بۆ هاوڕێیانم ئەحمەد جۆڵا و ماهیر حەسەن

‌عەزیز ڕەئووف

بۆ هاوڕێیانم كاك ئەحمەد جۆڵا و كاك ماهیر حەسەن
دوای سڵاو
برادەران ئەمە دوو وەرزە بەڕاستی ئیشەكانتان زۆر لاوازە. پێش سێ ساڵ لەمەوبەر بە نوسینێك لەم لاوازییەی كارەكانتان ئاگادارم كردنەوە بەڵام پێدەچێ بە هەند وەرتان نەگرتبێت.

بەڕاستی ناكرێت بە جنێو خەڵكی بهێنیتە پێكەنین، لەم وەرزەدا جنێوی وا لە ئیشەكانتاندا بەدی دەكرێت كە مرۆڤ شەرم دەكات گوێی لێ بێت. گواستنەوەی قسەی سێكسی و جنێوی ناشرین سیمایەكی دیاری ئیشەكانی ئەم جارەتانە كە خێزانەكان شەرم دەكەن لە یەك ژوور و بەرامبەر یەك شاشە تەماشاتان بكەن.

 برادەران، ئێوە باشتر دەزانن كە كۆمیدیا بریتیە لە پەیام. هەست دەكەم ئەوە دوو وەرزە ئیشەكانی ئێوە هیچ پەیامێك ناگەیەنێت و من نازانم ئەم ئیشە كۆمیدیایانەی كە دەیكەن چ پەیامێكی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. هەست دەكەم نەبوونی نوسەری دەقی كۆمیدی و دەرهێنەری باش وایكردووە ئیشەكانی ئێوە لاواز بێت و ئەم لاوازییەش دووبارەبوونەوەیەكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. كارەكتەری "تەیب"   كە كاك ماهیر حەسەن ڕۆڵەكە دەبینێت هەر یەك دیمەنی وەرزی پێشوو گرنگی خۆی هەبوو، ئیدی وەردە وردە هەر دووبارەبوونەوەی مەشهەدەكانی پێشووە و هەمان گفتوگۆ بە تێكەڵەیەك لە جنێو و وشەی سێكسی وێنەیەكی تەواو بیتامتان بە ئیشەكانتان بەخشیوە كە بەجدی لە هەوڵ و توانا و شكۆی ئێوە ناوەشێتەوە بەم شێوەیە ئیشی بیتام و بێ ناوەرۆك دەرخواردی بینەرانتان بدەن.

بەدەنگی بەرز دەڵێم ئێوە دوو پیاوی جوانی ناو دنیای كۆمیدی ئێمەن، بەڵام بەڕاستی وەك سێ ساڵ پێش ئیستا بۆم نوسین كە ناكرێ ئیشی خراپ دەرخواردی بینەرەكانتان بدەن، دیارە بەگوێتان نەكردین و ئەمەش بێ دوودڵی دەڵێم لە شكۆ و ناوبانگ و كەسایەتی خۆتان كەم دەكەنەوە. بەڕاستی ئەگەر ئیشی جوانتان پێ ناكرێت با وێنەی ئێوە هەر لە بەرنامەی بەرنامە و كەشكۆڵ و ماڵەكەی مەعروفدا لە زاكیرەی ئێمەدا بمێنێتەوە نەك ئەم مەشهەدە لاوازانەی كە لە دوو وەرزی ڕابردوودا پێشكەشتان كردووە.

لەگەڵ ڕێزی براتان
عەزیز ڕەئووف


AM:09:50:18/05/2024

ئه‌م بابه‌ته 33212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی