"سەدام حوسەین، ستایش یان نوسینەوەی مێژو " بەشی چوارەم

‌عه‌بدولره‌زاق شه‌ریف


زەبروزەنگی بەعس، بۆ پاراستنی حیزب وحکومەتەکەی لە مێژوی مرۆڤایەتیدا، کەم وێنە بوە، لای ئەوان کەسانی بێلایەن و نەیار و دوژمن لە عێراقی و غەیرە عێراقی وەک یەک تەماشا ئەکران ، ئیرهاب و ئەشکەنجەی بەعس وەک ئەوترا بە یەکسانی بەسەر هەمواندا، جێبەجێ و دابەشکرابو. بۆ ناسینەوەی ئەوانەش کە لەگەڵیاندا نین، هەمو سەروەری و شکۆی دەوڵەت و حیزب و حکومەتیان لە شەخسی یەکەمدا کۆکردبۆوە، کە سەدام حسەین بو .

لە گفتوگۆکانی ساڵی نەوەدویەکدا، دوای چەندجارێک هاموشۆی وەفدەکان بۆیەکەمجار مام جەلال بە ئۆتۆمێل لە کەرکوک بۆ بەغدا بەڕێ ئەکەوێت، تاریق عەزیز یاوەری مام جەلال ئەکات و لە پشتەوەی ئۆتۆمبێلەکە، هەر لەڕێگە ئەکەونە گفتوگۆ :

- ئەبو شەلال ئێوە چۆن دڵتان لە ئێمە پاک ئەبێتەوە لەکاتێکدا ئەو هەمو کەسەمان لێکوشتون و ئەو هەمو ئازارەمان داون.
مام جەلال بەیەک دێڕ و ئەڵێت ( ئێستا تەعریب و تەرحیل و تەبعیس لە کەرکوک و شەنگال وخانەقین رابگرن ئێمە بە پاکی ئەکەوینە گفتوگۆ لەگەڵتان )
بەدوایدا مام جەلال هەمان پرسیاری پێچەوانە لە تاریق عەزیز ئەکات 

- ئێمە کێین ؟ عێراق و حیزب و حکومەت تەنیا و تەنیا سەدام حسێنە ! مەدحی بکەن و جنێوی پێ مەدەن هیچ لە دڵمانا نامێنێ و رێک ئەکەوین.
تاریق عەزیز بەو وەڵامە گرەنتی سەرکەوتنی گفتوگۆ بە مام جەلال ئەدات . 
ئەم حیکایەتە، مام جەلال لەکاتی گفتوگۆکاندا، دوای زنجیرەیەک وتاری توندی ئیزگەی دەنگی گەلی کوردستان لەسەر سەدام حسەین لە کۆبونەوەیەکیدا لەگەڵ ستافی ئیزگەکەمان گێڕایەوە ، مەبەستەکەشی رون بو !
لای دامودەزگا ئەمنیەکانی بەعس تەنیا سەدام حوسەین خەتی سور بو، ئێمەی گەنج و لاوانی ئەو سەروەختەش لەکاتی نارەزایی و موزاهەرەکاندا، خودی سەدام حسەینمان ئەکردە ئامانج.

- بژی هێزی پێشمەرگە، سەدام نزیکی مەرگە ...
ئەمە دروشمی سەرەکی خۆپیشاندانەکانی ( ساڵی هەشتاودو ) بو . 
ئەو ساڵانە عێراق لە جەنگێکی خوێناوی هەزار کیلۆمەتری سنوردا و سەدامیش لەوپەڕی هەژمونی دەسەڵاتیدا بو، کاتێ موزاهەرەی خوێندکارانی کەرکوک، هەولێر و سلێمانی، قەزا و ناحیەکان، گەیشتە شەقام و کۆڵان و مزگەوتەکان، ئێمەومانان شایەتی زیندوی ئەو روداوانەین و لەناویدا، بوین.

کەمنەبون ئەو مەکتەب و ئۆتۆمبێل و تەختەی قوتابخانە و وێنانەی سەدام حوسەین، دەسوتان و لەژێر پێی خوێندکارانا ئەبونە خۆڵەمێش ، داواکاریەکانیشمان پیشەیی نەبون، بەڵکو بۆ روخاندن و سەری بەعسیەکان و خودی سەدام حسەین بو !!! 

 لەو سەروەختەدا، لە خەستەخانەی فریاکەوتنی شار و لەلای هاوڕێم ( عەلی ئەمین ساڵح ) یەکێ لە بریندارە سەختەکانی سەرەتای خۆپیشاندانەکان ( لەژیاندا ماوە )، بە مەبەستی پاراستنی مابومەوە، لەهەمو ئەو ماوەیەدا، سێ برینداری گولەیان هێنا،  شانازی عوسمانی حەمەی نادر، جوانەی حەمە ساڵحی قڕگەیی و رەفیق چاوشین کە بەداخەوە دواتر شەهید بو.

 کەسوکار و هەندێجار ئێواران رێکخستنەکان و چالاکوانی خۆپیشاندانەکانیش سەردانیان ئەکردین وتا درەنگانی شەو کۆڕ و کۆبونەوە بۆ باسوخواسی بەردەوامی خۆپیشاندانەکان لەناو خەستەخانە ولەگەڵ دکتۆر و کارمەندەکانی تەندروستیش گەرموگوڕ بو .
 لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی بەعس ئەیانزانی بریندارەکان لە خەستەخانە تیمار ئەکرێن بەڵام هەڵکوتانە سەر خەستەخانە روینەدا،  بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی ئەیانزانی چۆن تەعامول لەگەڵ خەڵکەکەی بکەن و یارییان بە ئاگری نارەزایەتیەکانی خەڵک نەئەکرد ، هەر زوش ئەو گەنجانەی بەهۆی مزاهەرەکانەوە دەستگیر کرابون ئازادکران.


PM:10:36:10/01/2022

ئه‌م بابه‌ته 1276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی