"سەدام حوسەین، ستایش یان نوسینەوەی مێژو "-بەشی سێیەم

‌عه‌بدولره‌زاق شه‌ریف



لەمێژوی ئازادی بونی گەلانی ستەملێکراو و داگیرکراودا، بەراوردی چۆنیەتی شێوازی حوکمڕانی و گەشەکردنی ژێرخان و سەرخانی کۆمەڵگە بە پێش ئازادی و رۆژانی دوای ئازادی ئەکرێت . تەنانەت لە وڵاتێکی سەربەخۆشدا، دوای شۆڕش و کودەتا بەراورد بە ژیان و ژیاری هەمان حوکمداری پێش خۆی ئەکرێت .

لەهەرێمی کوردستانی ئازادکراودا و لە عێراقی دوای روخاندنی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان، بۆ ئەوەی ئاستی بەرەوەپێشچون یانەخۆ دواکەوتن ببینرێ و بزانرێ، هەرئەبێت بەراوردەکان بە ساڵانی پێش ئەم و دوای ئەویتر بکرێت . لە عێراق و هەرێمی کوردستانا، حوکمڕانەکانی دوای بەعس بە ئەقڵ و مەعریفە و هونەر لەڕوی هەژمون و پابەنبونی یاسا و ئیدارەی دەوڵەتەوە، هەرگیز بەوانەی پێش خۆیان بەراورد ناکرێن، ئەو ژێرخانەی بەعسیەکانیش لە عێراق و کوردستانا لە خزمەتی خەڵکدا دروستیانکرد ، ئەمانەی خۆمان هاتن و وێرانیانکرد ( من دەساڵ پێش ئێستا و لە ستونێکدا، ئاخم بۆ کەرتی تەندروستی سەردەمی بەعس هەڵکێشا و باسم لە خەستەخانەی گشتی شاری سلێمانی کردبو کە بەعس بەو گەورەییە و بەو دیزاینی گۆڕەپان و باخچەیە بۆ نفوسی پەنجا هەزار خێزانی سلێمانی دروستکردبو بەڵام کە سلێمانی ئەبێت بە سەدان هەزار خێزان دەسەڵاتی خۆماڵی لەجیاتی فراوانکردن و دروستکردنی خەستەخانەی زیاتر و گەورەتر دێن و ئەوەی هەیە بچوکی ئەکەنەوە و تەنانەت هەندێ لە باخچە و گۆڕەپانەکانیشی ئەفرۆشنەوە )، بۆیە لەم بەشە و بەشەکانی دواتردا هەوڵ ئەدەم  بەراورد لەهەندێ جومگەی سەرەکی دەوڵەتداری و پایەکانی حوکمداری بەعس و ئەوانەی لەدوای بەعسەوە هاتون باسبکەم .
بەعس و ئیدارە :

موراسەلات و کڵێشەی نوسراوە رەسمیەکانی دەوڵەت و پەیوەندی نێوان جومگەکانی پەیکەری حوکمڕانی، لە دنیادا پێکەوە گرێدراو و لێکچوە، ستاندارێکی جیهانی هەیە و وەک زانستی ئیدارە لە زانکۆ و پەیمانگاکان ئەخوێندرێ و پەیڕەو ئەکرێت، نامە و نوسراو و فەرمانی سەرۆکایەتی وڵات و گشت یەکە ئیداریەکانیتر، لە شێواز و وێنەی کڵێشەکەیانەوە بۆ ناوەرۆک و دەستەواژە پەرەوکراوەکان هەتا بە شوێن و رۆژ و مانگی ئیمزای سەرۆکی یەکە ئیداریەکە ئەگات لێکچونێکی هونەری و زانستی پێکەوە گرێیان ئەدات و ئەناسرێنەوە، پەیکەری ئیدارەی حکومەتەکە لە سەرەوە بۆ ئاستی بچوکترین یەکەی ئیداری رون و ئاشکرایە، موخاتەبەکردنی جومگەکانی ئەم پەیکەرە رێکخراوەییەی حکومەت لە هەمو ئاستەکاندا، وەک روبارێک لە هەر جێگە و پێگەیەکدا، پێویستبکات جۆگەی بۆ کراوە و ئیشەکان وەک ئاو ئەڕوات .

ئیدارەی بەعس لەم روەوە گشت پرەنسیپە زانستیەکانی پەیرەو ئەکرد و گەر هەڵەیەک لە جۆگەیەکی بچوک یانەخۆ گەورەدا رویبدایە هەم زو چارەسەر ئەکرا و هەم سزاشی بەدواوە بو .

 جارێکیتریش لە ستونێکدا، بەناونیشانی راستکردنەوەی هەڵە لە نوسراوەکانی سەرۆکی حکومەتدا، تەنیا لە کڵێشەی یەک نوسراودا، نۆ هەڵەی گەورەی ئیداریم خستە رو، دیسان گلەیی کاکی حکومەتم هاته سەر .

ئێستاشی لەسەر بێت لە ئیدارەی سێ دەیەی ئەم حکومەتی هەرێمەی کوردستانەیا، ئەو پاشا گەردانییەی لە ئیدارە و کارگێڕی و بەڕێوەبردنا هەیە نەک بەراورد بە حوکمی بەعس ئەسڵەن روی باسکردنیشی نیە، ئەوەندە بەسە بڵێم : ( کورد تەمەنا و ئاواتی زمانێکی یەکگرتوی سەرتاسەریە ، بەڵام لە هەرێمدا، یەکە ئیداریەکان، لەسەرەوە بۆ خوارەوە و بە پێچەوانەشەوە، هەر شار و شارۆچکەیەک بە زمانی خەڵکی ناوچەکەی خۆی ئەویتر ئەدوێنێ، زمانی نوسراوەکانی زانکۆ و ئاستی باڵای سەرۆکایەتیەکانی پەرلەمان و دەزگای قەزایی وحکومەت لە هەمو شوێنەکانیتر کۆڵەوارترن ) 


PM:09:10:08/01/2022

ئه‌م بابه‌ته 284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی