سێگۆشەی خڕ، كوڕەكان

‌کاروان ئەنوەر

وتی بابڕۆین لە باخەكەی سیتەكم هەندێك گۆشت ببرژێنین، وتم من تاقەتی گۆشت برژاندنم نییە، وتی جا خۆ خۆمان گۆشت نابرژێنین.. وتم ئەی كێ؟ وتی: كوڕەكان!!

ئەم كوڕانە كوڕی هەمان دایك و باوك نین و لەڕووی بایۆلۆجییەوە هیچ كرۆمۆسۆم و (DNA) هاوبەشیان نییە، بەڵام بەناوی كوڕەكانەوە بانگیان دەكەن و هەندێكیان ئەوەندە تێكەڵ دەبن، وەك تاكێكی خێزانیان لێدێت، وتم با هەر شتێك لەسەر ئەم خەڵكانە بزانن.

وتم كوڕەكان كێن؟ وتی مەبەستم ئەم پاسەوانانەی خۆمە، وتم جا ئەو پاسەوانانە دانراون تا بتانپارێزن لە دوژمن و درۆن و ژەهرخواردكردن و خۆیان بدەنە بەر گوللەی ئاڕاستەكراو بۆ تۆ؟ یان گۆشتیان پێ دەبرژێنیت؟
بەگاڵتەجاڕییەوە، تۆ دەتەوێت یاسای ئەم مەملەكەتە بگۆڕیت، بەڵام پێت ناگۆڕێت، چونكە ئەم كوڕانە مووچەیەكی پوخت و سفت و جوان وەردەگرن و ئیشوكاریان نییە، من باخەوانیشیان پێدەكەم و گۆشتیشیان پێ دەبرژێنم، لەوە باشترە وەك (دابەستە) بەخێویان بكەم.

ئەمە دەمەتەقێیەكی نێوان من و برادەرێكی بەرپرس بوو، كە چەند پاسەوانێكی گەنجیان بۆ داناوە، بەڵام هەندێكجار كاری چێشتخانە و بازاڕكردن و مەزەسازی و ئاوگرتن و ئاودانی باخ و گۆشت برژاندن و بەخێوكردنی سەگ و بولبول و ئاژەڵی ماڵیی ناو باخەكەی باوكیان دەكەن، هەندێكجار بۆ هەڕەشە پێكردنیش بەكاریان دەهێنن، جارجاریش بۆ شەق وەشاندن، من ناوی كوڕەكان لەم پاسەوانانە دەنێم، بەڵام لە راستیشدا نە پاسەوانن نە پێشمەرگە نە پۆلیس، تەنها ناوی كوڕەكان لەم توێژە دەنێم، كە ئێستا زۆر بە وردی سەیری كار و بەرهەم و ئیشەكانیان دەكەم، بەشی یەكەمیان قەدەر لەو شوێنەدا دایناون، نە گوناهیان هەیە نە تاوان، سەرباری ئەوەی كە بەو مووچەیە ماڵ و منداڵی خۆیان بەخێو دەكەن، خەڵكی كاسب و دڵسۆزن خوا یارمەتیدەریانە، جۆری دووەمیان، بەشێکیان لە بەرپرسەكان زیاتر ناسراون و دەبێت بۆ گەیشتن بە كاكەكان، ناسیاوی و ئاشنایەتیت لەگەڵ یەكێك لە كوڕەكان هەبێت، ئەم جۆرە كەسانە لەم سیستمە فیوداڵیەدا زوو خۆیان دەوڵەمەند دەكەن و پێدەگەن، هەندێكیان دۆخەكەیان پێ هەرس ناكرێت و زوو لە یاریەكە دەردەچن، هەشیانە زیاتر لە 50 ساڵ هەر بە رەگەزی كوڕەكە دەمێنێتەوە و تا لێواری گۆڕ وشەی (نا) بە زمانیدا نایەت، ئەمانەی جۆری دووەمیان خۆیان شانازیی بە (سەگ) بوونی خۆیانەوە دەكەن و دەڵێن ئێمە سەگی بەرقاپی ماڵی فڵان و پیاوی فڵان و بنەماڵەی كاك هینین!!

شیكاری دەروونی بۆ جۆری دووەم، ئەم جۆرە لە مرۆڤ ناچن و هەموو بیركردنەوە و فیكر و ژیانیان لەپێناو پاسكردن و خزمەتكردنی خاوەنەكانیاندا دەبەنەسەر، گەر (خاوەن) فەرمان بكات بڵێ بڕۆ سەر تیڤی وا بڵێ و وا مەڵێ یەكسەر بە (ئەمرەكەی قوربان، ئۆكەی، فرمایشتە ئەزبەنی، ئەمری جەنابتە)، كارەكە دەكەن، گەر فەرمانی كوشتنی پیاوێك لەناو ژن و منداڵەكانیدا بەدەستیان بگات، بەبێ بیركردنەوە جەستەی ئەم باوكە سارد دەكەنەوە و شەڵاڵی خوێنی دەكەن و ناپرسن بۆچی؟

ئەم كوڕەی، هەر بە توتكەیی لە سێبەری ماڵە باواندا وەك كوڕی خۆیان بەخێویان كرد، كوڕی بایۆلۆجی دایك و باوكیان نییە، بەڵام برای شەرعی تاوان و دزی و كوشتن و شەق وەشاندن و هەڕەشە و سوێندی درۆ و پینە و پەڕۆی كون و شەبەق و درزەكانن، هەندێك جاریش لە بری ئاغا و ئەزبەنی، ئەمان زیندانیكردن و لەسێدارەدان و بەشكردنی تف و لەعنەتەكە وەردەگرن و چەند ساڵێك لەبری ئاغاكانیان زیندانی دەكرێن، خۆ ئەگەر مۆخی ئێسك و گورچیلەشیان بۆ ئاغاكان و خێزانەكانیان ببوایە، ئــەوا پێــیان دەبـــەخشـین، بەڵام بەداخەوە، چــونكە برا و كوڕ و باوكی بایۆلۆجییان نین، ناتوانن ئەم كارە بگەیەننە مەنزڵ...
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.


PM:01:25:17/11/2025

ئه‌م بابه‌ته 184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی