کورد لەناو پەرلەمانی ئەوروپا

‌ سالار مه‌حمود

بە ئامادەبوونی چەندین کەسایەتی جیھانی و سیاسەتوان و پارت و پەرلەمانتاری ئەوروپایی، لەلایەن پارتی سۆسیالدیموکرات و پارتی چەپ و سەوزەکان لەپەرلەمانی ئەوروپا کۆنفرانسی حەڤدەھەمینی یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بە کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جینۆسایدو پێشێلکاریەکانی مافی مرۆڤ دەستی پێکردوو دوو رۆژ دەخایەنێت.

شیرین عەبادی خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی لە ئێران، دیزموند توتۆ خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە ئەفریقیای باشور، بیانکا جاغر سەفیری کاری چاکە لە پەرلەمانی ئەوروپا، نوام چۆمسکی و  لەیلا زانا پشتیوانی ئەم کۆنفرانسە دەکەن.

لە رۆژانی ٨ و ٩ی ئازاری٢٠٢٣ لە برۆکسلی پایتەختی پەرلەمانی ئەوروپی کۆنفرانسەکە بەردەوام دەبێت. منیش بە پێشکەشکردنی بابەتێک لەسەر جینۆسایدی کورد بەتایبەتی قۆناغەكانی بەكارھێنانی چەکی کیمیایی لە کوردستانی عیراق بەشدار دەبم. سبەینێ دەرفەتی پێشکەکشکردنی بابەتەکەم دەبێت.

شایانی باسە ئەم کۆنفرانسە بایەخی دیبلۆماسی و سیاسی ھەیە. بەڵام لە ناوەندە سیاسیەکانی کوردستانی عیراق و میدیاکاندا بایەخی پێ نادرێ!

ئەم کۆبومەوەو پرس و بابەتە جیھانیانە بۆ کوردو کوردستان ئێستا لەھەموو کاتێک زیاتر گرنگترە.

بەڵام ئەوەندە بە ئیشی لابەلاو نا بەرپرسیارانە خەڵک و تواناکان سەرقاڵکراون یا ململانێ دەکرێت لەسەر شتی بێ سەنگ و بێ ئەرزش، ململانێ ناکرێت کێ و چۆن و چ لایەک زیاتر دەنگ و تراژیدیای کوردستان دەگەیەنێتە دونیا. چۆن چۆنی دەرفەتەکان بۆ خزمەتی گشتی و کۆتایی ھێنان بە مەترسیە ناوخۆیی و دەرەکیەکان لەسەر کوردستان کەم بکرێتەوە.


PM:09:50:08/03/2023

ئه‌م بابه‌ته 532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی