قەیرانەکانی خێزانی کوردی

‌سه‌ردار عه‌زیز

خێزانی کوردی لە قەیراندایە. نیشانەکانی ئەم قەیرانە بە بەرچاوی هەموانەوەیە. رێژەی جودابونەوە، کە لە باڵتریندایە، ڕەنگە نیشانەیەکی زەق بێت. رێژەی شونەکردن، یان خێزانی دڵتەنگ، توندتیژی زۆر پێوەری تر . دەکرێت بۆ ئەوەی دیدێک بۆ تێگەیشتن لە ئەم قەیرانە دابڕێژین بیر لە ئەو گۆڕانکارییانە بکەینەوە کە گۆڕانی ژیار بە سەر جۆری پەیوەندی ئەندامەکانی ناو خێزاندا هێناویەتی.

خێزانی تەقلیدی، ئەو خێزانەیە کە دەسەڵات تیایدا پلەبەندیانە، یان هایرارکیانە بونیادنراوە. باوک، کرۆکی خێزانە و خاوەن باڵاترین دەسەڵاتە، ژن و مناڵەکانە بە پلەی جیاوازدێن لە پاش ئەو. داڕێژەری ئەم بونیادی دەسەڵاتە ئابوری و کەلتوری و ئاینی و ئاگاییە بوو. دەکرێت بڵێین کە ئافرەت بە گشتی بونەوەرێکی ناسیاسی بوو، لە پانتاییەکی تایبەتدا (ماڵدا) قەتیس کرابوو. ناسیاسی بە مانای ئەوەی بۆی نەبوو لە پانتایی گشتیدا ئامادەیی و چالاکی هەبێت. دیارە هەندێک شاز هەیە لە ئەم بنەمایە، بۆ نمونە خێزانی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی پێگەی سیاسیان هەبوو، یان ئافرەت وەک بەشێک لە خێزان، لە مەزرا و کێڵگەی خێزاندا کاری کردوە، ئەم شازانە نابنە بنەمای ئەوەی کە بنەما گشتییەکە هەڵبوەشێننەوە. زۆربەی جار ئیشکردنی ئافرەت ئیشکردنێکی بێ داهات بوە. ئەوەی ئیش گرنگ دەکات، ئیش خۆی نیە، بەڵکو بونیەتی وەک سەرچاوەیەکی داهات، چونکە داهات، توانا و ئازادی دەبەخشێت.

لە ڕوانگەی داهاتەوە، دەبینین خێزانە هەژارەکان و خێزانە دەوڵەمەندبوەکان هەردوو قەیرانیان هەیە، هەژارەکان بەهۆی نەبون یان کەمی داهاتەوە، دەوڵەمەندبوەکان بەهۆی دەست گەیشتی ئافرەت بە داهات. لە هەردوو دۆخەکە بونیادە هەرەمییە تەقلیدییەکە توشی کێشە دەبێت. لە دۆخی هەژاراندا باوک نان-پەیداکەرێکی باش نیە، لە دۆخی دەوڵەمەندبوەکاندا، باوک تەنها نان-پەیداکەرنیە، دایکیش بە هەمانشێوە نان-پەیداکەرە.

لە هەمانکاتدا خێزان وەک دەزگایەک لە لایەن دەزگاکانی ترەوە لە پەیوەندی و زۆرجار ململانێدایە. پەیوەندی نەوان دەوڵەت و خێزان یەکێکە لە پەیوەندییە ئاڵۆزەکان لەمبارەوە.

نمونەی ئەم دۆخە بە ڕونی لە خێزانە کوردەکانی نیشتەجێیی ڕۆژئاوادا دەبینین. ئەگەر تەماشای جوگرافیای خێزانی کورد بکەیت، دەبینیت هەتا پشتیوانی دەوڵەت بۆ خێزان زیاتربێت، خێزان زیاتر هەڵوەشاوەیە. ئەمە لە کەیسی وڵاتانی ئەسکەندەنافیادا دەیبینیت. زۆرن ئەو خێزانە کوردانەی کە بە دەست قەیرانی هەڵوەشانەوە دەناڵێنن لە ئەو وڵاتانە.

(ئەم دۆخە مایەی شەڕێکی گەورەیە لە ئەمریکا لە نێوان لیبرال و پارێزەرەکاندا، کۆنسێرڤەتیڤەکان دەڵێن هەتا دەوڵەت زیاتر پشتیوانی خێزان بکات، خێزان زیاتر هەڵدەوەشێت، لیبرالەکان دەڵێین نەخێر قەیرانەکە ئابورییە، لە داهاتودا دێمە سەر ئەم بێرەوبردە).

ڕەنگە گۆڕانی سەرچاوەی داهات و شێوازی کار و سەرچاوەی داهات و بەشاریی بون کۆمەڵە هۆکارێکی سەرەکی بن لە قەیرانی خێزان، بەڵام هەندێک هۆکاری تریش هەیە کە دەبێت لە سەری ڕابوەستین.

هەندێک ئایدەلۆژیا لە دونیای ئێمەدا ئامادەن کە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەیە لە سەر قسەکردن لە سەر خێزان و ڕۆڵ و پێگەی خێزان. دوو ئایدەلۆژیا لە هەموان زاڵترن، یەکێکیان چەپە، ئەویتریشیان ئیسلامی سیاسی. دیارە بەرخۆریزمیش ئایدەلۆژیایەکی ئێجگار کاریگەرە.

چەپی کوردی هێندە خاوەن مەعریفەنیە بە کەلتوری چەپ. بۆیە خیتابی جۆرێکە لە پرتە و بۆڵە و سەرەتاتکێ. بە گشتی کرۆکی دیدی چەپ، وەک لە مانیفێستدا بەیان دەکرێت بریتیە لە  aufhebung کە یانی هەڵوەشاندنەوەی خێزان. خێزان لە دیدی ئەوانەوە یەکەیەکی بۆرژوازییە. مارکس بڕوای وەهابوو ئەم جۆرە خێزانە بە گۆڕانی سەرمایە خۆی دەپوکێتەوە. لە بەرامبەر ئەمەدا ئیسلامی سیاسی خێزان وەک کرۆکی بونی خۆی دەبینێت. ئوسرە چەمکێکی سەرەکی دونیابینی و ڕێکخستن و سیاسەتکردنیانە. خێزان لای ئەوا لە سەر بونیادی قەوام بونیادنراوە.

بەم پێیە ئێمە لە بەردەم بەرداشی دوو خیتابداین یەکێکیان هەڵیدەوەشێنێتەوە و ئەویتریان ڕەقی هەڵدەگەڕێنێت. ئامرازەکانی بەڕێوەچونی ئەم خیتابانە بریتین لە ئەخلاق، سەقامگیریی، باری دەرونی، دەسەڵات، پیاوبون و پیاونەبون و زۆر چەمکی تریش.

کۆمەڵگای ئێمە لە نێوان ئەم دوو بەرداشەدا سەری لێشێواوە. بەڵام نە هەڵوەشانەوە سودمەندە و نە بینینی خێزان وەک یەکەیەکی ڕەقهەڵاتوی نەگۆڕ. بە گۆڕانی ئابوری بونیادی خێزانی تەقلیدی دەگۆڕێت. کۆمەڵگای کشتوکاڵی پێویستی بە دەستی کاری بێ بەرامبەر هەبوو، بۆیە خێزان لە کۆمەڵگای کشتوکاڵیدا گەورەبوو. بە گەشەی تەکنەلۆجیا و هاتنی جۆرێک لە کۆمەڵگای پیشەسازی، یان دەرکەوتەی پیشەسازی، بە تایبەتی پیشەسازی نەوت و سامانی سروشتی، جۆری کار دەگۆڕێت. جگە لە شەڕ و هەندێک بواری تر نەبێت، زۆربەی بوارەکانی تر زیاتر بۆ ئافرەت گونجاوە هەتا پیاو. ئەم بە ئافرەتبونەی، فیمینایسەی بواری کار و داهات، بە ناچاری بونیادی خێزان دەگۆڕێت.

ئەگەر بە چەمکی ئەندازەیی دەریبڕین ئێمە لە گواستنەوەین لە کۆمەڵگای پلەبەندییەوە بۆ کۆمەڵگای ئاسۆیی. پێکەوەهەڵکردن سەختردەبێت لە بڕی ئاسان بون. خێزان وەک دەزگایەک کاتێیک بونیادی دەسەڵات تیادا دەگۆڕێت ئەوا قەیران دروست دەبێت. خێزان لە تاک سەرۆکییەوە دەگۆڕێت بۆ هاوسەرۆکی. (کاتێک ئەم پرسەم لە گەڵ خوێنەرانمدا وروژاند لە فەیسبوک وەڵامەکان جێگای سەرنج بوون، دیارە چەمکی هاوسەرۆک لە ئێستادا بارگاوییە، بەڵام کەم نەبوون ئەو وەڵامانەی کە شێوازێکی ڕێکخستنی وەهایان بە سەرچاوەی کێشە دەزانی).

ئەوەی ئەم قوڕە زیاتر خەست دەکاتەوە بە سیاسیبونی ئەم بوارەیە. وەک لە ئەمریکا دەیبینین شەڕ لە سەر خێزان کردنی خێزانە بە ئامراز و پانتایی شەڕ لە بڕی شەڕ لە پێناوی خێزان. بە سیاسیبون لە دونیای ئێمەدا بە گشتی بە مانای رسوابون دێت. بە سیاسیبون یانی توڕەهاتکردن و جنێودان و بەلاڕێدابردن و دابەشکاری لە نێوان ئەخلاقدار و بێئەخلاقدا. ئەمەمان لە پرسی وروژانی ناوی دایکدا بینی.

بە گشتی کاتێک کە خێزان توشی قەیران دەبێت دەوڵەت دەسەڵاتی زیاتر دەکات، ئەمە خەمی کۆنسێرڤەتیڤە ئەمریکاییەکانە. بەڵام کۆمەڵگای ئێمە هەتا ئێستا کۆمەڵگایەکی بێدەوڵەتییە، یان نادەوڵەتییە. بەم پێییە، کاتێک دەزگای خێزان لاوازدەبێت ئەوا هیچ دەزگایەکی تر نیە هەتا ڕۆڵەکەی بگێڕێت، بەمجۆرە ئێمە ڕوبەڕوی بۆشاییەکی دەرونی و کۆمەڵایەتی و ئابوری سەخت دەبینەوە، کە لە تواناماندا نیە دەرەقەتی بێین.

زانکۆکانی ئێمە دەبوو دەیاها لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی مەیدانیان هەبوایە، هەتا بمانتوانیایە، بە ووردتر قسە لە سەر پەیوەندی نێوان خێزان و حکومەت و کۆمەڵگا بکەین. بەڵام ئێمە خاوەن زانکۆ نین، ئەمە لە کاتێکدا هەر دۆڵێک لە کوردستان وەک دەواجن زانکۆیەکی تیادایە.

قەیرانێکی تری ئەم بوارە، وەک زۆر بواری تر، دابرانی خیتابە لە واقیع. بە گشتی زۆرینە کورد وەها قسە دەکات کە دەبێت ببێت. بەو مانایە، وەها دەدوێت نەک وەک ئەوەی کە هەیە یان دەبێت بەڵکو وەک ئەوەی کە خۆی دەخوازێت هەبێت. ئەم دیدە ناواقیعییە، پاڵنەری ئەو دیاردەیەیە کە قسەکردنی ئێمە لە سەر هەر پرسێک بە گشتی بێبنەمایە. ئەمە لە بیری ڕۆژئاوایید لە جەدەلی نێوان فۆکۆ و هابرماسدا دەیبینین. هابرماس دەڵێت دەبێ دونیا وەهابێت، فۆکۆ بە ڕاڤەکردنی ڕابوردوو، جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە، گرنگ نیە ئێمە چی دەخوازین، بەڵام دونیا وەها نەبوە و میکانیزمەکانی بەرەو ئەو ئاقارەی نابەن کە وەهابێت. گرنگە لە دونیا تێبگەین وەک خۆی، ئینجا خواست و خەونەکانمان دەربڕین، نەک خواست و خەونەکانمان لێ ببێت بە واقیع.

خێزانی کوردی دەگۆڕێت، هەموو دەبنە بەشێک لەم گۆڕانکارییانە، بەڵام بە شێواز و ئاستی جیاواز. دەکرێت لێرەدا باس لە شەبەنگێک بکەین، لە سەرێکەوە ئەوانە کە هەموو هەوڵێک دەدەن کە بەرپەرچی گۆرانکارییەکان بدەنەوە، دیارە بەبێ سەرکەوتن، لە ئەو کۆتاییەکەی ئەوانەی کە خوازیارن لە گەڵ هەموو گۆڕانکارییەکاندا دەست و پەنجە نەرم بکەن، دیارە دیسانەوە بەبێ سەرکەوتن. ئەم دەبڵ شکستە هۆکاری توندڕەوی خیتاب و لەرزۆکی واقیعە. ئەو هێزانەی کەخێزانی ئێمە دەگۆڕن، زۆر کاریگەرتر و خێراتر و پەلوپۆدارترن لە تواناکانی ئێمە.

لە دەستدانی خێزان لە دەستدانی ماڵە، نەمانی پنتێکە لە دونیادا کە مرۆڤ  تیایدا خۆشبویسترێت، رێز بگیرێت تەنها لە بەر خۆی، نەک هیچ مەرجێکی تر.


AM:10:15:15/09/2021

ئه‌م بابه‌ته 3360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی