بەخێربێن بۆ سەردەمێکی تر

‌عەزیز ڕەئووف

یەکەم: بەهەشت و دۆرزەخ نە لە شوێنی سەمادایە نە شوێنی باوەش. ئەوەی بەهەشتی دابەش کرد دۆزەخمان بۆ جێدەهێڵێ، ئەوەی بووە پۆلیسی ئەخلاق خەلەلێک لە ئەخلاقیدا هەیە. مرۆڤ دەتوانێ سەرزەمین یان بکات بە بەهەشت یان بە دۆزەخ.

بەهەشت و دۆزەخ لەخۆتدان، هەرخۆت و بەس.

دووەم: دەسەڵات هەموو پنتێکی داگیرکردووە، تاکی کورد یان دەبێ لەم نیشتیمانە هەڵبێ یان دەبێت لە جنیو و تەکفیردا خۆی خاڵی بکاتەوە. ستەمکار هیچی بۆ خەڵک نەهێشتۆتەوەوە خودا نەبێ، خودایش بە فۆرمی توندوتیژی.
کە خودا هی یەک گروپ بوو، خودا نیە، ڕەنگە شتێکی تر بێ.

سێیەم: کۆتایی مەلای نورانی و سەنگینە، سەردەمی گەنجی جنیودەر و توندڕەوە. ئایین لەدەستی مەلاکانیش دەرچووە. ئیدی شێخ محەمەدی خاڵ و مەلای گەورەی کۆیە نابینین، لەجێی ئەوان نەویەکی توندڕەو دەبینین ئایین بە توندڕەوی پیادە دەکەن.

ئایین لە توندڕەوی نەپارێزرێ، هەم خودا لەدەست دەدەین هەم مرۆڤ.

چوارەم: شیرازی کوڕەکەی هەڵدەسێنێ لەخەو بۆ نوێژی بەیانی و بەڕێوەن بەرەو مزگەوت. کوڕەکەی دەڵێ باوکە خۆ هەر من و تۆ هەستاوین بۆ نوێژ، شیرازیش دەڵێ: بمزانیایە تۆش زەمی خەڵک دەکەی هەڵمنەدەساندی.
 لە دنیای ئێمەدا ئەوەی شوێنی نمایش نەبوو ئایین بوو، ئاینیش نمایشکرا.

پێنجەم: حەسەن و حوسێنیان سەربڕیبوو، خەڵکی کوفە مناقەشەی ئەوەیان دەکرد خوێنی کێچ لەسەر جلەکانمان دەسنوێژ دەشکێنێ یان نا.

تورکان هاتن، سنوریان شکاند، باشور بیر لە شکانی دەسنوێژ دەکاتەوە.


PM:12:01:26/04/2021

ئه‌م بابه‌ته 1432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی