" سەدام حوسەین، ستایش یان نوسینەوەی مێژوو "

‌عه‌بدولره‌زاق شه‌ریف

" سەدام حوسەین، ستایش یان نوسینەوەی مێژو "
بەشی دووەم :
لە دوای روخاندنی رژێمی پاشایەتی لەعێراقدا، ئیتر ژیانی سیاسی و کاری حیزبایەتی گەرموگوڕی بەخۆیەوە بینیوە، فکرەکانی نەتەوەیی ، نەتەوەیی سۆشیالیست ، سۆشیالیسی زانستی و کۆمۆنیزم و تەنانەت ئیسلامی سیاسی و باڵی مەزهەبە جیاجیاکان، وەک حیزب خۆیان نواند و گەشەیانکرد، لە کوردستانیش و لەناو رۆشنبیرانی کورد ئەم ئاراستە فکرییە سیاسیانە کاریگەرییان هەبوە و لەناو ( پ د ک ) یشدا، وەک هێزێکی جەماوەری گەورە رەنگیداوەتەوە . 

حیزبی بەعس و سەرانی ئەو حیزبە پێش هاتنە سەر
حوکمیان لە زاخۆ هەتا خانەقین، شانە و پێگەی رێکخستنەکانیان دروستکردوە و دۆستایەتی سەرکردەکانی کوردیش لەگەڵ ئەوان بۆ ساڵانی دوای روخانی رژێمی پاشایەتی ئەگەڕێتەوە، لەساڵی( شەستوهەشت )، کاتێک حوکمی عێراق ئەگرنە دەست، راستەوخۆ هەردو باڵ و ئاراستە سیاسی و چەکدارییەکەی کوردستان ( جەلالی و مەلایی ) بەجیا ئەکەونە گفتوگۆ لەگەڵیاندا و بنە و بارەگا حیزبیەکانیشیان لە سێبەری کودەتاکەی بەعسدا، لەبەغدا بەهێز ئەکەن .

بەمێژوی پەنجا ساڵی دوبەرەکی ناوخۆی ریزەکانی کورد ، تەنیا ئەو سەرەتایەی حوکمی بەعسیەکان، بەفشاری مادی و مەعنەوی بەعس، رێکەوتنی کۆنکرێتی نێوخۆی ماڵی کورد رویداوە و ئەوان پارتیان کردەوە بە یەک و یەک حیزب .
کەم نەبون ئەوکارەکتەرە کوردستانیە پارتی و شیوعی و بەعسیە پلەدارانەی لە بەغدا کاربەدەست و ئەفسەر و وەزیر و دۆست و پشتیوانی سەدام حوسەین بون، مێژوی وەزیفی زۆرینەشیان بۆ ئەو سەرەتای سێبەری کودەتایە ئەگەڕێتەوە، کە خۆیان بە بەعسیەکان و حوکمڕانیەکەیان ناساند و هەندێکیان تا دوا رۆژەکانی تەمەنی بەعس لەبەغدا و لە پلەی وەزیفیدا مانەوە، دوای روخانیش پارتی و یەکێتی مونافەسەیان بۆ داڵدە دان و خزمەتکردنی ئەوان ئەکرد، نمونەی تەها محێدینەکان لە هەولێر و سلێمانی زۆرن .
بەعسیەکان لەماوەیەکی قیاسی زۆر کەمدا، توانیان وەک ئیدارەی حوکمی مەدەنی و سەربازی و ئەمنی هەیبەتی دەوڵەت و دامودەزگا رەسمیەکانی بچەسپێنن و بپارێزن، بەم پاشا گەردانی و فەسادەی هەڤدە ساڵی حیزب و سەرکردە عێراقی و کوردستانیەکان لەهیچ رویەکەوە بەراورد ناکرێ
  لەچاوپێکەتنێکدا، کوڕەکەی تاریق عەزیز وتی :

باوکم دەیان ساڵ کەسی دوەم یان سێیەمی عێراق بوە ، هەمو دۆکیۆمێنتەکانی دادگا و تاپۆ لەعێراقدا ماون ، برۆن تەماشای بکەن جگە لە خانویەک کە هەتا ئێستا پارەی قیستی تیاماوە، خاوەنی هیچ شتێکیتر نین و نەبوین ، ئنجا برۆن تەماشای فایلی داگیرکاری و تاڵانی زەوی نەجەف و کەربەلای ئەم حکومدارانەی ئێستای دوای سەدام بکەن !
ئەم لۆژیکە لە هەرێمی کوردستانیشدا، بۆ مەسول و فەرمانڕەواکانی سەردەمی بەعس و دوای بەعس هەمان تاس و حەمامی نەجەف و کەربەلایە .


PM:04:44:06/01/2022

ئه‌م بابه‌ته 648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی