ئەمە قەیرانەکەیە

‌فلیپۆ گراندی

وەگێڕان/ وێستگەنیوز

من لە کانوونی دووەمی 2016دا بووم بە کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، لەو کاتەی کە توندوتیژی لە سوریا لەوپەڕی کڵپە سەندنیا بوو، ئەو ململانێیەی کە لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و تا ساڵێک لەمەوبەر کە ڕژێمی بەشار ئەسەد ڕووخا، بووە هۆی کوژرانی سەدان هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لەپێناوی ڕزگارکردنی ژیانیان هەڵاتن.

ئەم هاوینە لەسەر سنووری نێوان لوبنان و سوریا وەستابووم و گوێم لە دەنگی هۆڕنی بارهەڵگر و پاسەکان بوو، کە وەک ئاهەنگگێڕانێک خەڵکیان بۆ گوند و شارۆچکە و شارەکان دەگێڕایەوە، لە کانوونی یەکەمی ڕابردووەوە زیاتر لە ملیۆنێک سووری لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە. ئەگەر ئەم ئاشتییە فشەڵە بەردەوام بێت، کەسانی زیاتریش دەگەڕێنەوە.

پێویستە وانەکە ڕوون بێت: ژمارەی پەنابەرانی سووری بەهۆی سیاسەتە توندەکانی سنوور، بە هۆی تیمی پۆلیسی وشکانی یان دەریایی، یان گوتاری بێگانەپەرستی کەم نەبووەوە. ئەوان کەم بوونەوە چونکە دواجار شەڕ وەستا.

کەچی بەپێی ئەو کاردانەوانەی لە چەندین وڵاتدا دژی پەنابەران، داواکارانی مافی پەنابەری، کۆچبەران و لە هەندێک حاڵەتدا هەموو بێگانەکان دەبینرێت، وا دیارە ئەم وانەیە وەرنەگیراوە. لە جیاتی ئەوە، زۆرێک لە حکومەتەکان سنووری توندتر، پەرژینی بەرزتر، ڕێگری گەورەتر و بڕینی هاوکارییە دەرەکییەکان هەڵدەبژێرن.

لەکاتێکدا ئامادەکاری دەکەم بۆ دەستلەکارکێشانەوە دوای 10 ساڵ وەک کۆمیساری باڵای پەنابەران، نەک تەنها ململانێ و بارودۆخی نائاسایی دەبینم کە کاریگەرییان لەسەر هەموو ناوچەکانی جیهان هەیە، بەڵکو قەیرانی سەرکردایەتی جیهانی، شکستی خەیاڵ و هیوا دەبینم، پەرەسەندنی گوتاری پۆپۆلیستی دەبینم کە ئێمەی بەرامبەر بە نەهامەتییەکانی کەسانی دیکە بێهەست کردووە.

خەڵکی ئاسایی نیگەرانی ڕاستەقینەیان هەیە سەبارەت بە خراپ بەکارهێنانی سیستمەکانی پەنابەری، ئاسایشی سنوورەکانیان و توانای خزمەتگوزارییە گشتییەکانیان. مرۆڤ ناتوانێت ئەو نیگەرانییانە پشتگوێ بخات یان بە هەندی وەرینەگرێت. هەروەها ماندووبوون لە بەزەیی شتێکی سەیر نییە: قورسە مرۆڤ ئاگاداری هەموو قەیرانەکانی جیهان بێت کاتێک زۆریان بەبێ چارەسەر دەمێننەوە و قەیرانی نوێش سەرهەڵدەدەن.

بەڵام وا دیارە ئێمە لە پێشبڕکێیەکی خراپداین، کە تەنانەت سیاسییە میانڕەوەکانیش کێبڕکێ دەکەن بۆ ڕاگەیاندنی توندترین سیاسەتەکان لە جیاتی ئەوەی هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن. ئەم سیاسەتە توندانە خستنەبازاڕی ئاسانترە، وەک لە چارەسەرێکی ئاڵۆز، درێژخایەن و فرەلایەنەکان، بەڵام ئەوەی دووەمیان ئەنجامی کاریگەرتر بەرهەم دەهێنێت.

پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەبەرهێنان لە سیستمەکانی پەنابەریدا بکات، بۆ ئەوەی خێراتر، کاراتر و بەتواناتربن لە گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە هاوکاری نییە، حکومەتەکان ئەرکیانە کە کۆنترۆڵی سنوورەکانیان بکەن، بەڵام بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشیشیان لەسەر شانە بۆ پاراستنی ئەو کەسانەی کە بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان هەڵدێن. ئەمە بەرپرسیارێتییەکە کە زۆرێک لە دەوڵەتان بە ویستی خۆیان چەند ساڵێک دوای جەنگی جیهانی دووەم لەسەری ڕێککەوتن. بەرپرسیارێتییەک کە دەستوەردان لە سەروەری ناکات، بەڵکو دەربڕینێکە لە خودی سەروەری وڵاتەکان.

زۆر شتی تر هەیە کە دەبێت بکرێت جگە لە سەرنجخستنە سەر سنوورەکان. زیاتر لە 70 لەسەدی پەنابەران لە وڵاتانی خاوەن داهاتی مامناوەند و نزمدا دەژین، لەوانەش هەندێک لە هەژارترین نەتەوەکانی جیهان. ڕێژەیەکی کەم بەرەو وڵاتە دەوڵەمەندەکان دەڕۆن، ئەویش تەنها کاتێک کە هیچ جێگرەوەیەکیان نییە لەو شوێنەی لێین، سەرباری ئەوەی نە کار، نە قوتابخانە، نە هیواش هەیە. کەس نایەوێت ژیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە لەسەر بەلەمێکی پڕ خەڵک و کون کون، یان ڕێگایەکی بیابانی یان ڕێڕەوێکی دارستان، کە لەلایەن قاچاخچییەکان، گروپە چەکدارەکان و کۆمەڵێک مەترسی دیکەوە یەخەگیر دەبن.

پێویستە پشتگیرییەکی زۆر زیاتر پێشکەش بەو دەوڵەتانە بکەین، کە میوانداری پەنابەران دەکەن، بەتایبەتی ئەو دەوڵەتانەی کە سەرچاوەی کەمیان هەیە وەک چاد، ئۆگاندا، لوبنان، بەنگلادیش و ئەوانی تر. دڵنیابوون لەوەی کە ئەم وڵاتانە دەتوانن کار، پەروەردە، نیشتەجێبوون و مافەکانی تری پەنابەران دابین بکەن، ئەمەش بێبەرامبەر نییە، بەڵام وەبەرهێنانێکی باشە. هیوا و ڕادەیەک لە سەقامگیری بە پەنابەران دەبەخشێت. وایان لێدەکات ببنە بەشداربووی کۆمەڵایەتی و ئابووری. ئامادەیان دەکات بەو ئامرازانەی کە یارمەتیدەر دەبن لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکانیان کاتێک دەگەڕێنەوە ماڵەوە.

ئەم شێوازە ، کە تێیدا هاوکاری مرۆیی، گەشەپێدان و ئاشتیخوازی بەیەک دەگەن ، هێندەی ئەوەی پەیوەندی بە پرەنسیپەوە هەیە، پەیوەندی بە بەرژەوەندییەکی پراگماتییانەی خودیشەوە هەیە. جووڵەی بێسەروبەری ملیۆنان کەسی بێهیوا دەکرێت وەک کێشەیەکی تەناهی سەیر بکرێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو فشارەی کە لەسەر سنوورەکان دروستی دەکات. وە بە ڕاشکاوی، دەکرێت بە تێچوویەکی کەم چارەسەر بکرێت بە بەراورد بەو بڕە پارە زەبەلاحەی کە بۆ بەرگری خەرج دەکرێت.

من کاروانی پێشەیی و مرۆیی خۆم زیاتر لە 40 ساڵ لەمەوبەر لە کەمپی پەنابەران لەسەر سنووری تایلەند و کەمبۆدیا دەستپێکرد. لەو ساڵانەوە، لە قەیرانی پەنابەران لە ئەفغانستان، عێراق، ناوچەی دەریاچە گەورەکانی ئەفریقا، لەگەڵ پەنابەرانی فەلەستینی و زۆرێکی تر کارم کردووە. من ئازاری زۆر ناخۆشم بینیوە، بەڵام هەمیشە بەربەستێک هەبووە دژی نامرۆیی: کارمەندانی فریاگوزاری لە هێڵەکانی پێشەوە و کۆدەنگی نێودەوڵەتی بۆ پشتگیریکردن و پاراستنی ئەوانەی پێویستیان پێیەتی.

کاتی من لە کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی دێت، لەکاتێکدا ئاژانسەکە دەگاتە ٧٥ەمین ساڵیادی دامەزراندنی. تەمموزی داهاتوو، خودی ڕێککەوتننامەی پەنابەرانیش دەبێتە ٧٥ ساڵ. ڕەخنەگرانی دەڵێن ئەم بەردی بناغەیەی یاسای نێودەوڵەتی چیتر بۆ جیهانێکی گەشتی بەکۆمەڵ و ململانێی فرەجۆر گونجاو نییە. بەڵام ئەو بۆچونە هەڵەیە. خودی ڕێککەوتنانمەکە بە تەواوی بۆ جیهانێکی لەم شێوەیە گونجاوە ، باشترین گوزارشتی یاساییە بۆ پاراستنی ئەو کەسانەی کە لە چەوسانەوە، توندوتیژی و جەنگ هەڵدێن، کە بۆ چەندین سەدە ئەم بیروباوەڕە، لە هەموو نەریتە کولتوورییەکاندا چەسپاوە.

ئەمڕۆ نزیکەی 117 ملیۆن کەس ناچارکراون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن، یان بۆ ناوچە ئارامەکانی وڵاتەکەی خۆیان یان بۆ ئەودیو سنوورە نێودەوڵەتییەکان. بەڵام ئەو ئامرازانەی کە یارمەتییان دەدەن بۆ مانەوە، ئاوەدانکردنەوە و دواجار گەڕانەوە بۆ نیشتمانیان بوونیان هەیە. بەڵام تەنها ئەوەیە پێویستی بە کات، هاوکاری، متمانە و ئارەزووی وەبەرهێنان هەیە لە ئاشتیدا نەک لە جەنگدا.

فلیپۆ گراندی، کۆمیساری پێشووی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران.


سەرچاوە: نیویۆرک تایمز


PM:04:18:08/01/2026

ئه‌م بابه‌ته 732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی