بۆ کۆچ؟ بە شی یەکەم

‌سه‌ردار عه‌زیز

کۆچی لاوانی کورد لە باشور دوو پاڵنەری سەرەکی هەیە: پاڵنەری ناوخۆیی و پاڵنەری دەرەکی. سەرەتا باس لە پاڵنەری ناوخۆیی دەکەین.

هۆکار و پاڵنەری سەرەکی کۆچی بە لێشاوی لاوان ئابورییە.  دەبێت بە ووردی قسە لە سەر ئابوری بکەین. هەندێک دەڵێن کوردستان ئابوری نیە، چونکە بەرهەمهێنانی نیە، بەڵام ئەم دیدە ڕاست نیە. ئابوری لە سەردەمی ئەمڕۆدا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە کەرتی خزمەتگوزاریدایە یان ئابوری خزمەت. بە پێی دیدی ئێمە هەموو ئاڵوگۆڕێکی مرۆیی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان کردەیەکی ئابورییە. بەم پێیە هەرێم ئابوری هەیە و هەروەها سیستەمی ئابوریشی هەیە.

سیستەمی هەرێم بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەم شەپۆلەی کۆچ دادەنێین لە کوردستان. شیکاریکردنی سیستەمی ئابوری هەرێم کە سیستەمێکی دیفاکتۆیە لە بڕی ئەوەی سیستەمێکی پلانڕێژکراوبێت هەندێک سەختە.
توێکاری سیستەمی ئابوری هەرێم.

سیستەمی ئابوری هەرێم بە چەندین چەمکی حازربەدەستی بیرلێنەکراوە باسکراوە، وەک سیستەمی سۆشیالیستی، کرێخۆری یان رێنتییەر، یان لە هەندێ دۆخدا، کلیپتۆکراسی، حوکمی چەتە. بەڵام سیستەمی ئابوری هەرێم لەوە ئالۆزترە بە چەمکێک یان ناونیشانێک وەسفبکرێت بە تایبەتی کاتێک کە بەشی زۆری ئەم وەسفانە، وەک ڕەخنە یان بەشێک لە ململانێی هێزەکان بەکاردێت، کەواتە زیاتر بەشێکە لە خیتاب، نەک دەستنیشانکردنێکی زانستی.

سەرەتا، سیستەمی ئابوری هەرێم یەک شێوەنیە. بەڵکو فرە شێوەیە. ئەوەی لێرەدا باسی دەکەین زیاتر ئابوری حکومەتە. لە درەوەی ئەم ئابورییە ئابوری نافەرمی بونی هەیە، ئابوری دەرەکی یان نێودەوڵەتی کە خۆی لە کۆمپانیا بیانیەکاندا دەبینێتەوە، هەروەها ئابوری ئاینی یان خێر.

ئابوری حکومەت بریتیە لە دەست بە سەراگرتنی داهاتی گشتی وڵات و بەکارهێنانی بۆ مەبەستی حوکمڕانی. ئەم حکومڕانییە خۆی لە بوارەکانی حیزب و حکومەتدا دەبینێتەوە. ئەو سیستەمەی کە لێرەدا بەڕێوە دەچێت تێکەڵێکە لە ئابوری کۆماند، command economy کە ڕەگی دەگەڕێننەوە بۆ نازییە ئەڵمانییەکان Befehlswirtschaft ، ئابوری سۆڤیەتیش بە هەمانشێوە بوو. لە سەرەتادا ئابوری نەمساوی Otto Neurath  پەرەی بە ئەم چەمکە دا، وەک جۆرێک لە ئابوری بێ-پارە.

بە کورتی ئابوری کۆماند یانی پێچەوانەی ئابوری بازاڕ. ئابورییەک کە دەوڵەت یان حکومەت تیایدا ئەکتەری هەرە سەرەکییە. ئابوری کۆماندی هەرێم، لە سەر بنەمای ئابوری کرێخوری وەستاوە. ئابوری کرێخۆری، ڕەیعی یان رێنتییەر، ئەو ئابورییە کە داهاتەکەی لە کرێوە سەرچاوە دەگرێت. لە ڕابوردودا کرێی عەقار و زەویی بوە، لە ڕۆژگاری ئەمرۆدا بە گشتی کرێی سامانە سروشتییەکانە. وڵاتانی خاوەن سامانی سروشتی، سامانە سروشتییەکەیان دەدەن بە کۆمپانیاکانی ئەو بوارە و لە بەرامبەردا کرێیان لێ وەردەگرن. ئەو کرێیە دەبێتە سەرچاوەی سەرەکی داهاتی حکومەت و ئیتر بە پێی پێداویستی حکومەت، ڕەنگە حکومەت پێویستی بە کۆکردنەوەی باج نەبێت لە کردە ئابورییەکانی دانیشتوانی. لە هەمانکاتدا حکومەت دەتوانێت بڕێکی ئەوەندە لە خەڵک لە ڕێگای کاری کەرتی گشتییەوە ڕازی بکات کە بتوانێت پشتیان پێ ببەستێت بۆ حوکمڕانی وڵات.

هەمومان چیرۆکی ئەم جۆرە ئابورییە و لایەنە باش و خراپەکانی دەزانین. یەکێک لە ئەو کەرتانە کە بە خێراییەکی گەورە گەشەی کردوە کەرتی چەکدارییە. چەکدار بە هەموو شێوازەکانییەوە، ژمارەیان نزیکەی حەوت سەد هەزار کەس دەبن لە کوردستان. دەرئەنجامی ئەمە کۆتایی لادێی و کەرتی کشتوکاڵ و زۆر بواری تر بوو.

شێوازێکی تری ئابوری لە هەرێم ئابوری نیولیبرالیزمی حیزبییە. لە جێگاکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەراست چەمکی نیولیبرالیزمی تایفی بەکاردێت، بەڵام بۆ هەرێم زیاتر نیولیبرالیزمی حیزبی ڕاستترە. خۆی کرۆکی نیولیبرالیزم مارکێت یان بازاڕە. ئەم چەمکە لە دونیای ئاگایی کوردیدا ڕون نیە. بازاڕ یان مارکێت جۆرێکە لە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری. کرۆکی ئەم فەلسەفەیە ئەوەیە کە بازاڕ ناوەندێکە کە خۆی خۆی ڕێکدەخات. کاتێک بازاڕ ئەم سروشتەی هەیە ئەوا نابێت کەس دەستوەردانی تیادا بکات. ئەم جۆرە لە فەلسەفەیە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو لە سەردەستی خەڵکانکی وەک هایەک و ملتۆن فریدمان و ئەوانی تر گەشەی کرد. بە کورتی نیولیبرالیزم جۆرێکە لە فیتیشیزم لە گەڵ بازاڕدا.

بونی بازاڕ بە کرۆکی ئابوری و مرۆیی و کۆمەڵایەتی ئێمە، وەرچەرخانێکی گەورەیە لە ژیان و ژیاری ئێمەدا.

کۆمەڵگای ئێمە هەتا ئاستێکی زۆر کۆمەڵگایەکی نابازاڕی بوو. نابازاڕی یانی پارە یان سامان کرۆکی هەموو بون و بەهاکان نەبوو. مرۆڤ بە هەبونی سامان مرۆڤبونی نەدەپێورا. هەژار و دەوڵەمەند دەچونە هەمان جێگا. خەڵک کەلتوری هاوکاری و بەشکردن و پێکەوەیی هەبوو. کاسوسێ نمویەکی بچوک بوو کە لە منداڵیما هەمانبوو، کاتێک خواردنێکی خۆشمان هەبوایە لە گەڵ دراوسێکانماندا بەشمان دەکرد. بەڵام گەشەی کەلتوری بازاڕ یانی دروستبونی لێکدابڕان، ڕکەبەری، زاڵبون بە سەر ئەویتردا. لە کۆمەڵگای بازاڕدا، لێرەدا بۆ ئەم چەمکە دەگەڕێمەوە بۆ ئابوریناسی مەزن، کارل پۆلانی، پلەبەندی  مرۆڤەکان دەستپێدەکات. مرۆڤەکان پەیوەندییەکی دڕندانە لە گەڵ یەکتردا دەبەستن. پەیوەندییەک لە سەر بنەمای نمایش و دەرخستنی من هەمە و تۆ نیتە، من خاوەندارم تۆ نەخێر. من سەرکەوتووم. یان ئەوەی لە ناو عەوامدا باوە، خۆی گرت. کە یانی ئەوانی تر، هێشتا لەرزۆکن و خۆیان نەگرتوە.
کاتێک توێژێک لە خەڵک بە تایبەتی لاوان، لە دەرەوەی ئەم سیستەمە گەورە دەبن و ناتوانن بێنە ناوییەوە، ئەوا توڕە و ناڕازی دەبن. دیارە سیاستی توڕەیی لە کوردستان بوارێکی ترە کە باسی لێوە نەکراوە. ئێستا توڕەیی جۆرێکە لە بازرگانی سیاسی.

ڕەنگە زەقترین نمونەی نیولیبرالیزمی بێ زەو ق بێ بەزەیی جادی پۆزەکە بێت. هەبونی جادەیەکی وەها، دەرخەری ئەوەیە کە کۆمەڵگای ئێمە چێژ دەبینێت لە نمایشی نابەرابەری، نادادپەروەری هەروەها نایەکسانی. دیارە بە گەڕانەوە بۆ کارل پۆلانی لە ئەوە تێدەگەین کە هەژار دروستکردن یەکێکە لە بنەماکانی کۆمەڵگای بازاڕ. بەبێ هەژاران کە بە کرێی کەم کاری سەخت بکەن سیستەمەکە بەڕێوە ناچێت. بەڵام کەس نایەوێت هەژار بێت. کەواتە شەڕێک هەیە لە هەناو سیستەمەکەدا. ئەم دۆخە لە زۆر کۆمەڵگا ئەوروپییەکان بە سیستەماتیک کراوە. بۆ نمونە لە ئەڵمانیا و نەمسا لە تەمەنی یانزە ساڵی منداڵان تاقیدەکرێنەوە کە بۆ چ جۆرێک لە قوتابخانە بچن. زۆرینەی مناڵی کۆچبەران دەچنە ئەو قوتابخانانەی کە بۆ کاری دەستی ئامادەیان دەکات. لە بەر هەژاری زمان و کەلتور.

لێرەوە بە شێوازێکی سیستەماتیک توێژی کۆچبەر بۆ سەردەمێکی زۆر لە وەبەرهێنانی عەقڵی دادەبڕن.

نیولیبرالیزمی حیزبی جۆرێکی تایبەتە لە نیولیبرالیزم. ئەگەر بە گشتی نیولیبرالیزم یانی کشانەوەی حکومەت یان دەوڵەت لە بازاڕ، ئەوا نیولیبرالیزمی حیزبی مانای جیاوازی هەیە. دەکرێت نیولیبرالیزمی حیزبی وەها پێناسە بکەین. بریتیە لە هەڵسورانی بازاڕ بە سودی حیزب، بە دەر لە دەسەڵاتی حکومەت. دیارە حکومەت لە سیستەمی نیولیبرالیزمدا بە تەواوی لە دەرەوەنیە، جگە لە باج، حکومەت کاری ڕێکخستن، چاودێری، تەندروستی کاڵا، ژینگە، دژایەتی قۆرغکاری و زۆر کاری تر دەکات، بەڵام لە نیولیبرالیزمی حیزبیدا ڕێگە بە ئەمان نادرێت.

ئەم سێ شێوازی ئابوری لە کوردستان، نافەرمی، کۆماند لە گەڵ نیولیبرالیزمی حیزبی، لە پەیوەندییەکی گرژدان لە گەڵ یەکتردا. ئەوەی زیاتر ئەم قوڕەی خەستکردەوە بە بن بەست گەیشتنی ئابوری کۆماند یان حکومییە. ئابوری کۆماند سەودایەک بوو لە نێوان سیاسەت و ئابوریدا. نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار، ئەوەیان بە خەڵک دەگوت، وەرە سەر بە من بەو ببە بە فەرمانبەر لە دەزگایەکی حکومەتدا (پێویست بونی تەزکییە بۆ دامەزراندن بەڵگەی ئەم پرۆسەیە). حکومەتی هەرێم بە هەموو پێوەرێک کەمتر لە دوو سەد هەزار کەسی دەوێت بۆ ئەوەی وەک کاتژمێری سویسری بەڕێوە بچێت، بەڵام هەڵاوسانی ئەمە لە پێناو ئامانجی سیاسیدایە.

لە بەشەکانی تردا دێینە سەر بوارەکانی تر کۆچ


AM:10:53:17/11/2021

ئه‌م بابه‌ته 740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی