چارەسەر لای خۆمانە

‌نه‌زهه‌ت حالی

کۆچی بە لێشاوی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت گەنجان بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان، چ ئەوانەی ئێستا لەسەر سنووری  بێلاڕوسیاو پۆلۆنیان ،یان ئەوانەی کە بە ڕێگاکانی تر هەوڵ دەدەن بەرەو ئەوڕوپا کۆچ بکەن ناخ هەژێنە. ڕەنگە نەکرێت هۆکارەکان تەنیا لەچوارچێوەی یەک پاڵنەر و هۆکار کورت بکرێنەوە، بەڵام دڵنیام هۆکارەکان هەرچی بن سیاسی، کۆمەڵایەتی یان ئابووری بن، هەموویان لە خاڵێکدا هاوبەشن کە ئەویش بوونی ترس و بێ هیواییە.

ئەوەی دوێنێ لە یەکێک لە کەنالەکانی تەلەفزیۆن لە هەرێمی کوردستان بینیم، ناخەکەی زیاتر هەژاندم کە هاوڵاتیەکی ئەم هەرێمە لەو بەرنامەیەدا تف لە نیشتیمان و پیرۆزییەکانی دەکرد و ئامادەبووانیش بەچەپلە لێدان پشتگیری خۆیان بۆ ئەو وتانە دەربڕی.

گومان لەوە نیە کە دەبێت نیشتیمان جێگای ڕێزی هەموومان بێت، بەتایبەت ئەو کوردستانەی کە بە خوێنی پاکی شەهیدان زیاتر پیرۆز کراوە، هەروەها ئەگەر بەخۆمان ڕێزی خاک و نیشتیمان و نەتەوەی خۆمان نەگرین ئەی چۆن بیانییەکان ڕیزمان بگرن.

 ئەو پرسیارە زۆر دەکرێت کە ئایا ئەو هۆکارانە چین کە وا دەکەن هاوونیشتیمانیان بەو جۆرە ناخ هەژێنە ، کۆچ بکەن یان ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن، بێگومان وڵامەکانیش جیاواز دەبن. بەڵام پێم وایە ترس و بێ متمانەیی و دلنیا نەبوون لە داهاتووی خۆیان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەو بێ هیوا بوونە لە نیشتیمان.

ترس هەموو ئاست و پایەکانی کۆمەڵگای کوردی لە هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە. خەڵک ترسی لە بژێوی ژیانیان و تەندروستی خۆیان و خێزانەکانیان هەیە. بێکاری و نەبوونی ئاسایشی کار و بیمەی تەندروستی، بارودۆخی شڵەژاوی عێڕاق و ناوچەکە وپەرتەوازەیی ناوماڵی کورد و زۆر هۆکاری تریش بوونەتە هۆی نەمانی متمانە و زیادبوونی نادلنیایی هاوولاتیان.

لەوانەیە دەرنەچوونی دامەزراوە فەرمییەکان لە قاڵبی حزبی و کەسی و نەبوونیان بە دامەزراوەی تەواو نیشتیمانی هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی هەموو هاووڵاتیان حکومەت بەهی خۆیان نەزانن، گلەیی لە دادگاکان و  پێک نەهێنانی هێزی سەربازی و ئەمنی تەواو نیشتیمانی و بە دوور لە هەیمەنەی حزب و ئارەزووی کەسی ، جگە لەوەی دەبێتە هۆی لاوازی هەرێم غەدرێکی زۆریش لە ئەفسەر و کارمەندانی ئەو هێزانە دەکرێت.

ئەفسەر و کارمەند و پيشمەرگە و شەهیدانی پاراستنی نیشتیمان بە حزبی ئەژمار دەکرێن و خێزان و منداڵەکانیان لەو سەرفرازییە نیشتیمانی و نەتەوەییە گشتییەی کە دەبێت هەیانبێت و هەر هاووڵاتیەک، بە بێ جیاکاری ڕێزیان لێ بگرێت بێ بەش دەبن و بوونەتە قوربانی ململانێی سیاسی و بەرژەوەندی کەسی و حزبی.

 لە پاڵ هەموو ئەوانەش بە زانین بێت یان بەنەزانین لە میدیا وسۆشیال میدیا کار دەکرێت بۆ لاواز کردنی هەستی نیشتیمانپەروەری کە ئەمەش ئاسایشی نیشتیمانی وڵات دەخاتە بەر مەترسی.

 ترس ،تەنیا لە ئاستی چینی هەژار و ناوەندی کۆمەڵگای کوردستان بوونی نیە بەڵكو ئاستی بەرزتری گرتووەتەوە. ترسی لە لەدەستدانی هێز کە بەلای نوسەری بە ناوبانگی ئەمریکی جۆن شتاینبێک بەرهەمهێنەری فەسادە، فاکتەرێکە بۆ ناسەقامگیری وڵاتان، بەتایبەت ئەگەر خاوەن هێز ئەو ترسەی لا دروست بوو، هەموو ئامرازەکان و شێوازەکانی تەنانەت نایاسایی و ناپەسەندیش دەگرێتە بەر بۆ پاراستنی هێز و دەسەڵاتی خۆی، کە زۆر جار بە زیانی خۆی دەشکێتەوە. هەر بۆیە دیموکراسییەکی ڕاستەقینە و بە دوور لە تەزویر و ترساندن و دەسەڵاتی یاسا تەنیا ڕێگان بۆ سەقامگیری و پاراستنی مافی هەمووان، تەنانەت ئەوانەش کە هێز و دەسەڵاتی خۆیان لە دەست دەدەن مافیان پارێزراو دەبێت.

لە هەرێمی کوردستان کەسانی زۆر باش و خاوەن هزر و مەعریفە و بە توانا کە خەمیان خەمی گەل و نیشتیمانە هەن، ئەوان ڕەخنەکانیان بونیادنەرن، بەڵام ڕەخنە بوونیادنەرەکان نەک بەهەند وەرناگیرێن بەڵکو بە لادان و دوژمنایەتی وێنا دەکرێن، کە لە ئەنجامدا ڕێگا بۆ کەسانی بەرژەوەندی خواز و پانکەرەوە واڵا دەبێت.  

هەر کات پێوەری تەمەلوق و جنێودان شوێنی پێوەری خزمەت، توانا، قوربانیدان و پابەند بوون بە پڕەنسیپە نیشتیمانییەکانی بۆ هەڵسەنگاندنی کەسەکان بگرێتەوە، ئەنجامەکەی دەبێتە هۆکاری لاوازی و ناکارامەیی دامەزراوەکان و بێ متمانەیی و بێ هیوابوونی خەڵك.

خۆ دزینەوەی بەپرسان لە ڕاستییەکان و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە گرفت و کێشە و قەیرانەکان لە هەر وڵاتێك دەرد و بەڵایەکی سیاسی گەورە و کوشەندەیە، زۆر لە گرفت و قەیرانەکان بە خۆیان چارەسەر نابن و ئەگەری فراوان بوونیان هەیە، بە دواخستنیان و خستنە سەرشانی لایەنی تر هەرگیز چارەسەرنابن .

گەرچی کۆچ کردن دیاردەیەکی کۆن و جیهانییە و کاریگەری باش و خراپی خۆی هەیە، بەڵام پێم وایە زۆرێک لەو کەسانەی کە لە ئێستادا ڕێگای کۆچی نادیار و پڕ لە مەترسیان گرتووەتەبەر ئەگەر لە ئایەندەی خۆیان دڵنیا بووان ئەو ڕێگایەیان نەدەگرتە بەر، ئەگەر چارەسەری خێراش نەکرێت کەسانێکی لە ڕادەبەدەر ویستی کۆچ کردنیان هەیە و ئەگەر دەرفەتیان بۆ برەخسێت کوردستان بەجێ دەهێلن.

تەنیا ئەو کەسانەی کە لە شاشەی میدیاکان دەردەکەون نین کە هەوڵی کۆچکردن  یان وەرگرتنی ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی وڵاتێكی بیانی دەدەن، زۆر کەسی پایەدار و پارەدار پاسپۆرتی وڵاتانی دوورگەکانی کارایبیان کڕیووە، زۆر سیاسەتمەدار و بەرپرسی باڵا بۆ خۆیان و خێزانەکانیان پاسپۆڕت و مافی نیشتەجێ بوونی وڵاتانی بیانیان دەستەبەر کردووە.

وەکو دەبیندرێت هەرکەسەو بە جۆرێک دەیەوێت لەو ترسەی کە هەیە ڕابکات و ئایەندەی خۆیی و منداڵەکانی بپارێزێت، کە ئەمەش لە هیچ ووڵات و شوێنێکی جیهان بەدینەکراوە کە چینی دەسەڵاتدار، دەولەمەند، ناوەند و هەژار خواستی جێهێشتنی وڵات یان بەدەست هێنانی ڕەگەزنامەی بیانیان هەبێت.

زۆرێك لە کۆچبەرە پەنابەرەکان هەوڵی گەیشتن بە وولآتی ئەلمانیا دەدەن، ئەڵمانیا دوای جەنگی جیهانی دووەم تووشی وێرانبوونێکی زۆر و لە ڕادەبەدەر بوو، بارودۆخی ئەو کاتی خەلکی ئەلمانیا زۆر لە بارودۆخی ئێستای ئێمە لە کوردستان خراپتربوو، بەڵام خەڵکی ئەڵمانیا بە ماندووبوون و هەوڵدانی خۆیان و بە دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی دیموکراسی دامەزراوەیی کارا  وڵاتیان ئاوەدان کردەوە و ئەڵمانیایان کردە پێشەنگی ئەوروپا.

پێم وایە ڕا کردن و کۆچ کردن چارەسەر نیە، دەبێت خۆڕاگربین و لە ئەزموونی زۆر وڵات بۆ بونیاد نانی باشتر و گەشەسەندنی زیاتری کوردستان سوود وەربگرین، ترس و هەڕەشەکان بکەینە دەرفەت، چارەسەری بارودۆخی خۆمان هەر لای خۆمانە،ڕ ۆڵی ڕۆشەنبیرانی نیشتیمانپەروەر لە ئاراستە کردنی کۆمەڵگا لەو دۆخەدا ڕۆڵێکی ناوازە دەبێت ئەگەر بە ئەرکی هەستیار و گرنگی خۆیان لە ئاراستە کردنی کۆمەڵگا و ڕێنوێنی کردنیان هەڵبستن. گەلی ئێمە زیاتر لە هەموو کات پێویستی بە هیوا و دروستکردنی متمانە هەیە، زیاتر لە هەموو کات پێێویستی بە وڵاتپاڕێزانی ڕاستەقینە هەیە ،دڵنیام ئەو گەلە سەربەرزە کۆڵ نادات و هەر سەردەکەوێت.

بە هیوای سەلامەتی کۆچبەران و لە خوای گەورە خوازیارم بە ئامانجی خۆیان بگەن و کوردستان و کوردستانیان لە هەموو ناخۆشی و بەڵاکان بپارێزێت.


PM:10:16:16/11/2021

ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی