ئەفسانەکانی دەوری هەڵبژاردن

‌ستران عەبدوڵا

هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات، راستییە جەوهەرییەکانی دیموکراسیین، ئەم راستیانە بە کۆمەڵێک ئەفسانە دەورە دراون  و حیکایەتیان  لە بارەوە دەکڕێت کە ئیشی هەموو مرۆڤێکی هوشیار، یان لانی کەمی هوشیاری هەبێت ، ئەوەیە ئەم ئەفسانانە پوچەڵ بکاتەوە و رێی بژاردەی دیموکراسیی بکاتەوە. 
یەکێک لەو ئەفسانانە ئیشی حزبە گەورەکانە.

حزبی گەورە بۆچی حزبی گەورەیە ، یان بۆچی حزبی ئەزموندار و حوکمڕانە؟
حزبی گەورە ئەوەیە  مەسئولیەتی گەورەی لەسەر شانە. دەبێ ئەزموون و قاڵبوونی خۆی لە تەنگژەکاندا دەربخات.
حزبی حوکمڕان چۆن بایکۆتی هەڵبژاردن دەکاو چۆن تەنگژە بۆ پرۆسەی دەنگدان دروست دەکات؟ ئەی مەسئولیەتی سەرشانی حوکمڕانی و پاراستنی ئەمانەت و ئەمنیەتی فەزای گشتی لە کوێیە؟

ئەی خەڵک چۆن بە قەزاوەت و ناوبژیوانی حوکمڕانی ئەزموندار رازی بێت کە خۆی سکاڵا و دەفتەری شەکوای هەبێت؟ 
حزبی گەورە چۆن وەک حزبی تازە بابەت و تازە باو بێ هیچ ئیعتبارێک بۆ بەرپرسیارێتی گشتی، رێگە بە بۆشایی  سیاسیی و دەستوری دەدا و رێگا بۆ قیل وقال و بەدحاڵی بوون و مەزەندەی هەڵە و خوانەخواستە هەڵسەنگاندنی خراپ دەخاتە سەر گازەرەی پشت؟
حزبی ئەزموندار و قاڵبووی ڕارەوەکانی حوکمڕانی و تۆڕێک پەیوەندی سیاسیی بە حیساب خاوەندارێتی لە دەیان دوکان و دامودەزگای حەریف دەکات،  چۆن ئاوا دەشەمزێ  و نایکەم و نابێ دووپات دەکاتەوە؟

حزبی گەورە چۆن بەم رەمەزان و کەشی تاعەت و رۆژووە جەماوەر و دەنگدەر، فەرمانبەر و شەقام  تووشی دڵراوکێ و سەرگەردانی  دەکا و لە کاری دونیایی وەکو هەڵبژاردن، لە ناوبژیوان و حەکەم و لایەرمەن و  فیکە و رێنوێنی یارییەکە تەوەللا دەبێت؟
ئەی مەسئولیەت چییە ئەگەر بڕیار و سیاسەت و تەگبیری مەحکەم نەبێ؟ 

توخوا خەڵقینە ئەفسانەی وا لە هیچ مەملەکەتێکدا  هەبووە کە حوکمڕان دەستبەردانی ئەرکی سەرشان و واجبی عەیان بێت؟ 
ئەی کێ دڵی حزبی جەوان بداتەوە و کاندیدی تازە زاوا چی بڵێ و لیستی خێر لەخۆ نەدیو شەکوای بباتە لای کێ؟
خۆ بەرپرسیارێتی هەر حکومەتایەتی و ئیمتیازەکانی (ئاغا و شێخ و دەوڵەت)  نییە بە وەسفی کوردناسی هۆڵەندی ڤان مارتن برۆنسن ؟
بەرپرسیارێتیی گەورەکان و قاڵبووەکان سەد قاتە. 


PM:02:42:03/04/2024

ئه‌م بابه‌ته 844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی