کورد نابێ پشتگیری بەلاشی ئیسڕائیل بکات.

‌ئاسۆ عەبدوللـەتیف

بەڵێ وەک قەتەر، پارە بدەو دەوڵەت دروستبکەو دەوڵەتیش بیپارێزە!

کورد ژێرخان و سەرخان و نەوت و سامانەکەشی دەبەن، هەڕەشەی سڕینەوەی ئەتنی و نەتەوەیی و جڤاکیی لەسەرە، دەیان ساڵە پشتگیری دەوڵەتانی وەک ئیسڕائیل و ئەمریکاو ڕۆژئاواییەکانیش دەکاو بەرگێک نییە خۆی پێ داپۆشێ و بیپارێزێ لە تۆفان، دەی ئەوە کەی سیاسەتە کورد هەیەتی، بەحساب ئیسڕائیل و فەرەنساو ئەمریکاو جیهانی سەرمایەداریی کریستیان و جوو دۆستی کوردن کەچی هێشتا بێ دەوڵەتەو هەڕەشەی لەسەرە.

کورد تەنها لە دروشمەکانیدا سەربەخۆخوازە، لەجەوهەردا بڕیاری نەداوە ئازادو سەربەخۆبێ، وەک زیهنیەت و گوتاری نەتەوەیی و جڤاکیی هیچ ئامادەسازییەکی بۆ ئەو دۆخە نیەو باوەڕی بەو لەتە نانە هەیە کە ئێستا عێراق بۆی دەنێرێ و ڕەحمی پێ ئەکا، دەی ئەوە کەی سیاسەتە کورد هەیەتی.

 کورد وەک ناسیۆنالیزمێکی شوانکارە هەشتاساڵە خەون بە گوتاری سەرکەوتنی ئیسڕائیلیەکانەوە دەبینێ و پشتگیری کردوەو دەیکاو قوربانیشیی بۆ داوە، خۆمان لێ بۆتە هێرتزل و بن گۆریۆن و شارۆن و ئیسحاق مۆردخای، بەبێ ئەوەی سودێکی هەبێ و هیچمان نەبینی لەو پشتگیری و ڕۆمانسیەتە بەلاشە بۆ ئیسڕائیل، یانی تاکەی هیچ دەوڵەتێک نییە پشتی کورد بگرێ بۆ دەوڵەتۆچکەیەکی خۆی.

پشتگیریی لەگوتاری ئیسڕائیلی و میتۆدەکانی دەوڵەتی تەوراتی دینی عیبریی بۆ کورد هەڵەی مەنهەجیی و فیکرییە، بۆچی هەڵەیە لەبەرئەوەی بنەمای نیەو شتێکی مێژویی و دیرۆکی و سۆزدارانەیە، ئەگەر لە ڕووی کۆمەڵناسیەوە سەیری بکەین گشت ئەو پشتگیریانەی کورد هەژاری و داماوی و برینداریی لێ ئەتکێ کە ئاوا لەڕوی سایکۆلۆژیەوە لاوازو وابەستەی ئەو مێژوەیە ئەوە دۆخی سایکۆپاتێکی مەترسیدارە بۆ نەوەی تازەشمان، کورد یان خەوتوە یان بارمتەیە بەدەست دۆست و نەیارو کاراکتەرە بەهێزەکانەوە دەی ئەوە کەی سیاسەتە.


AM:11:44:10/09/2025

ئه‌م بابه‌ته 1392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی