کۆتا کۆبونەوەی بلاسخارت لە UNو پێکهاتەکانی عێراق

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا


بۆ تێگەیشتن لە دەوڵەت، سەرکردەکان و ڕێکخراوەکانی دەوڵەتی، بۆ نموونە نەتەوە یەکگرتووەکان گرنگە ئاوڕێک لە پێکهاتە سیاسییەکانیان بدەینەوە، ئەوسا لەوانەیە لە قووڵایی کارەکانیان و تاکتیک و ستراتیژەکانیان باشتر تێبگەین.  
چونکە ناسینی پێکهاتەی دەوڵەت و ڕێکخراوەکان چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتن لە توانا و سنووردارکردن و ئەولەویەتی ستراتیژییەکانیان دابین دەکات.
 لەوانەیە بیرهێنانەوەبێت، سەبارەت بەدەوڵەتەکان کە  چۆنیەتی فۆرم و مامەڵەیان لەگەل لایەنەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری دەتوانێت پێمان بڵێت قوڵایی دەوڵەتەکە چۆن کاردەکات، بۆ نموونە چینی (شی جینپینگ) ڕوسیایی (پوتین) ، تورکیایی (ئەردۆگان)  و ئەمریکاو بریتانیا و تا دەگات بە عێراق و ئێران،بۆیە لەوانەیە بە تێگەیشتن لە ستراکچەری دەوڵەت لە سیاسەتەکانیان باشتر تێبگەین.  
    
 ئەمە بۆ ڕێکخراوێکی جیهانی(UN) یش ڕاستە، مامەڵەیان لەگەڵ ناوەندو هەرێمەکان ئەو مامەڵەیە کە دەوڵەتەکان خۆیان ستراکچەریان پێداوە.
 بۆیە لەکاتی ناکۆکی جدیدا لەنێوان هەولێرو بەغداد  بەدوور دەزانرێت هەرگیز نەتەوەیەکگرتوەکان قسەی کۆتایی لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بێت.  ئەمەش نەک لە عێڕاق، بەڵکو لەتەواوی ئەوفۆڕمە فیدڕاڵیانەی لە جیهاندا هەن.
سەبارە بە بلاسخارت و پێکهاتەکانی عێراق، ئەوا  زۆرینەی شیعەکان پشتیوانی ڕۆڵی (بلاسخارت) یان کردووە ، تایبەت ئەوانەی لەگەڵ سەرکردە میانڕەوەکانی وەک ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی هاوتەریبن،  بەڵام ڕەنگە توندڕەوەکان گومانەوە سەیری بکەن. 
 سوننەکان ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بە قازانجی هاوسەنگی لە بەرامبەر هەژموونی شیعە و هەڵکشانی زیاتری  کوردستان دەبینن.
جینین هێنیس بلاسخارت، لە 16ی ئایاری 2024،  هەڵسەنگاندنێکی پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، ئاماژەی بە پێشکەشکردنی ئاسایش کرد، گوتی کە  خزمەتگوزاری، بیناسازی، کەشوهەوای وەبەرهێنان، چاکسازی دارایی و ئابووری، و بەڕێوەبردنی ژینگە لە ماوەی ١٨ مانگی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاوی هەبووە،  کە هەندێک چۆنیەتی وتارەکەی ناوبراویان  بۆ دووهۆکار گێرایەوە، یەکەم نوێنەرەکە نایەوێت وێنای کەلایەوەیەک بۆ عێراق بکات و پێشکەشکردنی دواتر کە عێراق بەخۆیەوە دەبینێت بێتە موڵکی کەسانی دواتر ، دووەم وایان لێک دایەوە موجامەلەی سودانی دەکات.
بەم پیاهەڵدانە دەرفەتی هاوسەنگیشی کردەوە کە بڵێت عێراق بەردەوامە لە گەندەڵی، کوتلەگەری، ڕۆڵی ملشیاکان کە دەوڵەت پێی جڵەونەکراون. 

باسی  لە لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ کرد،  جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان کردەوە. 
سەبارەت بەهەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە  جەمسەرگیری سیاسی و دواکەوتنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم تەحەدای بەرچاو دروست دەکەن .
لەناو عێراق و لە ڕێکخراوەکەی خۆشیدا بلاسخارت دانی بەو نیگەرانییانەدا نا کە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە زیادەڕۆییەکانی دادگای فیدڕاڵی هەیەتی. جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە بڕیارانەی دادگای فیدراڵی بەشدارن لە گرژییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا، بۆیە سەرەنجامی کارەکانی نوێنەرە تایبەتیەکە مامەڵەیەکی ژیرانە بوو لە گەڵ تابلۆی ئاڵۆزی عێراق دا.


PM:06:08:18/05/2024

ئه‌م بابه‌ته 676 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی