەڵکردنی ھەموو ئەوانەی باوەڕیان بە تێگەیشتنی ئەم بانگخوازە بۆ دین نییە، ئیھانە و سوکایەتیکردنێکی کەموێنەیە بە زۆرینەی ھەرەزۆری مرۆڤەکانی جیھان، جۆرێکی ترسانکیشە لە دینداریی لەسەر سەندنەوەی مرۆڤبوون لە ھەموو ئەو کەسانە کاردەکات کە لە خۆی ناچن. ئەم بەئاژەڵکردنی ئەوانەی کە تێگەیشتنی ئەویان بۆ دین، واتە بۆ ئیسلام، نییە، ھەم زۆرینەی کۆمەڵگای کوردیی و ھەم زۆرینەی مرۆڤایەتیی دەگرێتەوە. لەو حەوت ملیار مرۆڤەی لە جیھاندا دەژین، تەنھا سێ ملیار مرۆڤ ھەڵگری دینە یەکخوداییەکانی وەک مەسیحیەت و ئیسلام و جولەکەن. ئەوانیتریان، یان بێدینن یان دینێکیان ھەیە زیاد لە خودایەکی تێدایە. ژمارەی ئەوانەش کە دەشێت بە موسڵمان ناوببرێن دەوروبەری ملیار و نێوێکە، لەم ملیارو نیوەش تەنھا کەمینەیەکی ھێجگار کەم ھەڵگری ئەو ڕوانینە دینییە ترسناکەی دوکتۆر عەبدولواحیدن بۆ دین. بەمانایەکی تر بە ئاژەڵ و حەیوانکردنی زۆرینەی ھەرەزۆری مرۆڤایەتیی و زۆرینەی ھەرەزۆری ئەو موسڵمانانەی وەک ئەم عەبدولواحیدە بیرناکانەوە، سوکایەتییەکە پێویستی بە لێپرسینەوە و بەرپرسایرکردن ھەیە. ھاوکات ھێما بۆ جۆرێک لە نارسیزمی دینیی دەکات کە دەشێت وەک ژێرخانی سایکۆلۆژی فاشیزم کاربکات.

پرسیاری سەرەکیی لێرەدا ئەمەیە: ئایا ڕاستە دەرەوەی دین سەرزەمینیی نەمانی ئەخلاق و شوێنی بە ئاژەڵبوونی مرۆڤە؟ ئایا ڕاستە لە دەرەوەی دیندا مرۆڤ لە مرۆڤبوون دەکەوێت و دەبێت بە حەیوان؟  بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە با سەیرێکی خێرای ھەندێک لە دەسکەوتە ھەرە سەرەکیی و بنەڕەتییەکانی دونیای تازە بکەین کە زۆربەیان لە دەرەوەی دین و لە ھەندێک دۆخیشدا لە ململانێدا دژ بە دین، دروستبوون.

یەکەم: پێداگرتن لەسەر بیرۆکەی یەکسانیی نێوان مرۆڤەکان لەگەڵیەکدا. بیرۆکەی یەکسانی نێوان مۆرڤەکان، ڕەش و سپی، دەوڵەمەند و ھەژار، دیندار و بێدین، نێر و مێ، کە وادەکات لە سەدەی نۆزدەھەمدا کۆتایی بە کۆیلەکردنی مرۆڤ بھێنێت، بیرۆکەی ئەوەیش کە ھەموومان ھاوڵاتین و ھەمان ماف و ھەمان بەرپرسیارێتیمان ھەیە، بە دیندار و بێدین و ھەژار و دەوڵەمەند و گەورە و بچووک و دەسەڵاتدار و خەڵکی ئاساییەوە، بیرۆکەیەکی نوێیە و لەناو دینەکانەوە نەھاتوە. بەڵکو، لە زۆرسەرەوە، لە ڕێگای ململانێکردن و بەگژاچوونەوەی وێنە دینییەکەی مرۆڤەوە ھاتوە، کە وێنەیەکە لەناوخۆیدا پڕە لە جیاوازیی و ھەڵاوێردنی ھەمەجۆرە، پڕە لە نایەکسانیی و نرخاندنی جیاواز. لە فیکری دینیدا، لەناو ھەموو دینەکاندا، مرۆڤی دیندار و مرۆڤی بێدین بەیەکتری یەکسان نین، لە کوێدا دینێک زۆرایەتی بێت لەوێدا کەمینە دینییەکانی بە چەندان شێوەی جیاواز، ئینسانبوونییان بە کەمتر و پێگەکەیان بە نزمتر دادەنێت. ئەوە جگە لەوەی ئەو مرۆڤە دینیانە ئەسڵەن قبووڵناکرێن کە خاوەنی دینی یەکخودایی نین.

دووھەم: بیرۆکەی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازایی بیرکردنەوە و ئازادیی ویژدان، دژ بە سانسۆری دین و سانسۆری سیاسەت و  سانسۆری دەوڵەت، ڕێگەگرتن لە سزادان لەسەر ڕا و بۆچوونی تایبەت، با ئەو ڕا و بۆچوونەش لەگەڵ ڕا و بۆچونی زۆرینەی دینیی و سیاسیی و ئەخلاقیی کۆمەڵگادا یەکنەگرێتەوە، یان تەنانەت دژیشی بێت، دەسکەوتێکی تری مرۆڤایەتییە کە لەدەرەوەی دین و دژە بە دەسەڵتی دینیی ھاتۆتەکایەوە. لێرەدا مرۆڤ نەک تەنھا ئازادە کە دینی ھەبێت، بەڵکو ئازادیشە لە جۆری ئەو دینداریەدا کە ھەڵگریەتیی، بەڵام بێگومان لە سنووری ڕێزگرتن لە ئازادیی کەسانیتردا کە وەک خۆی نین و وەک ئەو ناژین و بیرناکەنەوە.

سێھەم: بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتیی و لە ”مافی دیلەکانی جەنگ"، دیسانەوە دەسکەوتێکی گرنگیی مرۆڤە لە دەرەوەی دین و دەسەڵاتی دینیدا. بۆ نموونە چەسپاندنی ئەم مافە مانای کۆتاییھێنان بە چەمکی ”غەنیمە" و بە چەمکی بە ”سەبی" و ”سەبایا"کردنی دیلەکانی جەنگ. یان بەکارھێنانیان وەک کۆیلەی سێکسیی.

چوارەھەم: داھێنانی بیرۆکەی دەستور و لەیەکتر جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، دۆزینەوەی میکانیزم بۆ چاودێریکردنی دەسەڵاتی حوکمڕانن، ئینجا دەستگۆڕکێی دەسەڵات بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە گەندەڵبوونی، ھەموویان بەشێکن لە فیکری سیاسیی مۆدێرن کە ئەمیش لە دەرەوەی دیندا بەرھەمھاتوە.

پێنجەم: ییرۆکەی ”پەیمانی کۆمەڵایەتیی" کە تیایدا کۆمەڵگا لەسەر ھێڵە گشتیی و ھاوبەشەکانی ژیانی پێکەوەییان ڕێکدەکەون، بۆئەوەی ژیانێکی ھێمن و ڕێزدار دروستبکەن، دیسانەوە بیرۆکەیەکی مۆدێرنی نادینییە و لە دەرەوەی دیندا دروستبووە.

شەشەم: لە دایکبوونی زانستە ئینسانیی و کۆمەڵایەتییەکان، کە ئەمانیش لە دەرەوەی دیندا دروستبوون ھەندێکجار لە ڕەخنەکردنی دینەوە سەرچاوەیان گرتوە. ئەم زانستانە، بۆ نموونە، لە ھەوڵی ئەوەدان، بیرۆکەی دین و بیرۆکەی خودا خۆیشی لە دەستی کەسانی وەک دکتۆر عەبدولواحید ھاوشێوەکانی ڕزگاربکەن.

بێگومان دەکرێت بەردەوامبین و نموونەی دەیەھا دەزگا و کایەی زانستیی و ئەخلاقیی نوێ باسبکەین، کە ھەموویان لە دەرەوەی دیندادروستبوون و بەشێکن لە شوناسی دونیا و ئینسانی مۆدێرن. ئەوەی ئەم دکتۆر عەبدولواحیدە لەسەر کۆی ئەم شتانە ئەیڵێت، تەعبیرە لە دووشت: یەکەمیان نەزانین و جەھلێکی ترسناک. دووھەمیان نارسیزم و خۆخوشویستنێکی ترسناکتر.  
ئێستا ئەگەر بکرێت ئەم پیاوە لەسەر ئەم سوکایەتییە گەورەیە ڕووبەڕووی دادگا و لێپرسینەوە بکرێتەوە، ئەوکاتە تاقە شتێک ھاریکاری بێت بۆئەوەی بەرگریی لە خۆی بکات، پرنسیپی مافی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی ویژدانە، کە ھەردووکیان دوو دەستکەوتی ئینسانیی گرنگیی ئەم چەند سەدەیەی دواییترن و لە دەرەوەی دین و دۆخی بەگژاچوونەوە و خەباتکردن دژ بە دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی دینییدا دروستبوون و ھاتونەتەکایەوە.

لە درەو وەرگیراوە


PM:04:16:15/08/2022

ئه‌م بابه‌ته 1036 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی