موفاجەئەكانی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانیەكانی توركیا

‌پ. د. سەعید عەلی محەمەد

مشتومڕەكان كۆتاییان نەهاتووە لەبارەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، هەندێك سەریان سوڕماوە لە ئەنجامەكان كە موفاجەئە بوو بۆ هەمووان ، لەوانەش خودی ئۆپۆزسیۆنی سەركەوتوو كە ڕادەی سەركەوتنەكە بەلایانەوە سەیر بوو، هەندێكیش بە حەماسەوە بەدوای ئەو هۆكارە بابەتییانەوە دەگەڕێن كە ئەم ئەنجامە مێژووییەیان هێنایە كایەوە! ئەمە جگە لەوەی ئەنجامەكان تەنانەت پارتی داد و گەشەپێدانیشیان سەرسام كرد! 

لە ڕاستیشدا سەركەوتنی ئۆپۆزسیۆن خۆی لە خۆیدا موفاجەئە نەبوو، چونكە ئەنجامەكان ئەوەندەی پەیوەندییان بەو هەڵانەوە هەبوو كە پارتی فەرمانڕەوا ئەنجامی داون، ئەوەندە پەیوەندی بە لێهاتوویی و سەركەوتن و دەستكەوتی ئۆپۆزسیۆنەوە نەبوو، لە ڕاستیدا موفاجەئە گەورەكە لە ئەندازە و قەبارەی سەركەوتنە مێژووییەكەدایە! 

پارتی (گەلی كۆماریی) كە دیارترین و بەهێزترین پارتەكانی ئۆپۆزسیۆنە سەركەوتنی مێژوویی بۆ خۆی تۆمار كرد كە لە ساڵی 1977وە ئەو جۆرە سەركەوتنەی تۆمار نەكردووە و، زیاتر لە %37.7ی دەنگی دەنگدەرانی بۆ خۆی بردەوە! دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی 2019 دا تەنها ڕێژەی لە %30ی دەنگەكانی برد ، ئەو پارتە 35 شارەوانی لە سەرتاسەری توركیادا بۆ خۆی مسۆگەركرد كە لەنێوانیاندا سێ شارەوانییە هەرە گەورەكەی وەك : ئیستەنبوڵ و، ئەنقەرە و، ئەزمیری تێدایە ، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی شارەوانی ساڵی 2019 دا تەنها (21) شارەوانی هەبوو، ئەمە لە كاتێكدایە پارتی (داد و گەشەپێدان) دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی   2019 لە٤٤./.ی  دەنگەكانی برد و، (39) شارەوانی بردەوە ، ئەمجارەیان دەنگەكانی بۆ لە %35 دابەزی و، (24) شارەوانی لە دەست مایەوە! 
هەروەها خاڵێكی تر كە جێی سەرنجە ئەوەیە : ئەو پارتانەی كە چەند كەسایەتی و ڕەمزی سیاسیی دیاری كۆن سەرۆكایەتییان دەكردن سەرەڕای ئەو مێژووە دوورو درێژەی كە لە ئەزموون و سیاسەتدا هەیان بوو كەچی توشی شكستی گەورە بوونەوە و نەیانتوانی هیچ شارەوانیەك لەم هەڵبژاردنەدا ببەنەوە! 

بۆ نموونە: پارتەكەی (احمد داود ئۆغڵۆ) پارتی داهاتوو، هەروەها پارتەكەی (علی باباجان) پارتی دیموكراسی ، لەگەڵ پارتی سەعادە بە سەرۆكایەتی (تەمەڵ كەرەموڵڵا ئۆغڵۆ)، هیچكام لەم پارتانە نەیانتوانی بگەنە ڕێژەی لە %1ی دەنگەكان ، لە كاتێكدا پارتێكی وەك پارتی (ڕەفاهی نوێ) كە پارتێكی بچوكی نوێیە سەركەوتنێكی بێ وێنەی تۆماركرد و، ڕێژەی دەنگەكانی لە %6 زیاتر تێپەڕی كرد و بەمەش توانی ببێتە ئەسپە ڕەشەكە! 

هۆكارەكانی ئەم دەرەنجامە : 
هۆكارەكانی ئەم دەرەنجامە جیاوازو جۆراو جۆرن ، كە هەمووشیان بەزۆری دەگەڕێنەوە بۆ ئەو هەڵانەی پارتی فەرمانڕەوا تێی كەوت نە وەك لێهاتوویی و بەتوانایی سیاسی ئۆپۆزسیۆن، ئەڵبەت ئۆپۆزسیۆن بێ توانا و بێ دەستكەوت بوون ، جگە لە سەركەوتنی (مەنسور یاواش) لە بەڕێوەبردنی شارەوانی ئەنقەرەی پایتەخت كە ئەمەش وای لە ئەردۆغان كرد دان بە بوونی كەمتەرخەمیدا بنێ و بڵێ : ئەنجامەكان پابەندمان دەكەن بە مومارەسەكردنی ڕەخنە لە خۆگرتن و پێداچوونەوە بە هەڵەكاندا! 

دیارترینی هەڵەكانی پارتی دادو گەشەپێدان : 
1- شپرزەیی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئابووری و، بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و، هاتنە دواوەی نرخی لیرە و، زیادبوونی ڕێژەی سوو وەرگرتن ، سەرەڕای ئەوەی ئەردۆغان پێشتر بڕیاری دابوو دژ بەو دیاردەیە جەنگ بەرپا بكات ، هەروەها لێدوانەكانی (محمد شەمشەك)ی وەزیری دارایی ئەو وڵاتە كە ووتی : ناكرێ موچەی خانەنشینی بەرز بكرێتەوە ، ئەمە لێدوانێكی سەیرو سەمەرە بوو پێش هەڵبژاردنەكان كە ملیۆنان كەسی خاوەن موچەی خانەنشینی بەنیازی بەشداری كردن بوون تێیدا ، كە دیارە ئەوان وەك دەركەوت لە ڕێی سندوقەكانی دەنگدانەوە سزایاندا و تۆڵەیان لێكردەوە! دیارە ئەو لەبیری چوو بوو كە ئەو پێش ئەوەی كەسێكی تەكنۆكراتی ئابووریناس بێ  كەسایەتی و وەزیرێكی سیاسییە. 

2- یەكێكی تر لە هۆكارەكان : لاوازی پارتی دادو گەشەپێدان بوو لەمەڕ بابەتی هێرشی جولەكە بۆ سەر غەززە ، ڕاستە توركیا لەم دۆسیەیەدا خزمەتگوزاری زۆری جۆراوجۆری پێشكەش كرد لە دابینكردنی خواردەمەنی و كەلوپەلی پزیشكی و، پشتیوانی سیاسی و دیبلۆماسی چڕو بەرفراوان ، هەروەها ئاسانكاری كردنێكی بێ ئەندازە بۆ سەركردە فەلەستینییەكان لەنێوخۆی توركیا و، چارەسەركردنی بریندارەكان لە نەخۆشخانەكانی توركیا و چەندین شتی تر.... بەڵام قەبارەی تاوانەكان و ڕادەی بەرفراوانی هێرش و پەلامارو قوربانییەكان زۆر لەو خزمەتگوزارییانە گەورەتر بوون ، بۆیە ئەو تاوان و دەستدرێژییانە فشارێكی زۆری لەسەر ئەعصابی توركە ڕادیكاڵەكان دروست كرد و، بێ ئومێدییەكی زۆری لەنێو جەماوەرو هەوادارو دەنگدەری پارتی (دادو گەشەپێدان)دا دروست كرد و، ئەمەش چووە گیرفانی بەرژەوەندی پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن! لەبیرمان نەچێ 9 ملیۆن هاوڵاتی توركیا بایكۆتی دەنگدانیان كرد كە ئەمەش لێدانێكی تری گەورە بوو بەر پارتی دەسەڵاتدار كەوت! 

هەندێك پێیانوایە دەنگدەری توركیا سزای پارتی دادو گەشەپێدانی دا پەیوەست بە ڕووداوەكانی غەززە ، بەڵام ئەم بۆچوونە ئەندازەیەك سادە و گەمژانەیە ، چونكە ئەو ئۆپۆزسیۆنەی كە سەركەوتنی بەدەستهێنا هەڵوێستیان بەرانبەر غەززە و بزووتنەوەی حەماس زۆر توندو خراپتر بوو، ئەوان لەوە نەسڵەمینەوە كە بەرەنگاریی گەلی فەلەستین بە تیرۆر وەسف بكەن ، بۆیە ئەگەر دەنگدەری توركی بیویستبا سزا بدات لەسەر هەڵوێست لەمەڕ غەززە ئەوا سزای پارتی (گەلی كۆماریی) دەدا نەک پارتی دادو گەشەپێدان.

3- هۆكارێكی تری شكستەكەی پارتی دادو گەشەپێدان : ئەو موفاجەئە گەورەیە بوو كە پارتی (ڕەفاهی نوێ) بە سەرۆكایەتی (فاتح ئەربەكان)ی كوڕی كۆچكردوو (نەجمەدین ئەربەكان) دروستی كرد، ئەو پارتە هەموانی سەرسام كرد كاتێك ڕێژەی لە %6ی دەنگەكانی بردەوە و، هەوادارو جەماوەرەكەشی لە هەمان ئەو ئاڕاستەو ڕەوتە بوون كە هەمیشە دەنگ بە پارتی دادو گەشەپێدان دەدەن ، واتە ئەو دەنگدەرە ئیسلامییەی كە ڕەخنەی لە سیاسەتەكانی پارتی (دادو گەشەپێدان) هەبوو، ئەمجارە دەنگەكەی خۆی بەخشییە (ئەربەكانی نوێ)! لەبیرمان نەچێ پارتی (ڕەفاهی نوێ) پارتێكی بچوكی تازە دروست بووە و، لە كاتی دروستبوونییەوە تا ئێستا هیچ جۆرە سەركەوتنێكی سیاسی یان هەڵبژاردنی بەدەست نەهێناوە ، بەڵام ئەمجارە لە هەڵمەتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەكاندا پشتی بە هێرشكردنە سەر سیاسەتەكانی دادو گەشەپێدان بەست و توانی ئامانجەكەی بپێكێ. 

لێرەدا ئەگەر ئێمە سەیری هاوكێشەكانی قورسایی ڕاستەقینە بكەین لەسەر زەوی ، هەروەها كوتلەكانی نێو هەڵبژاردن ئەوا ئەنجامەكان تا ڕادەیەك خەڵەتێنەر دێنەپێش چاو! بە مانایەكی تر هۆكارەكانی ئەم ئەنجامانە لابەلان و بنەڕەتی نین و پەیوەندییان بەوەوە نیە هەندێك شكست لێرە ڕوویداوە و هەندێ دەستكەوت لەوێ هەیە ، هەروەها پێناچێت ئەم ئەنجامانە هیچ شتێك لە گەمە سیاسییەكانی دەوڵەتی توركیا چ لەناو خۆ چ لەدەرەوە بگۆڕێت ، بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەم ئەنجامانە ئاشتی كۆمەڵایەتییان لە توركیادا بەهێزتر كرد بەوەی ئۆپۆزسیۆن دەكەنە بەشداریكەرێكی ڕاستەقینەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و سیاسەتەكانی ، بەڵام لە هەمان كاتیشدا ئەنجامەكانی هەڵبژاردن ئەو پەیامە ڕوونەیان گەیاندە پارتی دادو گەشەپێدانی فەرمانڕەوا كە ئەو پارتە لەماوەی 24 ساڵی تەمەنی فەرمانڕەوایەتیدا توشی جۆرێك لە سست بوون و خاوبوونەوە بووە ، بەو پێیەی زیاتر پشتی بە كەسایەتی كاریزمایی سەركردە مێژوویی یەكەی خۆی بەستووە كە (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان)ـە ، هەروەها زیاتر پشتی بەو پشتیوانییە بێ سنوورە جەماوەرییە بەستووە كە لە سەرتاسەری ووڵاتدا هەیبووە! 

ئەم ئەنجامانە ئەوەیان سەلماند كە پارتی دادو گەشەپێدان پێویستی بە خۆ نوێكردنەوە هەیە ، پێویستی بە گەشەدان بە ئەدایەكی باشترو سەركەوتووتر هەیە ، پێویستە ئەو پارتە بەدوای دەموچاو و خوێنی نوێوە بگەڕێ كە بتوانێ نوێنەرایەتی دیمەنی نوێی قۆناغی ئێستا و داهاتوو بكات! گومانی تێدا نیە هەر ئەم ڕاستیەش بوو كە ئەردۆغانی ناچاركرد بڵێ : پێویستمان بە ڕەخنە لەخۆگرتن هەیە. 

ئەنجامەكان هەرچۆنێك بن (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) وەك پاڵەوانی دیمەنی دیموكراسی توركیا دەمێنێتەوە ، ئەو پیاوەی ماوەی چارەكە سەدەیەكە ئەو وڵاتە بەڕێوەدەبات و توانیوییەتی لەگەڵ وڵاتەكەی خۆیدا ئەمین و ڕاستگۆ بێت و، ڕێزی لێ بگرێ و بیپارێزێ و بەهێزی بكات، ئەو توانی میراتی دەوڵەتی مەدەنیی بچەسپێنێ كە گەل تێیدا هەر خۆی فەرمانڕەوا بێت ، هەر خۆی بڕیاردەر بێت نەك عەسكەرو دەبابە و عەمامە ، ئەو توانی لەماوەی تەنها بیست ساڵدا شكۆیەكی سیاسیی و سەربازیی و ئابووریی و ستراتیژیی نزیك لە موعجیزە بۆ وڵاتەكەی بەدی بهێنێ. 


PM:05:21:02/04/2024

ئه‌م بابه‌ته 1008 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی