"شەوگەرد و مشکەکانی ماڵەکەی نەوشیروان مستەفا" لە ساڵیادی مەرگیدا.....

‌عه‌بدولره‌زاق شه‌ریف

مقەرەکەی ئاوەژێ، لە نێوەندی هەوراز و بزنەڕێیەکا بۆ سەر چیای ئاسۆس، رو لە خۆرئاوا دوستکرابو. لە ناو قەدی شاخەکەدا رێگەیەکی خۆڵ لە (مەرگە)وە، بە بەرواردا، هەتا باخەکانی (کانی تو) دەچو.

هۆڵێک هێندەی فاگۆنێکی شەمەندەفەر و هەنگاوێک پانتر، بە کاریتە و دارەڕا، سەر و ژێر بە قوڕسواخدراو، شوێنی حەوانەوەی پێشمەرگەکانی دەستەکەی بو.

ئەو ناوچەیە بەگشتی گڵەبانێکی ئەستور بۆ سەر خانوەکانیان بەکارئەهێنن، هیچ کامیان نیو مەتر کەمتری لەسەر نیە، پێچەوانەی هەندێ ناوچەی تری وەک گەرمیان، ماڵەکانیان تەنیا بە چەند سانتیمەترێکی کەم لەگەڵ داپۆشراوە.

لەناو هۆڵەکەی مقەڕدا، ژورێکی بچوک بۆ بێسیم و پەوەندیەکان دروستکرابو کە زۆرجار سکرتێری گشتی کۆمەڵە، خۆی بۆ ناردن و وەرگرتنی بروسکەکان لەنێوان ئەو ژورە و کوختەکەی خۆیدا هاموشۆی ئەکرد.

کوختێک لە کەڵەکە بەرد، دیوی ناوەوەی بە نایلۆنێکی رەنگاورەنگ کە لە شاردا، بۆ سفرەی نانخواردن بەکارئەهات، لەبنمیچەوە بۆ زەویەکەی روپۆش هاتبۆ خوارەوە، چەند هەنگاوێ سەروتر لە هۆڵی پێشمەرگەکانەوە دوربو، ئەوکات شوعلەی هاوسەری بە نمای تاقانەی لەشار زەیستان بو، دور لەو ئەمیش تەنیا ئەژیا.

بەردەوام خەریکی خوێندنەوە و نوسین بوو، زۆر کەم تێکەڵاوی کاری مقەڕ و پێشمەرگەکانی دەستەکەی خۆی ئەبو، شەوان مەی ئەخواردەوە و بەیانیان ئەهاتە بەر هەتاوەکە، بوتڵە خاڵیەکەی شەوی پێشوی، چەند مەترێ لەدوری خۆی دائەنا و بە وردە بەرد خەریکی شکاندنی شوشەکە ئەبوو.

نیوەڕۆیەک وەک فرسەتێک بێنم چومە ژورەکەی و خۆم پێناساند. قسەوباسمان دامەزراند و مشکێک لە پشتی ئەوەوە و بەژێر لایلۆنی قەد دیوارەکەدا بە ئازادی هەڵدەگەڕا. من سەرنجم چوبوە سەر خشەخشی جوڵەی خێرای مشک، لە دەنگی خشەی رادیۆیەکی کۆن ئەچو کە ڤۆلیۆمەکەی دواپلە زیاد کرابێت.

ئەو کەزانی سەرنجی منی مەشغوڵکردوە، هەر لەسەر لایلۆنەکەوە مشکەکەی بەدەستێک گرت و بەدەستەکەیتری لەژێرەوە مشکەکەی دەرهێنا، کەمێ هەستاو لەو دەرگا تەنەکەیەوە کە لە دیوی ژورەوە بە بەتانیەکی عەسکەری داپۆشرابو، مشکەکەی فڕێدایە دەرەوەو وتی: ئەم مشکانە هەندێجار ئیزعاجمان ئەکەن..!

بیستوهەشت ساڵ دواتر و لە هۆڵی دانیشتنەکەی لە ماڵەکەی گەڕەکی عەقاری خوارەوە، رووداوێکی هاوشێوە روویدایەوە، ئەمجارەش خۆم و خۆی بەرامبەری یەکتری دانیشتبوین، ئەو پشت لەدیوارەکە، بەڵام لەجیاتی مشک، شەوگەردێکی گەورە، هێندەی لایتێکی قەڵەمی، بەدیوارەکەوە و لەپشت سەری ئەوەوە ئەهاتە خوارەوە و جوڵەی ئەکرد.

لامیسەلایی من چاوم لەسەر هەموو جوانیەکانی ئەو هۆڵەی بەمێزی نانخواردن و تاقم قەنەفەی دارگوێز رازابو، تابلۆی ئەو پەنجەرانەی باخچەیەکی پڕ بە دار لیمۆ و گوڵەباخ و چیمەنێکی سەوزی لێوە دیاربو، لابرد و تەماشام بەرامبەر جوڵەی شەوگەردەکە نەئەتروکاند.

شەوگەردێکیترم بینی و بون بەدوان، هەستیکرد من هەم سەغڵەتم و هەم چاوم لەسەر شەوگەردەکانە، لەراستیشدا بیرمئەکردەوە چۆن هەستمەوە و بیانکوژم یان دوریانخەمەوە، بۆیە بە دەنگێکی هێواش وەک ئەوەی نەیەوێ یاری شەوگەردەکان تێکبدات وتی:
تۆ ئەزانی کورد میلەتێکە لە ژیانی گیانداران زۆر بێ ئاگایە، لەنەزانیا ئەچن ئەم شەوگەردانە ئەکوژن، ئەمانە زۆر سودیان هەیە لەماڵدا، تەنیا زیندەوەرێک کە هیچ زیانی نیە و تەنیا سودی هەیە ئەم شەوگەردانەن ..!  
واملێکدایەوە کە ئەو زانی ئەمەوێ بیانکوژم بۆیە پێشم کەوت و ئەو قسەیەی کرد.

کاک نەوشیروان خوڵقێکی تایبەتی لەگەڵ گیاندار، باڵندە، زیندەوەر، گەڵاوگوڵ و درەختەکانی کوردستانا هەبو ! وەرزی هاتن و چونیان، ژیان و پێخۆر و تەنانەت چۆنیەتی زاوزێ و مردنی هەمویانی ئەزانی، یەک لەخەمەکانی فەوتی ورچەکانی قەندیل و باڵەکایەتی بو، وێڕای زیانگەیاندن بە هەنگەکانیان، هەر لە زوەوە خەڵکی گوندەکانی راسپاردبو کە تەقەیان لێنەکەن و نەیانکوژن، لەم ساڵانەی دوایدا، چەند کەسێکیان هاتنە لای و دادوبێدادیان لەدەست ورچەکان دەرەبڕی، ئەیان وت لە ساڵی حەفتاوحەوتەوە کە تۆ پێت وتوین  لێمان نەکوشتون، ئێستا هێندە زۆربون بە ئازادی و بەئاشکرا دێن هەنگوینەکانمان ئەخۆن.


PM:03:30:18/05/2022

ئه‌م بابه‌ته 2732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی