کۆدەکانی هێرشەکەی سەر دەوحە
شوان عەباس بەدری
هێرشەکەی ئەمرۆی فرۆکە و درونە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر بۆ خەڵکە عەوامەکەو زۆربەی نوخبەکە چاوەڕواننەکراو و شۆکهێنەر بوو، بەڵام بۆ ئەوانەی کە بە ڕاستی سیاسی و سیاسەتناس و شارەزای کۆڵان و لاکۆڵانەکانی کەناڵی دیبلۆماسی و سیاسەت و جەنگ و مانەوەن، هێرشەکە هێرشێکی چاوەڕوانکراو و بگرە ئاساییش بوو، بە تایبەتیش لەناو مێژووی سیاسی و دیبلۆماسی و جەنگی زۆربەی وڵاتان ئەو جۆرە هێرشانە نەک جارێک بگرە چەند جارێک ئەنجام دراون، بەتایبەتیش ئەو کاتەی بەرژەوەندی زلهێزەکان دێتە ناو یارییەکەوە، ئەوا هەموو دەرگاکان و ڕێگەکان کراوەن.
هەر بە سادەیی و بە کوردی و کورتی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر، پەیامێکی شاراوەی ئابووری و سیاسی و سەربازی ئەمریکا بوو بۆ قەتەر و بەتایبەتیش کە لەماوەکانی ڕابردوودا ئەمریکا داوای ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی بەرگری هاوبەشی لە قەتەرکردبوو و لەناو ڕێککەوتنەکەش سیادەی قەتەری لەدوای دواوەی بابەتەکە بوو و هەربۆیە قەتەر ئامادەی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکە نەبوو.
بەتایبەتیش کە لەدوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر قەتەر، هەندێک لێپرسراوی بلەباڵای قەتەری ئەمریکایان بە غەدرکردن و درۆ لەپێش هێرشەکە و دوای هێرشەکە تۆمەتبار کرد.
لەلایەکی ترەوە هێرشەکە نامەیەکی ئاگراوی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل بوو بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە کە کەس بە وەهمی سیادە و سەربەخۆیی خۆی فریونەدات و چەپۆکی سەربازی و جەنگی جوولەکە بە پشتیوانی گلۆپی سەوزی ئەمریکا و هەندێک وڵاتی ئەوروپی، لەکات و شوێنی گونجاو ئەگاتە هەموو وڵاتەکانی ناوچەکە بە بێ جیاوازی.
هەڵبەت بە خوێندنەوەمان بۆ ڕووداوەکان و ڕێڕەوی پێشهاتەکان و مێژووی ڕێککەوتنە شاراوەکانی پشت پەردەوە ئەبێ ئەوەش بڵەین، ئەو هێرشە لەگەڵ هەموو هاش و هووشی لێپرسراوانی قەتەر بەڵام دوو خاڵی ئەرێنی تێدایە کە بریتین لە، قەتەر ناتوانێت گیانی سەرکردەکانی حەماس لە بورکانی تووڕەیی ئیسرائیل بپارێزێت و ڕەنگە لە داهاتوودا هەر بە ڕێککەوتنی ئەمنی ژمارەیەک سەرکردەی باڵای حەماس بکوژرێن و قەتەریش لەو چالاکیانە بە قوربانی پیشان بدرێت، هەروەها ئەو هێرشە دەستی قەتەری کردەوە تاوەکوو داوا لە سەرکردەکانی حەماس بکات خاکەکەی بەرەو وڵاتێکی تر جێبێڵن و گلەییشی نەیەتە سەر.
دێڕی کۆتایی ئەم نووسینەش بریتییە لە، ڕووداوەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 یەکەم هەنگاوی دروستکردنی ئیسرائیلی گەورە بوو و لەو ساڵەوە هەتاوەکوو ئێستا تووڕەییە ئاگراوییە سەربازییەکەی ئیسرائیل لە ژێر ناوی تۆڵە و بەرگری لەخود، وەک باگردێنێک چواردەوری خۆی پانکردۆتەوە، هەروەک پەرچەکردارە تووندەکەی ئەمریکای دوای هێرشەکەی یانزەی سێپتەمبەر !
AM:09:37:10/09/2025
ئهم بابهته 872
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی