نوکتەیەک بە تامی تراژیدیا..(چاودێر) بە نموونە

‌د.ئاراس عەبدولکەریم

وتەی (عآقڵێک) لە فەیسبوکدا، لەسەر بابەتی داخستنی ناوەندی ڕۆشنبیریی چاودێر ڕایگرتم، سەرەتا وتەکەیم وەک نوکتە هاتە پێش چاو، پاش کەمێک لام بووە تراژیدیایەکی قەشمەر! کە وتەکەیم خوێندەوە: "ئەمە عاقیبەتی هەر کەسێکە کە دژایەتیی ئیسلام بکات.."، لەبەر خۆوە و قەشمەرجاڕییانە گوتم: "گەر مەلای گەورە، شێخی خاڵ، صافی هیرانی، مودەڕیس و سەجادی لەم سەردەمە عەجایەبادا بوونایە و وتەی ئەم عەبقەرییەیان بەرچاو کەوتبا، دڵنیام بەر لە جەمیل سائیب و جەمال عیرفان و عەبدولخالق مەعرووف، بەر هەر لە (من)ێکی نێو پەراوێزیش، ئەکاونتی ئەو کەسەیان لای خۆیان بلۆک دەکرد". نوقتە سەری دێڕ.

دەڵێی لەم مەملەکەتەدا بووەتە عادەت، سیاسەتکردن و بەکاربردنی ئایین لە دیوە هەرە ناشرینییەکەیانەوە هاوپەیمانییەکی (پیرۆز!)یان پێکەوە مۆر کردبێت..! بەهاکان و پرەنسیپەکان وا تێک ترشاون، دەڵێی ئاساییە سبەی یەکەم هەواڵ کە بە دەموچاوتدا دەتەقێتەوە، هەواڵی سەنگەرگواتنەوەی سەرکردایەتی و بنکردایەتیی حیزبێک بێت لە چەپەوە بۆ ڕاست و لە ڕاستیشەوە بۆ چەپ..! هەمووش بەرامبەر بە کێ و بە چی؟ بەرامبەر بە عەقڵانییەت و کرانەوە و ژیاندۆستی و بەهای مرۆیی. بە ڕاست ئەمە بە نوکتە ناچێ؟! با، بەڵام نوکتەیەک بتهێنێتە گریان نەک پێکەنین.

من زیاتر حەزم بە پێکەنینە، بۆیە بڕیارم دا ئەو وتەیەی دەم فەیسبوک وەک نوکتە وەربگرم، لەویشەوە بڕیارم دا لەسەر بابەتی داخستنی "چاودێر" بێلایەن نەبم و شتێک بڵێم.

من نازانم موحافیزکارانە و شەرمنانە، وەک "ئیحتیاتخستنێک بۆ گێڕگۆڕین!" یان ترس لەوەی دەنگی پۆپۆلیستی و زەینی مێگەل بە لایەنگیری بۆ سیاسییەک تاوانبارم بکات کە ناوی "مەلا بەختیار"ە، یان بۆ لێڵکردنی بەرچاو و بۆ خاتری دڵی دژەکانی مەلا بەختیار پەنا ببەمە بەر ئەو کڵێشە ئامادەیەی کە دەڵێت: "لەگەڵ هەر تێبینی و ڕەخنە و ..هتدێکم لەسەر خۆی یان لەسەر چاودێر" کە بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیرانی ئێمە خوویان پێوە گرتووە؛ بۆیە ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە دەڵێم: "قوفڵدان لە دەرگای ناوەندی ڕۆشنبیریی چاودێر، قوفڵدانە لە پەنجەرەیەک کە لێیەوە دەنگێک بتوانێ بڵێت هێشتا لێرە شەڕێک هەیە لەسەر ئازادی و مرۆڤ، شەڕێک لەسەر دەرگاکانی ئاییندە لە دژی ئەو قوفڵانەی کە بە دەست جەهالەتەوەن" ناڵێم تاکە شەڕ و دەڵێم شەڕێک، وەک چۆن نەمگوت تاکە پەنجەرە و گوتم پەنجەرەیەک.  

لای من، داکۆکیکردن لە ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر ئەرکێکی ئەخلاقیی هەر کەسێکە کە بکرێ لەو نوخبەیەدا شوێنێکی هەبێت کە بشێت بە نوخبەی ڕۆشنبیریی ناوی ببرێت. دەزانم لە ڕێوە پێمدەگوترێ "تۆ بەرگری لە مەلا بەختیار دەکەیت"، -جا ئەوەش بە تۆنێک دەیڵێن وەک ئەوەی من "خەلیل ئەلدلێمی"یەکەی پارێزەری سەدام حوسەین بووبم -! بەڵێ ڕاستە، بەرگریی لێ دەکەم، چونکە بەرگری لە فیکرێکی ڕۆشنگەرانە دەکەم دەرهەق بە کرانەوەی کۆمەڵگاکەم و مەدەنییەت و ئازادی؛ چونکە متمانەم بەو شەڕە هەیە کە دەیکات، شەڕی ئەو شەڕێکە لەسەر منیش، با عومرێک بێت لە دوو پارتی سیاسیی جیاواز و هەندێکجار دژبەیەکیشدا بووبین، لای من ئەوەی کۆمان دەکاتەوە زۆر گەورەترە لە دونیای حیزب و پرەنسیپەکانی، ئەوانە کۆمەڵێک باوەڕ و بەهای مرۆیین، نەک پەیڕەو و پرۆگرامی حیزبی.

لە شانۆگەریی "مەنسوور"ی شاعیر و نووسەری ناوداری ئەڵمانی "هاینریش هانیێ"دا، دەنگێک دەڵێ: " لە هەر کوێ کتێب بسووتێنرێت، لەوێ مرۆڤیش دەسووتێنرێت"، سەیرەکش ئەوەیە کتێبەکە "قورئان"ە و هاینریشیش بۆ خۆی جووە و ئەوەی جامی غەزەبی بەسەردا ڕشت کریستیانەکان بوون..! هاینریش کە لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەدا و لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا ئەم شانۆنامەیەی نووسیوە، قسەیەکی کردووە بۆ هەموو کتێبێک دروستە لە هەر زەمەن و شوێنێکدا بێت، لە وێرانکردنی کتێبخانەی ئاشوور پانیپاڵەوە لە ساڵی ٦١٢ پ.ز لەسەر دەستی بابلییەکان، تا دەگات بە هەر کتێبخانە و کتێبێک کە لە هەر شوێنێکی دونیا و لەهەر سبەینێیەکی تاریکدا دەسووتێنرێت. ئاخر پاش سووتاندنی کتێبەکانی هاینریش لە ساڵانی سییەکانی سەدەی نۆزدەیەمدا، پاش تێپەڕبوونی سەدەیەک، لە ئەڵمانیادا پرۆژەی سووتاندنی ملیۆنان مرۆڤی جوو دەستی پێ کرد.

من شتێک لەو قسەیەی هاینریش دادەتاشم و دەڵێم: "لە هەر کوێ قوفڵ لە هزر و ئازادیی، ڕەخنە، بیرکردنەوە و زمانی فیکر بدرێت، ئەو شوێنە دەبێتە زیندانێکی گەورە "، لێرەدا کارەساتەکە ئەوەیە ئەو شوێنە سلێمانی بێت!
سلێمانییەک پاش کەوتن و نەمانی ئەمارەتی بابانیش لە شکۆی "پایتەخت"ێتیی خۆی نەکەوت، ئەم شکۆیەی سلێمانی بە دوانزە سوارەی مەریوان و خەنجەر و تفەنگ نەکرا، دەف و تەزبیحی ئەهلی تەکیە و دیوەخانەکان نەبوون کە ئەم کەسایەتییەی شاریان پاراست، بەڵکو هزر و خەیاڵ و داهێنانی چەندین قەڵەمی نوورانی و نووسەر و هونەرمەند و ڕۆشنفیکرانی بوو کە وەک کڵاوڕۆژنە و پەنجەرە، مێژوویەکە بە دیوی کرانەوە و ئاسۆی ئاییندەدا لەسەر پشتن.

سلێمانی بۆیە خاوەنی ئەو سەرمایە ڕەمزییەیە، چونکە توانیویەتی بۆ دەنگ و ڕەنگی جوانی و داهێنان کراوە بێت، تا بتوانێ بە ڕووی دەرەوەدا بکرێتەوە، چەندین دەیە بوو ئەم سروشتە تا ڕاددەیەکی زۆر ببووە کولتووری سلێمانی.

ئێستا گەر بپرسین "سلێمانی لە کوێی ئەو کولتوور و کەسایەتی و سەرمایە ڕەمزییەی خۆیدایە؟!"، لای من ئەم پرسیارە ئێجگار ئازاربەخش و نائومێدکەرە، بۆیە حەوسەڵەی ئەوەم نییە بچمە نێو گەنم گەنمێنەی وەڵامەکەیەوە، هێند دەڵێم، ئەگەرچی بازارکردن بۆ سەتحییەت و پۆپۆلیستی و مەزاتخانەکانی ئیمان و ئیرهابی فیکری کە ویستێک هەیە هەموویان پێکەوە بکرێنە "مۆدێلێکی سلێمانییانە" لە لایەن نوخبەی ڕۆشنبیرییەوە ئەنجام نەدراون، بەڵام بێدەنگی خودی ئەو نوخبەیە، بەهەر هۆکارێک بێت، دواجار دەبێتە یەکێکی دی لە فاکتەرەکانی بازاڕکردن بۆ ئەو مۆدێلە و وێرانکردنی کەسایەتییە ڕەمزییەکەی شارەکە.

دەزانم هۆکاری سەرەکی بەشێکی زۆر لەو نوخبەیە، ترسە، تەنها ترس لە دەسەڵاتەکە نا، بەڵکو ترس لەوەی نەبا تۆمەتباربکرێن بەوەی سەر بە لایەنێکی دیاریکراون، ترس لە "قسە"یەک وەک نوکتە کەس نازانێ کێ خاوەنێتی و موڵکی هەمووانیشە. ئەمەش تەسلیمبوونێکی بێ مانایانەی نوخبەیە بە ئیرادەی مێگەل و جەهلی پۆپۆلیستی.
لێرەدا پرسیاری سەرەکیی من ئەوەیە: "چییە وا دەکات کە دەنگی جەهالەت خاوەنی ئەو جورئەتە گەورەیە بێت..؟

چییە وا دەکات ئەوانەی (گوایە) خۆیان لە بەرەی دژ بە جەهلدا دەبیننەوە، هێند شەرمن و بێدەنگ و (سەلار) بن..؟!"
زۆر جار هەست دەکەم ئێمە لە سەردەمی پێش ڕێنیسانسی خۆرئاوادا دەژین، ئاخر هەموو ئاماژەکان دەمانبەنەوە سەر ئەو سەردەمە: لە هاوپەیمانێتیی نێوان پیاوانی سیاسەت و پیاوانی ئایینیەوە تا دەگاتە بەپیرۆزکردنی هەموو ناپیرۆزەکان و بەپاڵەوانکردنی هەموو قەشمەر و قەرەقۆزێک. بۆیە هیچ شتێک لەم سەردەمەی ئێمەدا لەوە ترسناکتر نییە کە قوفڵ لە زمانی "نا" و لە عەقڵییەتی "بەڵام" و لە خەیاڵی "ڕەخنە" بدرێ و ئەهلی "نا و عەقڵانییەت و بەڵام"یش خۆیان نەبان بکەن و ئەو شەڕە بە شەڕی خۆیان نەزانن.

لای من داخستنی "چاودێر" بە لۆجیکی هێز و هەڕەشە و بە موبارەکە و هاندانی "گەر نەڵێم بە ئەمری" دەمڕاستێکی سەلەفی، کردنەوەی دەرگایەکی ئێجگار ناشرینە، نەک تەنها لەسەر سلێمانی و بەس، بەڵکو لەسەر کۆمەڵگایەک. بزمارێکی دیکەیە لەو تابووتە دەدرێت کە تێیدا شارێک کە بە پایتەختی ڕۆشنبیری ناسراوە، بە خۆی و کەسایەتییە ڕەمزییەکەیەوە لە کوفنێک پێچرا بێت؛ بە دیارییەوە مەعشەری "ئەهلی سەلەف" پەلەیانە نوێژی مردووی لەسەر بکەن، لەگەڵ ئەو نوێژەشدا، ئیدی دەبێ فاتیحایەکی بەخێر بۆ گیانی کولتووری کراوە و فەرهەنگی ژیاندۆستیمان بنێرین.

بەڵێ قوفڵدان لە هەر شوێنێکی هزر و فیکر، ئیدی من لەگەڵیاندا بم یان جیاواز، قوفڵدانە لە مێشک و خەیاڵی هەموومان، بۆیە لای من، بەو شێوەیە داخستنی دەرگا لەسەر "چاودێر" داخستنی دەرگایە لەسەر دونیاکانی منیش، بەر لە هەر کەس و گرووپێک و بەر لە کۆمەڵگاش.

نەمانی ئەمارەتەکانمان، وەک نەتەوە، نەیفەوتاندین و توانای مانەوەمان هەبوو، چونکە لە نێو ڕۆحماندا فەرهەنگێک هەبوو، شوێنێک کە دەستی هیچ داگیرکەرێکی پێ نەگەیشتبوو. بریندارکردنی هەر شوێنێکی ئەو فەرهەنگە، ڕاستوچەپهێنانە بەو ڕۆحە ئازادەدا کە وای کردبوو لە زەمەنی ژێردەستەییشدا وەک دیلێکی زەلیل خۆمان نەبینین.

تەسلیمبوون بە ئیرادەیەک تێکەڵەیەکە لە سیاسەتی و جەهل و جەهلی موقەدەس، تەسلیمبوونە بە قەدەرێک کەوتبێتە نێوان دوو بەرداشەکەی درۆ بە دەم سیاسەت و درۆ بە دەم ئایینەوە.. قەدەرێک بەو تراژیدیایانە دەچێت، هێند بێ مانان، ناچارمان دەکەن لە بری گریان، لە داخا قاقا پێبکەنین، بەڵام پێکەنین بە خۆمان، چونکە بە بێدەنگیمان لێگەڕاین بکرێینە نوکتەیەک لەژێر لێوی جەهالەتەوە، نوکتەیەکی ڕەش ڕەش، نوکتەیەک تاریکتر لە خودی جەهلیش.
ماوە بڵێم: گەر بڕیارمان دا بەو قەدەرە ڕازی بین، ئیدی بە ڕاستی شایانی ئەوەین بکرێنە نوکتە، بەڵام نوکتەیەک بە تامی گریان!

داخۆ چی لەوە بێ ماناتر بێت، تۆ نوکتەیەک بیت کە تراژیدیایەک بتگێڕێتەوە..؟!
بۆیە لەم شەڕەدا بێ لایەن نیم و لایەنگیری "مەلا بەختیار"م، چونکە ئامادە نیم بکرێمە نوکتەیەکی بێ مانا و بە بێدەنگیش بۆ حاڵی خۆم بگریم. من حەزم بە پێکەنینە.. ئاخر لە نێو ئەو تراژیدیا گەورەیەشدا کە تێیداین هێشتا هێزێک لە ناخمدا وا دەکات بتوانم قاقا پێبکەنم، بەڵام بە خۆم نا.


AM:11:52:09/09/2024

ئه‌م بابه‌ته 576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی