وێستگەنیوز 10 ساڵی تێپەڕاند
سیروان غەریب
10_ی ئەیلوولی 2015، دەزگای میدیایی وێستگەنیوز، بە دروشمی "بڵاوکردنەوەی هەواڵ وەکخۆی" لە سەرجەم پلاتفۆرمەکانی دەزگاکەوە، دەستی بە کارەکانی کرد.
لەسەرەتادا دامەزراوەکە بەسوپاسێکی زۆرەوە لەلایەن "کۆمپانیای نالیا"-ەوە سپۆنسەر دەکرا، پاش تێپەڕبوونی ساڵێک و کاتێک بەڕێز (شاسوار عەبدولواحید)، سەرۆکی پێشووی کۆمپانیاکە ڕووەو گۆڕەپانی سیاسی وردە وردە هەنگاوی نا، ئیدی ئێمەش لەپێناو سەربەخۆبوون و تێکەڵنەکردنی کارنامەی میدیاکەمان بە ململانێ سیاسییەکان، بڕیاری کۆتاییهێنانمان بە پەیوەستنامەیی نێوانمان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە هێنا، بەڵام دەرگاشمان بۆ سەرجەم کۆمپانیاکانی دیکە کردەوە. لە ئێستادا، کۆمپانیا گەورەکانی وەک: ئاسیاسێڵ و مایۆرکا ، ڕۆژی نوێ ، ئێم جەی تاوەرس، سپۆنسەری وێستگەنیوز دەکەن .
ستافی وێستگەنیوز، لە 10ساڵی کارکردنیدا، چاودێری ڕووماڵکردنی ڕووداوگەلی سیاسی، ئەمنی و سەربازی گەورەی هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکوک بووە. هەر لە دروستبوونی "بزووتنەوەی نەخێر"-ەوە بیگرە تا ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان و هەروەها ڕووداوەکانی 16-ی ئۆکتۆبەر، ئەمە سەرباری ئەنجامدانی سێ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئەنجومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی هەرێم. لە لایەکی ترەوە، ڕووداوە سیاسییە نێوخۆییەکانی وەک: هەشتی تەمووز، 22-ی ئاب تاقیکردنەوەی کرداریی بوون بۆ هێنانی نمرەیی گەیشتن بە پلەی پیشەییوون یان ناپیشەیبوونی وێستگەنیوز. ئێمە خۆمان هیچ نمرەیەک دانانێین و لافی هیچ دەستەواژەیەکیش وەک: سەربەخۆین ، بێ لایەنین، پیشەیین، هاوسەنگین لێ نادەین کە بۆتە دروشمی میدیاکانی دیکە، ئەوە ئێوەی خوێنەر و بینەرن بڕیار دەدەن ئێمە لەکام پۆلین، ئەوە ئێوەن پلە و ئاستی وێستگەنیوز لە سفر تا 10 دەخەنە سەر دەرچووننامەیی کارەکانی .
ئەمڕۆ کە یادی 10 ساڵەی دامەزراندنی وێستەگەنیوز دەکەینەوە، ڕەوشی ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی خراپدایە، ڕۆژنامەنووسان چاوترسین کراون جا هەر لە هەڕەشەلێکردنەوە تا کەلوپەل شکاندن و حوکمدانییان لە زیندانەکاندا، لە لایەکی ترییشەوە بەشێکیان ڕۆتینانتی هاتوچۆی پۆلیس و دادگاکان بڕستی لێبڕیون. جگە لەمەش ئازادی ڕووماڵی ڕووداوەکان و خۆپیشاندانەکان لەپاشەکشێیەکی گەورەدایە و گەڕاوینەتەوە خاڵێک کە کامێرای ڕۆژنامەوانان وەک پلانگێڕیی و ڕۆژنامەنووس وەک نەیار لەکاتی ڕووداوەکاندا تەماشا دەکرێت.
هەموو ئەمانە دۆخێکی ترسناکی بۆ پیشەی میدیا لە هەرێمی کوردستان دروستکردووە، بۆیە لەم یادەدا، وێستگەنیوز داوا لە میدیاکان دەکات بەجیاوازی بیرکردنەوەیان دژی ئەم دۆخە بوەستنەوە نەبن بە بەشێک لە بەرتەسککردنەوەی ئازادییە ڕۆژنامەوانییەکان و پاڵپشتی هاوکار و هاوپیشەکانییان بن، فشار بکەن لەپێناو پاشەکشەنەکردن و بەرگریکردن لەو دەستکەوتانەی لەڕێگەی خەباتی مەدەنییانەی ڕێکخراوەکانی بواری بەرگری لە ڕۆژنامەوانان و میدیای ئازاد بەدیهاتوون.
PM:04:37:11/09/2025
ئهم بابهته 1280
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی