تراژی-کۆمیدیای بەرهەم

‌سه‌ردار عه‌زیز

بەرهەم ساڵەح دەیزانی یارکەرنیە، یاری پێکراوە. ئەو بەم ڕۆڵە ڕازی بوو، چونکە ئامانجی گێڕانی ڕۆڵ بوو، سەرباری کاریگەریی. بۆیە ئەوەی گرنگە، زانینی ئامانجی یاریکەرەکانە.

سەرەتا دوو یاریکەری سەرەکی بونیان هەبوو، پاشان بوون بە سێ.

بافل تاڵەبانی، مەسعود بەرزانی، نوری مالیکی.

ئامانجی مەسعود بەرزانی سنورداربوو. هەر کەسێک [کورد] ئەو نەیەوێت نابێت پۆستی هەبێت. ئەمە جۆرێکە لە پیادەکردنی دەسەڵاتی شەخسی. بەرهەم بوو بەو کەسە لە ساڵی ٢٠١٨.

زۆر هەوڵیدا ئەو دیدەی مەسعود بەرزانی بگۆڕێت بەڵام بێهودەبوو. بۆیە مەسعود بەرزانی تەنها دروشمێکی هەبوو، هەرکەسێک بەس بەرهەم نا.

بافل تاڵەبانی دوو ئامانجی هەبوو، دەرخستنی ڕکەبەرایەتی چونکە بە سودی چەسپاندنی پێگەیەتی، وەک سەرۆکێکی نوێ، بەڵام ئامانجی هەرە سەرەکی ئەوەبوو کە چۆن بەرهەم ساڵەح وەک قوربانییەک لە کۆشکی سەلام دەرنەکرێت، بەڵکو هەموو پشتیوانی دەرفەتێکی پێبدرێت، وەک شکستخواردوویەک بێتەوە مێرگەپان، هەتا توانای دروستکردنی سەرئێشەی نەبێت بۆ بافل.

نوری مالیکی، کە خۆی لە بنەڕەتدا هەندێک کوردە، کاتێک زانی دوو کورد بە ئامانجی بچوکەوە کێبڕکێ دەکەن، دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی براوەبێت. لابردنی بەرهەم یانی لابردنی کازمی. هەروەها یانی لابردنی کەسێک کە ئەمریکا پێی باش بوو. لە سەروی هەمویەوە یانی کۆتایی بە بەربەستی سیاسی. بەڵام گرنگ ئەوەیە کە هەموو لایەک هەست بە براوەیی دەکات. براوەی ڕاستەقینە کێیە گرنگ نیە


PM:12:40:16/10/2022

ئه‌م بابه‌ته 1076 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی