نهێنی هێزو گەشەی ئابووریی!
پ. د. سەعید عەلی محەمەد
بەهیچ شێوەیەك وەبەرهێنانی دوور مەودامان دەست ناكەوێ سوودو قازانجەكەی زەمانەت كرابێ وەك ئەو وەبەرهێنانەی لە زانست و فێرخوازیی دا دەستمان دەكەوێ ، كە ئەمە لە ناوەڕۆكدا وەبەرهێنانە لە خودی مرۆڤ خۆی لەپێناو بەدەستهێنانی گەشە و پێشكەوتنی ئابووری زیاترو فراوانتر!
ئەم جۆرە وەبەرهێنانە هەلی كاری باشترو چاكتر بۆ گەنجەكان دەستەبەر دەكات ، لەپێناو بەدیهێنانی داهاتوویەكی پرشنگداری هاوبەش بۆ هەموومان! ئەڵبەت ( زانست و فێرخوازیی ) جگە لەوەی بزوێنەری ڕاستەقینەی گەشەی ئابووریە ئامڕازی بەدیهێنانی دادگەریی كۆمەڵایەتیشە.
ئەوەی كە ئەمڕۆ ئێمە دەیبینین لە وڵاتێكی وەك ( كۆریای باشوور) یان وڵاتێكی وەك ( سەنگافۆرە) دیارترین و زەقترین بەڵگە و نمونەیە لەسەر پەیوەندی بەهێزی نێوان زانست و ئابووریی پێكەوە.
دەوترێ كۆریای باشوورو سەنگافۆرە دڵۆپێك نەوتیان تێدا نیە ، لە هەمان كاتدا ئەم دوو وڵاتە چەندین قۆناغی گرنگیان بڕیوە لەبواری هێزو گەشەكردنی ئابووریدا ، كۆریا و سەنگافۆرە وەرچەرخانێكی گەورەو نمونەیی یان کردووە لە شارستانییەت و گەشەی مرۆیی و پێشكەوتنی پیشەسازیی و بەدەستهێنانی تەكنۆلۆژیای پێشكەوتوو و سەرسوڕهێنەر! ئێمە پێویستمان بە زیرەكی (ئەنیشتاین) نیە تا بزانین ئەم دوو وڵاتە چۆن ئەم پێشكەوتنەیان بەدەستهێناوە ، دیارە وشەی نهێنی ئەم گەشەكردن و پێشكەوتنە تەنها ( زانست و فێرخوازیی ) یە ، ئەم دوو وڵاتە خاوەن سیستم و پرۆگرامێكی زانستی و فێرخوازیی زۆر زۆر تۆكمە و بەهێزن ، بەڵگەش لەسەر سەلماندنی ئەم ڕاستیە ئەوەیە : قوتابیانی ئەم دوو وڵاتە لە تاقیكردنەوە نێودەوڵەتیەكانی (زانستیی و ماتماتیك ) دا بەرزترین نمرەیان بەدەستهێناوە زۆر زیاتر لەو نمرانەی كە سەرجەم قوتابیانی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا بەدەستیان هێناوە ، پرسیار ئەوەیە : نهێنی چیە ( زانست و فێرخوازیی ) لە كۆریای باشوور و سەنگافۆرە لە ئاستێكی بەرزی نمونەیی بێ وێنە دایە ؟!
نهێنییەكە ئەوەیە : فێركردن و وتنەوەی بنەماكان و ڕەگەزەكانی هێزو گەشەی ئابووریی لە هەرە بڕگە گرنگەكانی نێو پڕۆگرام و پڕۆسەی خوێندن و فێرخوازیە لەم دوو وڵاتەدا ! دەبێ ئێمە هۆشیار بین بەوەی هەموو جۆرە خوێندن و فێرخوازییەك ناتوانێ ئەوەمان بۆ بەدەستبهێنێ كە بۆ كۆریا و سەنگافۆرەی بەدەست هێناوە ، پرۆگرامی خوێندن لە هەندێ وڵاتدا خەریكە بودجەی گشتی وڵات حەپەلوش دەكات بێ ئەوەی هیچ جۆرە گەشەیەك بەرهەم بهێنێ بە بەراورد بەو پارە و داراییەی بۆی سەرف كراوە ، دیارە ئەم جۆرە پرۆگرامی خوێندن و فێرخوازییە نەك تەنها بارە بەسەر خەڵك و وڵاتیشەوە ، بەڵكو دواكەوتنی تاكەكان و كۆمەڵگاش بەدوای خۆیدا دەهێنێ!
لە وڵاتی ئێمەدا گرنگە پڕۆسەی خوێندن و فێركردن تەوزیف بكرێ بۆ پێگەیاندن و ئامادەكردنی زاناو كادیرو پسپۆڕو كەسانی شیاوی ئابووریناس و بەتوانا لەپێناو بنیاتنان و گەشەپێكردن و پێشخستنی وەبەرهێنان و توانای ئابووریی و پیشەسازیی ، كە ئەمەش بیرۆكە و ئاڕاستەیەكی جیهانییە و دەكرێ ڕیتم و ئاڕاستەی خوێندن و فێركردن لە وڵات و كۆمەڵگەی ئێمەشدا بگۆڕێ و گۆڕانكاریی نەوعی لە سێكتەرە جیاوازەكاندا بهێنێتە كایەوە!
بێگومان لەم قۆناغ و سەردەمەی ئێستادا ( زانست و فێرخوازیی ) تەنها خزمەتێك نیە دەوڵەت و دەسەڵات پێشكەشی هاوڵاتیانی بكات (هەروەك چۆن خزمەتگوزاری تەندروستی ڕێگاوبان ) پێشكەش دەكات ، بەڵكو پڕۆسەیەكی هەستیارو ئێجگار گرنگە كە داهێنان و باسكردن و توێژینەوە كردن لە بیرۆكەو مەفاهیم و دەستەواژە ئابووریەكان ئامانجی سەرەكی و بنەڕەتی ناوەڕۆكەكەیەتی ، ئەوەش كە لەم چوارچێوەیەدا گرنگە هەوڵی بۆ بدرێ : زیادكردنی ساڵەكانی خوێندن و فێركردنە بەشێوەیەك باری ئابووریی و دارایی و كۆمەڵایەتی تاكەكان چاكترو باشتر بكات ، هەروەها ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و نیشتمانیی بەرز بكاتەوە ، ئەمە جگە لەو تێڕوانین و ئاڕاستە ئابوورییە جیهانیەی كە باس لەوە دەكات گۆڕانكاریی ڕیشەیی ئەنجام بدرێ لە بەشێك لە پڕۆگرامەكانی قۆناغی ئامادەیی بۆ ئەوەی توانا و وزە تایبەتە عەقڵی و زیهنییەكان زیاتر گەشەیان پێبدرێ تا لە دواییدا یارمەتیدەرێكی باش بن لە گەشەكردن بە بازاڕی كار لە هەردوو ئاستی ناوخۆو جیهانی!
شارەزایانی بواری ئابووریی پێیان وایە ئەوەی وڵات و كۆمەڵگە پێش دەخات و داهاتووی جوان و پرشنگدار بۆ تاكەكان مسۆگەر دەكات داهاتیی نەوت نیە ، بەڵكو تەنها و تەنها (زانست و خوێندن و فێركردنە ) ! نەوت سەروەت و داهاتێكی ماددیی گرنگە ، بەڵام ئەم داهات و سەروەتە گرنگە ستراتیژیە ئەگەر تەوزیف نەكرێ بەرهەمی ئەوتۆی نابێ !
مەعلومە ئەوەی وڵاتانی جیهانی یەكەم و وڵاتانی جیهانی سێهەم لە یەك جیاكردۆتەوە زانست و فێركردنە كە خۆی لە قوتابخانەكان و زانكۆكان و ناوەندەكانی ڕاهێناندا دەبینێتەوە ، لە هەموو وڵاتانی جیهاندا دامەزراوە و ناوەندی زانستیی فێركاریی هەیە ، بەڵام بەشێكی كەم لەو دامەزراوانە توانای دروست كردن و بەرهەمهێنانی داهاتێكی مرۆیی ڕاستەقینەیان هەیە! دەوترێ : باشە بۆ هەندێك لە سیستەم و پڕۆگرامەكانی خوێندن ئەو سەروەتە گەورەیەیان بەرهەم نەهێناوە ؟ یان هەر لە بنەڕەتدا شكستیان هێناوە؟!
بێگومان هۆكارەكە بە پلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ (ویست و ئیرادە)ی سیاسیی كە لە ئەجێندای ستراتیژی خۆیدا گرنگ و بایەخێكی زۆر بە خوێندن و فێركردن دەدات ، گرنگتر لەوە ئەوەیە ئەو ئیرادە سیاسییە باوەڕی تەواوی بە ڕۆڵی گرنگ و گەورەی زانست و فێركردن هەیە لە پێشكەوتن و گەشەكردنی وڵاتدا ، لەهەمان كاتدا قەناعەت و بڕوای وایە كە بەڕاستی هاونیشتمانیەكان شایەنی خوێندن و فێركردنێكی باشتر و پێشكەوتوو و کواڵێت بەرزن ، خوێندنێك و فێركردنێك كە ڕێز لە عەقڵ و كەرامەت بگرێ و داهاتوو دەستەبەر بكات.
PM:06:46:15/05/2024
ئهم بابهته 1272
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی