ئەسڵی مەسەلەکە ئەمەیە

‌ستران عەبدوڵا


ئێمە لە بنچینەدا کوڕی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێری یاساغین، لەتەواوی «کوردستانەکان» و وڵاتانی دراوسێدا قاچاخی سیاسیین و خۆشیان پێمان نایە. کوڕی بزوتنەوەیەکین ستوونە پتەوەکەی پێکھاتنی، بەھانە سەرەکییەکەی دروستبوون و مانەوەی تا ئێستای ماف و داخوازییە نیشتمانیی و نەتەوەییەکانە. بەم مانایە ئێمە بزووتنەوەی مافەکانین. بۆ ئەوەی ئەم شرۆڤەش جێی خۆی بگرێ و مانای خۆی وەربگرێت گەرەکە ئێمە خەسڵەت و پێگەی خۆشمان بزانین. بزووتنەوەی کوردایەتی تا ئێستاش بزووتنەوەیەکی قاچاخ  و دانپیانەنراوە. « لەم بەشەی باشوور دانپیانانێکی نیوداشی ھەیە» ئەوەی تێیدایە و خزمەتی دەکا، ئەوەی پێشمەرگەیەتی و ھەڤاڵی ریزەکانێتی نە دەترسێ و نە دەبێ بترسێ، ھیچ سوکایەتی و جوێن و زبری و ھەڵچوونێکی ناڕەوا پاشگەزی ناکاتەوە، بۆیە ھەق نییە کەس ھەڕەشە و گوشارمان لێ بکا و  تۆمەتی ئاست نزم و شەرمەزارمان بۆ بتاشێ. لە داگیرکەر نەترسین حەتمەن لە جاشی فیکری و مەفرەزەی  رەدوکەوتوو و میلیشیای ئەلکترۆنی ئێوە ناترسین. 

بە ویژدانی گیانبازێکی ئازادیخوازەوە لەھەر وێستگەیەکا تۆزێ بیری لێ دەکەینەوە و کەمێ دەست لەسەر دڵ دادەنێین تا بە«چاوی دڵ» ھەڵسەنگاندن بکەین و کەمێکی زۆریش دایبرێژین ئینجا بڕیارە دروستەکە بدەین. 

لەبەر ئەوە لێکدانەوەیەکی ھەڵەیە ھەندێك کەس پێی وابێ بە زبری و زەبر دەتوانن کار لە روانین و بژاردەکانمان بکەن. 

ھەر لەرێوە ئەو قەدەرەمان ھەڵبژاردووە،لەبنچینەدا کە پێشمەرگەین ، دیارە پێش مەرگ کەوتوین. کوڕ و کچی کوردایەتیین بە ستایڵی یەکێتیانە و جەلالیانە ، بۆ ھەوەس و فیز پێشمەرگە نیین، بۆ روانینی خۆمان دەروێشین، بە سروشتی بزووتنەوەکەمان قاچاخین فەقەت  قاچاخچی نین و بە ئیستلاحی کۆنی عوسمانی «ئەشقیاین»یان «عوساتین »لە پێناوی مەسەلەیەکی رەوادا کە مەسەلەی نەتەوە و نیشتمانەکەمانە.


PM:10:43:08/09/2021

ئه‌م بابه‌ته 2828 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی